ئاوات پووری

پێشکەشە بە “ماکوان دینۆ”، کە وەکو مشکێکی زامار کونجی دیواری زیندانەکەی کرماند

ئەمانە نانووسم کە سەرتان سووڕ بمێنێت یان بەزەییتان پێمدا بێتەوە یان ڕقتان هەستێنم یان پەردە لەسەر ڕق و قینم لادەم یان ببمە نموونەی دۆخێکی ئوردووگایی لە مەیان ‌نەوتی کرماشان یان تەنانەت چاو و گوێتان بکەمەوە یان پۆزی بەرخۆدانم لێ‌دەم یان ببمە سەرمەشق بۆ ئەو کەسانەی گیر دەخۆن یان بازجووەکانتان پێ‌بناسێنم و دەردەکانم بەش‌کەم لەگەڵتان و ئازارەکانم تف‌کەمەوە ناو چاوانتان و بێژم پێتان، هەی تف لە ڕووتان ئەی خەڵکی پێنەزان! نا، ئەمانە هەموو کلیشەن. تەنانەت بەنیازیش نیم، پەیامی ئیمان بنێرم لە دەربیجەی کولێری زیندانە نیومەترلە نیومەترییەکەمەوە، کە جگە لە کامێرا و تیشکە ساف و لووسەکان و هاتوهاواری تۆمارکراوی ئەشکەنجەکراوان و تەجاوزپێکراوان هیچ فوویەکی دیکەی پێدا نایەت و ناڕوات، نە سارد و نە گەرم. نا! من نە خوام هەیە و نە هیچ ئیمانێکم لێ هەڵ‌ئەقوڵێ، من جادووگەر نیم، قارەمانیش نیم، قوربانییش نیم و ڕێگا بە کەس نادەم بەزەیی بەو نینۆکانەمدا بێتەوە کە بە سەرنج و وەسواسەوە لەسەر پەنجەکانم بە گاز دەریان کێشا. هیچیش تامەزرۆی بیستنی دەربڕینی هاوخەمیتان نیم. پێشم عەیب نیە بێژم وەکوو مشکێکی زامار بەو پەنجانەوەی نینۆکەکانیان لەسەر مێزی حاجی لێ بەجێماوە، تەقەلام دەکرد تەڵاشێک لە سمیتی دیواری زیندانەکەم هەڵکەنم و دەماری دەستمی پێ ببڕم، هاڵبەت هەڵیشمکەند، بەڵام پێستم ئەستوور بوو. پێستم ئەستوور بوو یان خوێنم تێدا نەمابوو. هەرچی بوو نەکرا! شەرمیش ناکەم لەوەی بێژم هەر بەو لەتەسمیتەوە دەمویست دیواری زیندانەکەم کون کەم و لێوەی دەرپەڕمە دەرەوە و پاشان دیواری دواتر بە لەتەسمیتێکی گەورەتر و هەر ئاوا بڕۆم تا دەگەمە شوێنێک، کە ناویان ناوە شار و زیندانێکی گەورەترە بۆ من کە لەو چیا و شاخانەدا گەورە بووم.

منەتی ئەوەندەشم نیە کە خوێن و پلاسماکەیم بەخۆڕایی دەنا بەردەم چزووی مێشوولەیەک، کە دوو ڕۆژ زیاتر نەژیا و کەلاکەکەشی زیاتر لە ڕۆژێک نەمایەوە و بۆ هەمیشە ون بوو. من مامۆستای ئەخلاقی کەس نیم، دەرسی عیبرەتیش هەروا. ئەمانە دەنووسم تەنیا لەبەر ئەوەی بۆ جارێکیش بێت هەموو ئەو بیرەوەرییانە لەبیر بەمەوە. سات بەسات و خاڵ بە خاڵی ئەو چەند ساڵە کوشندەیە لەبیر بەمەوە و بە ئێوەی خوێنەری ئیحتیمالی ئەم ڕاپۆرتانەش تەنێ تەوسیەیەکم هەیە، کە هیچ لەمانەی دەیاننووسم نەخوێننەوە. دەتوانن گاڵتەتان پێم بێت و ئیمانتان هەبێت بە توانای لەبیربردنەوەتان، بەڵام من ئیمانم بە هیچ نیە، خۆتان و خوای خۆتان.

یەک:

پێش هەر شتێ دەبێت دان بەوەدا نێم کە ئەگەر تەنیا چەند دەقە پێش ئەوەی بگەنە سەرم، شوێنەکەم بگۆڕیبایە و بچوومایە بەرەو شوێنێکی تر، قەت هیچ کام لەو کارەساتانەم بەسەردا نەدەهات. ماوەیەکە، واتە چەند مانگێکە، لە شوێنی خۆم ناژیم، ئێمە باوەڕمان بە سنوورەکانی پەیماننامەی سایکس-پیکۆ نییە و مەبەستم لە شوێنی خۆم، جیاوازە لە هەموو ئەو شتانەی لە مێشکە پووچەڵەکانتاندا کەڵەکەکراوە. شوێنی خۆم واتە ئەو شوێنەی دەبێ لەوێ بم و ئەگەریش بمەوێ تۆزێک ڕێز لەو باوەڕانە بگرم کە ئالوودەى پەیماننامەکانتان بووە، دەڵێم، ماوەیەکە لەو وڵاتەدا ناژیم کە تێیدا لەدایک بووم. تەنانەت زمانی خەڵکی ئێرەش باش نازانم، لەهجەم هەیە. کاتێک بە سۆرانی قسە دەکەم ڕێک وەک ئەو ئەفغانانە وام کە بەفارسیی ئێرانییەکان دەدوێن. هیچیش لە فارسی نازانم، لەبەر ئەوەش هەموو ڕۆژێک ڕۆژنامە دەکڕم و هەوڵ دەدەم بە پرسیارکردن بە زمانێک، کە بە باشی قسەی پێ ناکەم فێری فارسییەک بم، کە بەقەد حەمەئاشەوانی لێ تێناگەم. بەیانیان زوو لە خەو هەڵدەستم و پەتووە پاکژەکەم کە هەموو حەفتان دەیشۆم ڕێکوپێک کۆ دەکەمەوە و دایدەنێمە کونجی قاوەخانەکە و بەر لەوەی دەڕابەی قاوەخانەکە هەڵدرێتەوە دەڕۆمە دەرەوە، قاچێک بە هەندێلی ماتۆڕەکەمدا دەنێم و بە چەند زیگزاکێکی خێرا لە دەکەیەکی مەیدانی سەرەکی شار ڕۆژنامەیەک دەکڕم، دەیخەمە ناو جانتاکەمەوە و لەپشت ماتۆڕەکەوە دایدەنێم و پاشان بە ئاسوودەییەوە دەست دەنێم بە گازی ماتۆڕەکەوە تا دەگەمە ئەو پارکەی هەموو ڕۆژێ دەچم. چایەک دەخۆمەوە و دەست دەکەم بە خوێندنەوە و نووسینەوەی چەند تیتر لە ڕۆژنامەکە. تیترەکان وا هەڵدەبژێرم کە کەمترین وشەی دووبارەیان تێدابێت. بەس وشەی ئێعدامە کە دووبارەبوونەوەکەی لەبەرچاو ناگرم. لە سەدا پەنجای هەموو ئەو تیترانەی ئەیان‌نووسمەوە وشەی ئێعدامیان تێدایە. یەک لەوان ئەمەیە، “ڕاگەیەندراوی زەهرا ڕەهنەوەرد بۆ مەحکوم‌کردنی ئێعدامی فەرزاد کەمانگەر”. من هیچ لەم تیترە تێناگەم، لەو دوو ناوەی تێشیدایە، یەکیان ماوەیەکە زۆری دەبیستم و ئەوەکەی دیکەشیان ئەفسانەی ژیانمە. لەم نێوانەدا هیچ تێناگەم چی ئەم دوو ناوەی گرێداوە بە یەکەوە، ئەویش لە ڕۆژنامەیەکدا کە لە تاران بڵاو دەبێتەوە و دەبێت هەزار جۆرە فیلتەر تێپەڕ بکات بۆ ئەوەی بگاتە دەستی یەکێکی وەک من. دەبێ ئەمڕۆ یەکێ بدۆزمەوە و هەموو ئەم ستوونەی پێ بخوێنمەوە. زۆر سەخت نیە، بەس ئەوەندەی دەوێت کەمێک دەست لە سازەکەم وەردەم، ئەوکات هەر کەسێ زیاترین سەرنجی هەبوو بانگی دەکەم و داوای لێ دەکەم بۆم وەرگێڕێت، پاشان گۆرانی “کینە ئەم؟ کینە ئەم؟”ـی بۆ دەڵێمەوە بە ئارەزووی خۆی، کاتم کەمە، چون دەبێت پاشنیوەڕۆ بچمەوە قاوەخانەکە و لەوێش ساز لێ بدەم بۆ ئەوەی شوێنی خەوەکەم لە کیس نەچێت، سازەکەم کۆک دەکەم، ئامادەم. دەستکەم بە لێدان، کە مۆبایلەکەم زەنگ لێ دەدات. قاوەچییەکەیە. دەڵێت خێرا خۆت بێسەروشوێن ‌کە، چونکە چەند کەس بە دواتدا هاتوون. بە جدی وەری ناگرم، چونکە ئەم قسانەی برامان برایی و کیسەمان جیاییم زۆر لێ‌بیستووە و لام ئەوەندەی تاکەوشێکیش بەهایان نییە. دەزانم کوێی دێشێت، دەزانم ئەگەر ئەمڕۆ باش کارکەم دنیایەک پارەم دەست دەکەوێت و دەتوانم هەموو پارەکە بخەمە نێو گەروویەوە و دەمی پێ داخەم. دەڵێم باشە، باشە و دایدەخەمەوە. خەریکی ساز لێدانم. چەند کەس، کە هەموو چاکەت و پانتۆڵی ڕەشیان لەبەردایە، لە دەورم کۆبوونەوە، بە سەرنجەوە گوێ دەگرن و من لە هەوای سازلێدانی خۆم دام. گۆرانی یەکەمم تەواو دەکەم و یەک لە هەموویان نێرەکەرتر دێتە پێشەوە و دەڵێت، ببەخشە! تۆ فڵانیت؟ تێدەگەم باسی چی دەکات. کەس لە ئێران بەم ناوە بانگم ناکات. ئەمە ناوی شوێنێکی‌ترمە. بە ورەیەکەوە، کە سوارە لەسەر دەریایەکی دڵەڕاوکە، دەڵێم نا و سەرم دادەنەوێنمەوە سەر سازەکەم و خۆمی پێوە خەریک دەکەم. دڵەڕاوکێمە، ئەگەر هەر ئێستا هەستم و بڕۆم پێم دەزانن و دەمگرن و دەمبەن. دەست بە لێدان و وتنەوەی دووەم گۆرانی دەکەم کە دووەمیان دێتە پێشەوە و دەڵێت بەڕێز فڵانی دەبێ لەگەڵمان بێیت. ئەم جارە هەر ئەو ناوەی وت کە هەموو لێرە پێی بانگم دەکەن. ڕووی نادەمێ و خۆم بە سازەکەمەوە خەریک دەکەم، سێیەمیان بە ئەنیشکی دەدا لە پشتی سەرم و پڕژوبڵاوم دەکاتە سەر ئەرز. سەرم گێژ دەخوا و چاوم ڕێشکە و پێشکە دەکا. دوو کەس دوو قۆڵیان گرتووم و ڕاکێش ڕاکێش دەمبەن. ئەگەر بمەوێت خۆم گێل کەم دەڵێم، نازانم بۆ کوێم دەبەن. بەڵام دەزانم بۆ کوێم دەبەن. باش دەزانم دەزانم بۆ کوێم دەبەن.

دوو:

تا ئاگام دێتەوە سەرخۆم تێدەگەم لە ماشێنێک دام بێ‌ساز و بێ‌ماتۆڕ، دووان لەمبەروبەرمەوە دانیشتوون، وێڕای ئەوەی چاوم کردۆتەوە هیچ کوێ نابینم. کەلەپچەیان کردووم و سەریان ناومەتە ناو دەلقێکی بۆگەنەوە، جووڵەیەک دەکەم و یەکێک بە هەموو هێزییەوە پشتەملم دەگرێت و پاڵی پێوە دەنێت بەرەو خوار و دەڵێت، مەجووڵێ قەحبەدایک! منیش ئیتر ناجووڵێم، باش تێدەگەم گیرم خواردووە. دەرفەتێکی کەمم لەبەردەستە بۆ ڕێک‌وپێک‌کردنەوەی زەینم تا بەس باس لەو شتانە بکەم کە خۆیان دەیزانن و ئینکاری لە هەموو ئەوانە بکەم وا نایزانن. دەزانم ئێرە ئیتر مۆڵەتی ڕزگاربوونی تێدا نییە. ئەوانەی خەڵکی ئەم وڵاتەن و بە یاسایی هاوکارییان کردووین زیندوو لە دەستی ئەمانە دەرنەچوون، چ بگا بە من کە هەروا سەرم پێوە ناوە و بە سازێکەوە خۆم کردووە بە وڵاتێکدا کە تەنیا کاردانەوەی بەرانبەر ئێمەمانان پەتە و تیرۆر و گولـلەباران. من سازژەنێکی بەڕەڵڵام، هەر بە دەم سازلێدانەوە حەواسم نەما و بازم دا ئەمدیوی سنوور و لەو سەرەوە شاربەشار هاتمە خوارەوە تا خۆم گەیاندە ئێرە. لەو کاتەشەوە سازم لێداوە و سازم لێداوە و دەستم ناوە بە گازی ماتۆڕەکەمەوە و هیچی تر. ئێستا چیتان دەوێت؟ دەتانەوێت چیم لێ بکەن؟ بمکوژن؟ فەرموون ڕزگارم‌کەن. نازانم باسی چی دەکەن. لە زمانەکەتان تێناگەم. بە کوردیی قسە بکەن، بە کوردییش بە شێنەیی قسە بکەن، تکایە. جنێوەکان ناڵێم. بە جنێوەکان گولـلەبارانم‌کەن گەورەم! بەس مەبەستم پرسیارەکانتانە، بە شێنەیی بیانپرسن لەدەورتان گەڕێم. لانیکەم دەرفەتم‌ دەنێ تێبگەم باسی چی دەکەن. نەخێر، نازانم، نازانم باسی چی دەکەن. چەک؟ تێناگەم! کامە چەک؟ من چەکم نییە. فڵانی؟ نایناسم. لەم شارەدا یەک کەس دەناسم، ئەویش ناونیشانەکەمی بەخۆڕایی داوەتە خزمەتتان گەورەم. ئەوەی حەزتان لێیەتی بیهێنن. هەتاهەتایە لێرە ڕامگرن. بەلامەوە گرنگ نییە. لووتم خوێنی لێ دێت. تازە ئەوەڵیەتی؟ بەڵێ دەزانم، ئاگام لە چییە جارێ! حەتمەن دەگەمە قۆناغەکانى‌تریش. من ئەم قۆناغانە تێپەڕ دەکەم و ئێوە یەکە یەکە دەگۆڕێن. هاها هاها! ڕاست دەکەم بەڕێزم! ئاخ. کەلەکەی لای ڕاستم دەنگی دەندەی وردبووی لێوە دێت، خۆ کەڕ نیم، کەڕیش دەکرێم؟ فەرموون. ڕیش و قەیچی بە دەست ئێوەیە. من تێناگەم. دەمم بۆنی بنی پۆتینی لێ دێت. بەڵام لووتم قرچەی ئێسکانی شکاوی لێ نایەت. بۆچی؟ ڕەنگە کەڕ بووبێتم. باشتر. هەموو ئەندامی جەستەم لەکارخەن. زمانم تامی خوێن دەدا و ئیتر بۆنی پۆتینی تێدا نەماوە. دڵنیام کەڕیش بووم. باشتر. وابزانم لووتیشم بۆ هەتاهەتایە گیراوە. ئیتر نە دەنگی دەندەی شکاو دێت و نە بۆنی پۆتین و نە دەنگی ئێسکانی شکاوی لووت، بەڵام تا خوا حەز کات هەموو شت تامی خوێن دەدا. تەنانەت کاتێک دەموچاوم بە سمیتی ژوورەکەشەوە دەنووسێت، تەنانەت ئەو کاتانەش دیسان تامی خوێن دەدات. خوێنم لێ بگرن. بیدەن بە نەخۆشخانەکان هاها هاها. گەمژانە وا دەزانن گیانم بۆ تێهەڵدان دەخورێت. هیچ کوێم ناخورێت، نە دەخورێت و نە دەش‌ئێشێت. بەس تامی خوێن دەدەم. ببوورن گەورەم! ناتانەوێت زمانم ببڕن؟ هاها هاها. بیبەن. ڕاکێش ڕاکێش ڕامدەکێشن و دەمبەن. ئەگەر چاوم هێشتا توانای بینینی بمایە دەمتوانی شوێنەواری خوێنەکە ببینم کە بە دواماندا ڕادەکێشرێت. نابینم، بەڵام هێشتا مێشکم کار دەکات. کەوایە هەموو خوێنەکانیش دەبینم. شڵـــــپ. لە ناوەڕاستی ژوورەکەدا گرمۆڵە بوومەوە. نەک لە ئێشدا نەتوانم ڕاکشێم. نا، دەتوانم. بەس جێگام نابێتەوە. گرمۆڵە بووم، جێم نابێتەوە. وابزانم خەوم دێت، خواحافیز ئەی پاشنیوەڕۆی تاریکی دڵتەنگم. من دەبێ بخەوم. باش دەزانم ئەگەر تۆزێکی ترم وزە تێدا بمایە نەمدەهێشت پاشنیوەڕۆکەم ئاوا لێبکوژێتەوە، ئەمە وانەى ساڵی ٩٩یە بۆ ئێمە. فێربووین ئەگەر ویستیان ڕۆژەکانمان لێ بکوژێننەوە گڕ لە خۆمان بەردەین و ببینە پارچەیەک ئاگر. بەیانی پێتان دەڵێم. ڕوونتان دەکەمەوە من ڕوودارترم یان ئێوە؟

سێ:

چاوم داخراوە، خەریکم باسی چی دەکەم؟ چەند کاتژمێرە ناتوانم چاو کەمەوە. چاوم داخراوە، یانی خەوم لێ کەوتووە؟ نازانم. بەڵام مێشکم کار دەکات. هەڵیت‌وپەڵیت دەڵێم. کار دەکات کە خەریکم ئەمانە دەڵێم. دیارە مێشکم هێشتا لەکار نەکەوتووە. خۆزگە ئەویش لەکار کەوتایە. پێنج خولەکیش ناکات لەناو ژوورەکەمدام. بۆچی وا بێتاقەتم؟ نەکا بەڕاست گیانم بۆ لێدان بوخورێت. ئەگەر بمتوانیایە دەستم بجووڵێنم دەستم بۆ تۆزێک ئەولاتر درێژ دەکردەوە و سازەکەم هەڵدەگرت و زیلانێکی خۆشم لێ دەدا. بەڵام ناتوانم. با تاقی کەمەوە. نا، دەتوانم. دەتوانم. خۆ سازەکەم لە تەنیشتمەوەیە. لە ڕاست ناچێت. نەکا داویان بۆ نابێتمەوە. بە دەرەک! سازەکەم هەڵدەگرم و دەست دەکەم بە لێدان. بۆچی هەموو شوێنێک ڕووناکە؟ بۆچی دەستم وا باش لەسەر سازەکە دەجووڵێتەوە؟ ئەم هەموو ئاگرە، ئەم هەموو خەڵکە، ئەم هەموو هەڵپەڕکێیە لە کوێوە هاتن؟ سلاڤێ گەرم ل تە، ئەی هەڤالا زیلان. چ کۆڕێکە، چ ئەستێرەیەکم من خوایە گیان. جاری دووەممە لە بەرانبەر ئەم هەموو خەڵکەدا گۆرانی دەڵێم، یەکەم جار نەورۆزی پێنج ساڵ پێش ئێستا بوو، لە ئامەد. بەڵام ئەمجارە زۆر جیاوازە. هەموو شتەکان باشتر لە جاران دێنە بەرچاوم. ساز لێ دەدەم. پەنجەکانم لەسەر سیمەکانی سازەکە سەما دەکەن، دەڵێی سەرخۆشن. قژم با دەیبا و ئاگرێکیش بەرەبەرە دێت بەرەو قژم و تاڵە زیادەکانی دەسووتێنێت. ساز لێ دەدەم و ئاگرەکە زیاتر لە پێستی سەرم نزیکەوە دەبێت. باشتر، ئاگر تاوانەکانم دەشواتەوە! ئەم هەڵیت‌وپەڵیتانە چین دەیانڵێم؟ بۆ دەبێ خۆم بسووتێنم؟ بۆ هیچم بیر نایەت؟ سازەکەم لێدەم باشتر نییە؟ سەرم بۆ وا گەرم داهاتووە. پێستی سەرم قرچەقرچە وا دەبرژێت. بۆچی هەموو دەقیژێنن؟ ڕەنگە لەبەر گورزی پەنجەکانم بێت لەسەر سیمی سازەکە، کە وا کەیفیان سازە. ئەمە هونەری منە. دەتوانم وا هەموو خەڵک بخەمە جۆش‌وخرۆشەوە. ئەی بۆ ئیتر کەس ناقیژێنێت؟ خۆ من هەر خەریکی ساز لێدانم. ئەی ئەو قیژە و هەرایە بوون بە چی؟ پەنجەکانم هەر خەریکی هەڵپەڕینن لەسەر سازەکە، هەستی پێ دەکەم، سەرم دەڵێی تۆزێک تواوەتەوە! مەگەر نەموت ئاگر دەشواتەوە؟ لێگەڕێ با بمشواتەوە، با بشواتەوە و لە سەر بۆ خوار بمتوێنێتەوە، با ئاوم بێنێتەوە و سازەکەشم بشواتەوە، دەستەکانم بشواتەوە. خوێنم پاک کاتەوە. ون و بێسەروشوێنم کا. قاچم دەخورێت. قاچم بۆچی دەخورێت؟ سەری پەنجەی پێم دەخورێت. نەکا لە خوارەوەش ئاگر خەریک بێ بمشواتەوە. لێگەڕێ با بمشواتەوە، سەروبنم بشواتەوە. قاچم دەجووڵێنم. شتێ قاچم دەکرمێنێت. شتێک خەریکە قاچم دەکرمێنێت. قاچم دێشێت. ئەمە چییە؟ خۆ من هیچ کوێم نەدەئێشا. ئێشم لێ بڕابوو. پەنجەی قاچم لەپڕ تەواو نەبێت؟ با ئەویش تەواو بێت، سەروملم تەواو بوو. با قاچیشم تەواو بێت. با ئەویش تەواو بێت. نااااا. قاچی ڕاستم نائاگایانە هەڵدا و شتێک شڵپ درا بە لادیواری چەپی نووساو بە شانمەوە. خەوتبووم. هەمووی ئەوانەشم بە خەو بینیبوو. پەنجەی قاچم خوێنیان لێ دێت. مشکێکی ترساو و داماو لەنێوان لادیوارەکە و قاچی چەپمدا گیری خواردووە و گێژ بووە و بەدەوری خۆیدا دەسووڕێتەوە. دەمی خوێناوییە. کێ بە دەمیدا کێشاوە؟ مشکەی داماو! مشکەی ئاوارە و هەڵوەداو. دەڵێی هاوبەندیی لە زیندانمە. پەنجەی پێم هێشتا خوێنی لێ دێت. پیسیش خوێنی لێ دێت. تۆزێک لە سەری پەنجەکەم نەماوە. بۆچی نەماوە؟ ڕەنگە چووبێتە گەدەی ئەم مشکە ئاوارەیەوە. برسییەتی. من برسیم نییە. خۆزگە لە خەو هەڵنەدەستام. ئەوکات ئیتر تا ئاگرەکە دەگەیشتە ئەو ژێرومێرانەوە گەدەی ئەویش پڕ دەبوو لە پەنجەی قاچ. ئەگەر لە خەو هەڵنەستامایە دەیتوانی هەموو برادەرەکانی بانگ بکا بۆ شامێکی تایبەت. هێشتا بە دەوری خۆیدا دەسووڕێتەوە و خۆی بە دیوارەکەدا دەکێشێت و دەگەڕێتەوە بەرەو قاچم و دەترسێت و دەگەڕێتەوە خۆی دەکێشێت بە دیوارەکەدا. خۆزگە دڵی منیش وەک ئەو دڵە بچووکەی ئەو لێی بدایە. خۆزگە منیش وەک ئەو بمتوانییایە هەموو شتەکان داکرمێنم و دەرگا و دیوارم کون کردایە و یەک دنیا کەلاکی پاسەوانم بۆ خۆی و هەموو برادەرە ژێرزەمینییە زیندانییەکانی تری بەجێبهێشتایە. مشکی داماو هێشتا بەدەوری خۆیدا دەسووڕێتەوە، بەڵام من هەر وەک کەلاک بەلادا کەوتووم. جەستەم قورس بووە. وەک بڵێی بووبێتمە کەلاک، تەنانەت ناتوانم تۆزێک قاچم بجووڵێنم کە ئەم مشکە داماوە لەژێر قاچمەوە دەرباز بێت و لەژێر دەرگاکەوە بگەڕێتەوە لای برادەرەکانی. من بووم بە پاسەوانی زیندانی ئەو و ئەویش بووە بە خوێنمژی من. پێڵووەکانم وا خەریکن دەڕابەکانیان دادەدەنەوە. هیچ کوێم کار ناکات. هیچم لە مێشکدا نییە. هەموو شتەکان خەریکن دەکوژێنەوە. بەرەو ئاهەنگێکی دیکە؟ هیوادارم. خواحافیز ئەی مشکی زیندانیی، هیوادارم ئەم جارە قاچێکی تەواوت بە نسیب بێت و بتوانی ڕێگایەک بۆ خۆت بکەیتەوە و دەرچی بەرەو برادەرە ژێرزەمینییەکانت.

چوار:

مشک وتی: “ئاخ، کە دنیا هەر دێت و تەسکتر دەبێتەوە، سەرەتا ئەوەندە فراوان بوو کە دەیترساندم. ڕێگای خۆم گرتە بەر، خوشحاڵ لەمەی کە سەرئەنجام لە دوورەدەست، لە لای ڕاست و چەپ، دیوارێکم بینی. بەڵام ئەم دیوارە درێژانە وەها دەهاتنەوە یەک کە ئەوەندەی نەمابوو بگەمە دوایین ژوور و لەوێ، لەو کونجە، داوێکی لێیە و بەرەو ڕووی دەڕۆم.” پشیلە وتی: “بەس دەبێت ڕێگەکەت بگۆڕی” و مشکەکەی قوتدا. چیرۆکێک لە کافکا. مشکی نێو ئەم چیرۆکە منم یان ئەم مشکەی لەنێو ژوورەکەمدا گیری خواردووە؟ نازانم. بەڵام دەزانم پشیلەکان لە من نزیکترن تا لەم مشکە. پشیلەی چارەنووسی من بەم زووانە دێت و قوتم دەدات. ئەمە ئارەزوومە. لەناو داودا مانەوە ئارەزووم نییە، بەرەو داو ڕۆیشتنیش هەروا. بێ‌ئەوەی یەک وشە قسە بکات، تەنانەت بێ‌ئەوەی جنێوێکم پێ بدا، دێت و دەمبات. من دەبەن و مشکەکەش ڕزگاری دێت. پشیلەی چارەنووسی من مزگێنی ڕزگاری مشکەکەیە. خۆشحاڵم، زۆر خۆشحاڵم کە زیاتر لەمە ژوورەکەم لەگەڵ ئەم مشکە داماوە بەش ناکەم. یەکێک قۆڵی گرتووم و شان‌بەشانی خۆی دەمگوازێتەوە. باش دەزانم بۆ کوێم دەبات. لەسەر کورسییەک دام دەنیشێنێت و چاوبەستەکەشم لە جێی خۆیەتی. هەست دەکەم دەبێ لە بەرانبەرم دیوارێکی لێ بێت. هەمیشە هەروا بووە، کە بەرانبەر بە دیوارێک داتدەنیشێنن و مافی ئەوەشت نیە بیبینی. لە پشتەسەریشت کەسێک دادەنیشێت و دەست دەکات بە پرسیارکردن. بەر لەوەی پرسیارێکم لێ بکرێت مستێک بە دەممدا دەکێشرێت. هەموو حسابەکانم تێک دەچن. مەگەر ئەوەی دیوارەکە مستەکەی وەشاندبێت، کە ئەمەش مەحاڵە. لێرە هەموو شتەکان زۆر واقعییترن لەوەی مرۆڤ جاروبار بە خەو دەیانبینێت. مستێکی تر و جنێوکی تەڕ و تفاویی بۆ نێو دەموچاوم. بە داڵگم! مەزەندە دەکەم بۆ کوێیان هێناوم. یەکێک لە پشتەوە شەقەزلەیەک دەکێشیت نەک لە بن گوێم، بەڵکوو ڕێک لە گوێم خۆی. گەمژە! وام پێدا دەکێشێت وەک بڵێی بیەوێت بە گورزێک بە یەکجاری کەڕم کات. ئەمانە هیچ لە پرۆفیشناڵ ناچن، ئەگینا بۆ دەبێت کارێک بکەن کە چیتر نەتوانم گوێم لە جنێوەکانیان بێت. لە تەنیشتەوە یەکێک بە بنی پۆتینەکانی لەقەیەک دەدات بە شانوملم‌دا و بەسەر زەویدا پرژوبڵاوم دەکاتەوە. یەکێکی دیکە لەولاوە بە نووکەشەق دەکێشێت بە نووکی سەرمدا. لە چوارلاوە لێم دەدەن. هێشتا هیچ پرسیاریان لێ نەکردووم، بەڵام لێم دەدەن. ئەزموونی ئەمەم نەبووە ئیتر. لە کوێوە ئەوەندە دڵنیان هیچ ناڵێم کە ئاوا قەسدی گیانیان کردووم. وەک بڵێی تۆزێک ئاماتۆر بن، چ باشتر! لێگەڕێ با لێمدەن. پیاو ببێتە تیکەی پشیلەیەکی برسی خۆشترە یان کۆمەڵێک پشیلەی تەنبەڵی تەوەزەلی بەکارنەهاتوو دەورت بگرن و نە بێڵن دەرچی و نە بشتخۆن؟ ئاشکرایە یەکەمیان. ئەمانە زۆریان برسییە. باش دەزانم کە پیسم پێ‌کردوون کە وا ڕقیان هەستاوە. بەڵێ، کاری من نەبووە. نا هاوڕێیانم! من متمانەی تەواوم بە ئێوە هەیە. نامەوێت ئێوەیش بە کەر بزانم، بەڵام باوەڕ کەن ئەوەی ئەمانەی ئاوا تووڕە کردووە کاری من نەبووە. هەندێکتان باش دەزانن خەریکم درۆ دەکەم، ئەوانی تریشتان باشتر دەزانن خەریکی درۆم. بەڵام لەنێوان ئێوەدا جیاوازیی گەورە هەیە بەڕێزانم، دەستەی یەکەمتان هاوڕێمن و سەرەڕای ئەوەی باش دەزانن درۆ دەکەم، پرسیارم لێ ناکەن. بەڵام دەستەی دووەمتان کۆمەڵێک لاپرەسەنن، کۆمەڵێک سیخوڕن کە بێ ویستی خۆتان بەم پرسیارە قۆڕانەتانەوە ئەشکەنجەم دەدەن و بە خەیاڵی خۆتان بەس حەز دەکەن تێبگەن باسی کامە کارە دەکەم! چۆن وا پیسم پێ کردوون؟ بۆ زانیارییتان، بۆ زانیاریی تۆ ئەی خوێنەری دەست‌وسپیلکە خۆشبیر، دەبێ ئاگادارت کەمەوە کە پێم زانیوی، پێم زانیوی و باش دەزانم چۆنچۆنی سەربەخۆ بە هەموو ئیمکانە ئەمنییەتییەکانی کەلـلەتەوە دەتەوێ ئەشکەنجەم دەی. ئەم زەینە ڕەخنەگرەت بە هەموو ئەو جوانییانەیەوە، کە ڕەنگە زۆریشی خۆ پێوە هەڵکێشی، هەمووی بەیەکەوە بە تاکەوشێکیشم نازانم بەڕێزم. پیستان پێ دەکەم، وەک چۆن بەوانم کرد و یەک وشەش باس لەو کارانە ناکەم کە کردوومن. بۆیە باشترە لێمگەڕێن با پشووی خۆم وەرگرم. دووان ئەمبەراوبەرم دەگرن، هەڵمدەستێننەوە و ناچارم دەکەن لەسەر پێیەکانم بوەستم. کەس لێم نادات. پێم وایە دەیانەوێت پشوویەک وەرگرن، یان ڕەنگە کاتی نوێژ و نەهار بێت، نازانم. چاوبەستەکان نایەڵن هیچ کوێ ببینم، ئەوەی دێتە بەرچاوم بەس فیکەفیکی زرینگانەوەی گوێمە.

بیــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــب. گێژومەنگ و تێکشکاو وەک بزمارێکی ژەنگاویی ڕەق بوومەتەوە سەر جێی خۆم. زۆر بە شێنەیی هاڵتێرێک لە سەرەوە دێتە خوارەوە تا سەر شانەکانم. زۆر سەیرە. لەنێو ئەم هەموو ترس و دڵەڕاوکێ و لەنێوان ئەم هەموو شەق و شەقەزلە خێرا و تێهەڵدانانەدا، ئەم ئارامییە سەیروسەمەرەیە تۆزێک گوماناوییە. دڵنیام فێڵێکیان کردووە و من لێی بێئاگام. لەپڕ وەزنی هاڵتیرەکە چەندئەوەندە قورس دەبێتەوە، چەند وەزنەیان لەم بەراوبەری هاڵتێرەکە هەڵواسیوە و خستوویانەتە سەر شانوپیلم. هەر خەریکن وەزنەکان زیاتر دەکەن. لەمە زیاتر ناتوانم بوەستم، دەکەومە سەر ئەژنۆ، یەکێکیان بەخێرایی بەقامچیەوە بەر دەبێتە ورگم، پێم وایە دەیەوێت بڵێت هەستەوە سەر پێ! پێم وایە هەڵەم کرد کە هاتمە سەر ئەژنۆ، چونکە ئیتر هەستانەوەم  مەحاڵە. ئەمانە ناتوانم و شتی وا بە مێشکیاندا ناچێت، بە کابل و قامچی تێم بەر بوون و فەرمانم پێ دەکەن هەستمەوە سەر پێ. هەموو هێزم دەخەمە کار، بەڵام ناتوانم. بە کابل دەکێشێت بە دەموچاومدا. قورستری دەکەنەوە. لەپڕ بیرۆکەیەک وەک تریشقە لە مێشکمدا دەبریسکێتەوە. ئەگەر وەها خۆم دەم بە ئەرزدا کە هاڵتێر و  وەزنەکان بەسەرمدا بکەون و کەلـلەم بتەقێنن چۆنە؟ ئەوکات با هەر بە قامچی لێم دەن. ئەم گەمژانە بیریان لەمانە نەکردۆتەوە. خۆم وا بە ئەرزدا دەدەم کە هاڵتێر و وەزنەکان بە سەروملمدا بکەون. نازانم چەند چرکە ماوە بۆ دوایین هەناسەم. بەڵام دڵنیام ئەم دوا کارەم ئاگر لە قینیان بەر دەدات. ڕەنگە ئەوان ڕوودارتربن لە من، بەڵام من زیرەکترم.

پێنج:

ئەی گوو بەم بەختە. سەگ گیانم و سەد گیانم هەیە. من بمر نیم. وەک پڵنگ هێشتا هەناسە دەدەم و دەمارەکانم لێ دەدەن. قەی ناکا، لە جیاتی مردن خۆم وەک مردوو لێ دەکەم. یەکێکیان هاوار دەکات ئاو بێنن. یەک سەتڵی گەورەم ئاو بەسەردا دەکەن. هەرچی نەقشی مردووە بە یەکەم سەتڵ لە جەستە و گیانم دەردەچێت، بەڵام باش دەزانم کە هاتنەوەهۆش لەم دۆخەدا مەسلەحەت نییە. ناجووڵێم. دەستبەردار نین. بە لەقە تێم بەر دەبن. سەتڵێکی دیکەم بەسەردا دەکەن. سێیەمین، چوارەمین و نازانم چەندەمین، ئەوەندەی ڕێی تێچێت ئاوم پێدا دەکەن. هیچ ناجووڵێم، بەڵام لە جووڵەی وردی ماسوولکەکانمەوە تێگەیشتوون. تێگەیشتوون ئەو گەوادانە. نا، وا دیارە ئەوەندەش ئاماتۆر نین. دیسان بە شەق و لەقەوە تێم بەر دەبنەوە. ئیتر بەهۆی ئەم حەمامە ئیجبارییەوە گوێ ئەحمەقەکانیشم کەوتوونەوە کار و گوێم لە جنێوەکانیشە. خۆم ناکەم بە ساحێبیان. تەنانەت ناشناڵێنم. بەس تۆزێک خۆم ئەم بارەوبار دەکەم. باش دەزانم لەمانە خراپتر چاوەڕێم دەکات. دەنگی کرانەوە و داخرانی دەرگایەک دێت، من بەس گوێم لە هەنگاوە قورسەکانێتی کە دەیاننێت، دەگاتێ و دەست دەکات بە جنێودان و قسەی ناشیرینیان پێوتن. ئەمە ئیتر دەبێت غوولەکەیان بێت. دەقیڕێنێت و دەڵێت ئێوە ئینسانن؟ کافر ئاوا بەسەر حەیوان ناهێنێت کە ئێوە واتان لەم عەبدی خوایە کردووە. تێی تەقێنن لاچن لەبەر چاوم. چەند جنێوی تەڕیشیان پێ دەدات. دەڵێن بەڵێ بەڵێ حاجی تۆ ڕاست دەفەرمووی و لێی دەدەن دەڕۆن. من باش دەزانم چ باسە. ئیتر ئەمانە بۆ من تازە نین. ئەم کەرەکەرانە لە زیندانەکانی سەردەمی مارکی دیسادیش کۆن ببوون. ئەم کابرایە خۆی پێ چییە؟ بەلامەوە گرنگ نییە، هیچ نەبێت دەرفەتێکە بۆ هەناسەهەڵکێشان. دەبێ قەدری بزانم. دەڵێم دەستت خۆش بێ حاجی. دەڵێت نا کوڕم، تۆ چیت کردووە مەگەر؟ خۆ کەست نەکوشتووە! کوشتووتە؟ خۆ دڕندە نیت! ئەمانە بۆیان نییە وات لێ بکەن. چاوبەستەکەم دەکاتەوە، قۆڵم دەگرێت و دامدەنیشێنێتە سەر کورسییەکە. مێزێکی چوارگۆشە کە درێژایی هەموو گۆشەکانی بەقەد دوو کتێب دەبێ لە بەردەمم دادەنێت، کورسییەکی دیکە لە بەرانبەرم دادەنێت و خۆی لە سەری دادەنیشێت. دەڵێت خوا بە نەفرەتیان کات. ئەمانە عوقدەیین. نازانن خەریکی چ گووخۆرییەکن. ئەگەر بیانزانیبا ئەشکەنجەی تۆمەتبارێک کە تاوانەکەی نەسەلماوە چ سزایەکی هەیە، قەت کاری وایان نەدەکرد. فەرمان دەکا خواردنم بۆ بێنن. لە ڕێستورانتەوە خواردن دێنن. هەڵبەت لەبەر من ئەم کارەیان نەکردووە. هەموو ژەمەکان بە هەموو زیندانییەکان هەر لەم خواردنە دەدەن، نەکا کەس بیەوێت مان بگرێ لەخواردن. بۆڵەبۆڵییەتی. ورورور… خەریکە هیلاکم دەکات. یەکبینە قسە دەکات. دەمی بۆنی پشیلەی تۆپیوی لێ دێت. سەرم وە ژان هاتووە. سەرم داخستووە و هیچ ناڵێم. یەک وشەش گوێ بۆ قسەکانی ناگرم. هەڵیت‌وپەڵیت دەڵێت. چەند ناوە کوڕم، ئێمە دەزانین دەبێ لەم هەفتەیەدا ئەم کەسانە ببینی. پێمان بڵێ کێن، کێن و لە کوێ دەیانبینی و خەلاس. تۆ گەنجی. حەیفە، هونەرمەندی. بڕۆ بە هونەرەکەت پارە پەیاکە. منیش یارمەتییت دەدەم. بەو کەعبەیەی حەوت جار لە دەوری گەڕاوم چیت بوێ بۆت دەکەم. ئەمە کوا ژیانە بۆ خۆت دروست کردووە. من هیچ ناڵێم. دەست بە قسە دەکاتەوە. دیسان هەر هەمان قسانە دەکاتەوە. سەرلەنوێ. ورورور و بۆنی تووندی پشیلەی تۆپیو. دوو کاتژمێرێک تێپەڕبووە. وابزانم ئەگەر ئاوا بەردەوام بێت تا دوو کاتژمێری دیکە یەکسەر لەبەر بۆگەنی دەمی قڕ بم.

سەرم داخستووە و هیچ ناڵێم. لەپڕ خۆی تێک دەدا و دەڵێت سەیرکە، ئەگەر پێم لێرە بنێمە دەر ئەم عوقدەییانە باوکت دەردێنن. بۆ خۆت دەزانی. من هیچ ناڵێم. من تاکە چانسی تۆم. باش بیر کەرەوە. من تۆزێک دەچمە دەرەوە و دەگەڕێمەوە. دیسانەوە هیچ ناڵێم. پیری خەڵەفاو. ڕەنگە پێی وابێ زۆر زیرەکە. هەموو هێزەکەی بەکار دێنێت، پیرەپیاوی داماو! خەڵەفاوی گەمژە! بەزەییم پێیدا دێتەوە. بەس ئومێدێکم هەیە و ئەویش ئەمە کە کاتێک دەگەڕێتەوە دەموددانی شۆردبێت. هەڵبەت مەحاڵە. خەریکم بیر لە شۆردنی دەموددانەکەی دەکەمەوە کە لەپڕ دەگەڕێتەوە. زۆر بەئەدەبە. جانتایەکیشی بەدەستەوەیە. ئەمجار بەر لەوەی قسە بکات هەناسەی بۆنی حەوت پشیلەی تۆپیوی لێوە دێت. لەناو جانتاکەیدا قەڵەمێک و چەند کاغەز و دەستبەندێک دەردێنێت. کاخەزەکان دادەنێتە سەر مێزەکە. سەری داخستووە. پێم دەڵێت بنووسە، من سەرم داخستووە و ناجووڵێم. دەڵێت دەنووسی یان کەلەپچەت کەم؟ دەستمی لەسەر مێزەکە بۆ دادەنێم. بە پەنجەکانی دەژمێرێت. دەڵێت من نۆ ناوم لە تۆ دەوێت. سێ ناو، سێ ناونیشان و سێ کات. بە پەنجە پێشانم دەدات. واتە نۆ! ئەگەر هەر ئێستا دەست پێ بکەی، هیچ ناگۆڕێ، بەڵام ئەگەر نەنووسی ناچار دەبم ئەم ئەخیر پەنجەیەت سەقەت کەم. سەری لە نێو جانتاکەیدایە، گازێک دەردێنێت. بە گازەکەوە ئاماژە بۆ پەنجەی دەیەمم دەکات و دەڵێت دەنووسی یان…؟

شەش:

من هیچ ناڵێم. لەسەر جێگای خۆم دانیشتووم، سەرم داخستووە. دەستم داناوەتە سەر مێزەکە. بانگی کەسێک دەکات. دەستم بە دەستبەندەکە دەبەستێتەوە و لە پشت سەرم دەوەستێت. پێی دەڵێت ئەنیشکەکانی توند ڕاگرە. پەنجەی هەرە بچووکی دەستی چەپم یەکەم قوربانییە. هەمان پەنجەی دەیەم. باش دەزانم ئەمە دواهەمین نییە. هیچ کامە لەو پەنجانەم ئازیزتر نین لەو کەسانەی ناوەکانیانی لێم دەوێت. من هاتووم و بڕیارم داوە بکوژرێم. مردووی بێ‌نینۆک یان بەنینۆک، جیاوازیی چیە؟ سەرم داخستووە. گازەکە لە دەستم نزیک دەکاتەوە و بە سەرەکەی تەقەیەک دەدات لە هەمان پەنجەی دەیەم. دەستم بۆ کردۆتەوە. با هەر چی حەز دەکا بیکا. بەوەی دەستم کۆنەکردۆتەوە لەترسان زۆر تووڕەیە. بە سەری گازەکە بە توندیی لە هەمان پەنجەم دەدات. سەیری ناکەم. چاوم بڕیوەتە سەر زەوی. تازە خەریکم هەست بە ئێشەکەی دەکەم. ئێشەکەی بە خێرایی ڕووناکیی تا پەنجەی دەیەمی قاچیشم دەڕوات. زۆر خێرایە. هەست دەکەم کاتێک گازەکەی لەسەر پەنجەم توند دەکات و بەمبارەوبار بای دەدا کە دەری‌کێشێت، بەشێکی ئەندامەکانی جەستەم ئاگر بگرن و بتوێنەوە لە ئێش. لە ئێشەکە تێدەگەم. پەنجەم بە دەرەک، ناو ورگم خەریکە دەسووتێتەوە لە ئێش. جومجومە و گەرووم دەزیڕێنن لە ئێش، چاوم خەریکە لە کاسەکەی دەرپەڕێت، سوور هەڵگەڕاوە، دەماری مەچەکی قاچم دەستی کردووە بە لێدان، بە زیاترین خێراییەوە لێ دەدات، ئێسکی مەچەکی قاچم خەریکە دەتەقێت، ئەم دەمارە ئاگراوییانە، خوێنم پڕ بووە لە ئاگر، دڵم بڵێسەی لێ دەردەچێت، دەقیژێنم. دەست لە نینۆکەمەوە وەر دەدا، هەڵیتوپەڵێت دەڵێت، جەستەم گڕی گرتووە، دەستی پێ نەکردۆتەوە، جارێ بۆڵەبۆڵێتی، دەئێشێم، بوومەتە پارچەئاسنێکی تواوە، گەرم داگیرساوم، دەیبات بە چەپ دەیبات بە ڕاست، بۆ دەرەوە، دەریدەکێشێ، ئاگرم دێتەوە، ئاگرم لێ دەڕژێت، ئاگرم لێ دەتکێت، لە سەرەوە بۆ خوارەوە، خواری خوارەوە، ئێسکانەکانم ئاوساون، قەڵەو بوومەتەوە، بووم بە ئەژدیها، چاوم بووە بە لامپ، گەرووم بووە بە قیژەقیژ، دەریدەکێشێت، دەقیژێنم، دەریدەکێشێت، دەقیژێنم، دەریدەکێشێت، دەقیژێنم، دەریدەکێشێت، دەقیژێنم، دەتوێمەوە، دەریکێشاوە، نینۆکەکەم بەسەری گازەکەیەوەیە، ئیتر هیچ نابینم، ئازارێکی بێگرێ و ڕاستەڕاست، لە سەرەوە بۆ خوار لە بنەوە بۆ سەر لە تەنیشتەوە بۆ تەنیشت، تواوەتەوە لەنێو دەمارەکانم. بووم بە ئێش-ئاگر، یەکێکی دەرکێشاوە، پیرۆزیان بێت. دایدەنێتە سەر مێزەکە. قسە دەکات، گوێم لە هیچ نییە، بۆڵەبۆڵێتی، ڕەنگە ئێستا دەمی بۆگەنی گۆڕستانی پشیلەی لێ بێت، بەڵام هەستی پێ ناکەم، هەست بە هیچ بۆنێک ناکەم، بۆڵەبۆڵێتی، سەری گازەکەی لە نینۆکی نۆیەم توند دەکات، لە تەنیشت ئەوەی ئێستا سەقەتی کرد، یەکەمیان بۆ خۆگەرمکردنی بوو. نۆ نینۆکی سەرەکیی ماون. بەقوزوڵقورتیان بێت. دەریکێشە! ئێشم دەوێت، دەمئێشێت، ئێشەکەم بدەرەوە حاجی! هاها هاها. نۆیەم هەشتەم بە ڕاستدا بە چەپدا دەیکێشێت، دەیکێشێت. ئیتر وەسواسی تێدا نەماوە. تاقەتی نەماوە. بەڵام دەبێ دەریانکێشێت. هەموویان دەرکێشێت. بووراومەتەوە. بەڵام ئەو دەریاندەکێشێت. دەبێ هەموویان دەرکێشێت. نۆ نینۆک و نینۆکێکی تریش. فڕێیان داومە ژوورەکەمەوە. ژوورەکەم بووە بە گەرماوی خوێن. لە تەڕیی خوێنەکەوە لە خەو هەڵدەستم. نینۆکم پێوە نەماوە. هێزم تێدا نەماوە. چاوم ڕووناکیی نەماوە. دەستم گۆجێتیی پێوە دیارە. ناجووڵێت. مشکە میوانەکە تۆزێکی کونجی دیواری ژوورەکەمی کرماندووە. تەڵاشەسمیتەکە لە نێوان دیوار و کەفەکەیدا. بە قاچم هەڵی دەکەنم. بە دەمم هەڵی دەگرمەوە. ڕادەستی دەستمی دەکەم. ناتوانم بیگرم. ناتوانم هەڵیگرم. دەبێ دەمارەکەمی پێ ببڕم. دەستم هێزی تێدا نەماوە. دەمارەکەم توند بووە. بە دەموددان بەر دەبمە دەستم. وەک بڵێی دژەددان بێت پێستی دەستم. بە ددان بەر دەبمە دیوارەکە. دەبێ دیوارەکە کون کەم. دەبێ بیکرمێنم. دەبێ بیکرمێنم..