ئەردەڵان باستانی

دەس بەتاڵ نابێت. هەموو کات شتێکم بەدەستەوەیە. دەستم دەبێ بە شتێکەوە بەند کەم. تەسبێحێک، کلیلێک یان ئەگەر نەبوو ئەوە چڵە چڵە سمێلم هەڵدەقەنم. ئەگەر سمێڵیشم نەبێت ئەوە دەستم بە لوولییەکانی قژم دادەکەم و بەوانەوە دەیانخافڵێنم. دەستەکانم ئارام ناگرن. ئەگەر بە کلیل و تەسبێح و قژ هەوساریان نەکەم دەیانهەوێ خۆیان لە لەشم جیاکەنەوە. دەیانهەوێ ئەو ڕەگ و چەرم و ئێسک و گۆشتە بدڕێنێنن و بشکێنن و پاشان بڕون و دوور کەونەوە، هەڵفڕن.

هەموو جارێ لە قامکەکانمەوە دەس پێ دەکات، مێروولە دەکەن و وەخروو دەکەون و پاشان لەپی دەست و ئەوجار باسک و ئانیشک و لە کۆتاییش دا شان خۆی ڕادەتڵەکێنێ و خۆی دەکێشێتەوە تا لە گەردن و پشت جیا بێتەوە.

لەمێژە ئەو کێشەیەم هەیە و لە گەڵ کەسیش باسم نەکردوە داخۆ کەس ئەو نەخۆشیەی هەیە؟
بەیانیەک وەخەبەر هاتم دیتم دەستەکانم وەک جاران نین. وەک دوێنێ نین. بێ ویستی خۆم تەکان دەخۆن. دەبنە مست. دەکرێنەوە. پەنجە لە یەک قایم دەکەن و هەر خۆشیان بڕیاری جیا بوونەوە دەدەن. لە پڕ قامکی دەستێکم خۆی دەنوشتێنێتەوە و دەستەکەی تر چەقەنەی بۆ لێ دەدا. ئەسپێ کوژە خۆی لە سەری دۆشاومژە هەڵدەسوێ و هاوکات دۆشاومژەی چەپ ئانیشکی ڕاست دەخورێنێ. لە پڕ هەردووکیان خۆیان قیت دەکەنەوە و خۆیان دەکێشنەوە کە هەست دەکەم دەیانەوێت هەڵێن.  واش نییە کە هەموو کات لە ئارەزووی دەرچوون دابن، جاری وایە نایانهەوێ بە قەرای قامکێک لە جەستەم جیا بنەوە.

لەخۆم دەپرسی لە کام ڕۆژەوە وام لێهاتوە؟ سەری ئەو بەنە لە کام ڕۆژی ژیانم گرێ دراوە؟ سەرەتا سەرەتا. لە سەرەتا دەگەڕام. کەی وام لێهات؟ ئەوڕۆژەی لە بانک کاتی قسەکردن لە گەڵ کارمەندەکە، بێ ئەوەی خۆم بمەوێت دەستم چوو لیوانە ئاوەکەی هەڵگرت و بە سەری کارمەندەکەی داکرد سەرەتا بوو؟ نا نا ئەو ڕۆژەی سێحەبکارەکەم زۆر دۆستانە گلەیی کرد زۆر بەکاوەخۆ دیارم و دەستەکانم بێ ئەوەی خۆم بمەوێت یەکیان قامکی لە گووپەوە دەترینجاندە نێوان ددانەکانی سەحەبکارەکە و دەستەکەی تریشم بە زۆر دەیویست لینگە کەوشێک لە دمی خات. کەی سەرەتا بوو؟ هەر شتم بیر دێتەوە. ڕۆژانێک کە دەست کارێکی کردوە شەرم بکەم یان خۆ بترسم. ڕۆژانێک کە دەست وای نواندوە خۆی ئەمری خۆی دەکات و منیش هەرچی سوێند و قوڕئانم خواردوە کەس بڕوای پێ نەکردووم. کێ بڕوا دەکات دەست بجووڵێ، شتێک بشکێنێت یان خۆ شتێک فڕ دات، بەڵام بەشەرەکە خۆی ئاگای لێ نەبێت؟
کەس بڕوام پێ ناکات بەڵام با من دەستم خۆی دەجووڵێت.

ئەو ڕۆژەی پێم بە ئاستەم لە سەر تەلدڕووە پانکراوەکانەوە دانا و پەڕیمەوە هەستم بە ئاوەژوو بوونەوەیەکی دەروونی کرد. دەتگووت تەلدڕووەکانی سەر سنوور لە کاتی پەڕینەوەدا نینۆکیان لە بیرم ترینجاندوە و نەیانهێشتوە “بیر” لە گەڵم بێت، ئەو هەر لەو بەری سنوور ماوەتەوە و منیش هاتووم.

ئەو کاتەی کە بیرم بوو دەستەکانم ئارام بوون، ئەوەندە بزۆز نەبوون، نەیاندەویست ڕاکەن، نەیاندەویست هەر بەخۆمەوە بنووسێن، دەستەکانم ئەوکاتە دوو ئەندامی ئاسایی لەشم بوون کە خۆم ئەمر و نەهییم دەکردن. بەڵام ئێستا کە بیرم لە تەلدڕووەکانی سنوور لێ بە بارمتە گیراوە، دەستیشم سەربەخۆ بوون. چیتر لە ژێر حوکمی من دا نین. خۆیانن. ڕەنگە جێگای بیریان گرتبێتەوە، ئاخر بیریش هەروا بوو. خۆی دەڕۆیی. دوور. درەنگ. زوو. داهاتوو. بۆ شاری تر. بۆ لای کەسی تر. یان هەر لە لای خۆم دەمانەوە و نەدەترازان لە من.

ئێستا من بە دەست بیر دەکەمەوە، دەست بۆتە ئامرازی خەیاڵ. ڕۆژێک هەڵدەفڕێ و ڕۆژێک نابزوێ لە جێی خۆی. هەموو کات خەریکی شتێکە، دەمێک خەیاڵ دەکات ئەوە گۆی مەمکی دایکمی گرتوە. دەمێک هەست دەکات ئەوە چەکی پێیە و تۆڵەی کەسێک دەستێنێتەوە. دەمێک دەیهەوێ بچێتە شارێکی کە و دیوارێک یان خۆ شەقامێک یان دارێک نەوازش کات.

دەستم شێت بوە، ئەجمانی نییە، جاری وایە تەسحێبەکەشی پێیە کەچی هەر لە جووڵە نەکەوتوە. ناکاو هەڵدەبەزێ و پەرداخێک، گوڵدانێک یان شتێک ناخافڵ بەردەداتەوە، جاری وایە چەقۆی پێیە و خەریکی وردکردنی یارەماسی و باینجانە کەچی لەپڕ لە نێوان خۆیان دا لێیان دەبێتە کێشە و ئەو دەستەی چەقۆی پێیە یاغی دەبێ و دەستەکەی تر سزا دەدات. خەریکن هەموو لەشم لە کار دەخەن، قامکم حەز بە جگەرە دەکات و ئەوەی تر دێتە فریای و بۆی گڕ دەدا. دەستەکەی تر دڵی داوە بە پەرداخی شەڕابێک و هەموو ڕۆژێ بیری دەکات و ڕامدەکێشێ بمباتە هەمان مەیخانە و پەرداخەکە دەیانجار لە باوەش دەکات.

دەستم قسەش دەکات، هەموو ڕۆژێ قەڵەم بە دەستەوە دەگرێ و چەند سەعاتێک هەر دەنووسێ و هەر دەنووسێ و پاشان هەمووی دەکوژێنێتەوە.  دەستم سەربەخۆ بوە و تەنانەت هەوساری هەموو لەشیشمی بەدەستەوە گرتوە، خۆی حوکم دەکات کەی جگەرە بکێشێ، کەی بچێتە جێژوانی فڵان گەردن و بسک، کەی بچێتە مەلە، کەی بنووسێ و کەی پەرداخی شەڕاب بگرێت.

سەرەتای یاخی بوونی دەستم هەر ئەو ڕۆژە بوو کە سنوورم بەزاند. سنوورم بەزاند و ئەو ڕێگا دوور و درێژەم گرتە بەر تا دەستەکان کەلەپچە نەکرێن. تەنانەت بیرمم لە بارمتەی دەرباز بوونی دەستەکانم دا بە سنوور و دەربازم کردن. دەی ئێستاکەش دەست لەخۆبایی بووە، دەڵێ من دەبێ چی بم کە ئەو مرۆڤە ئەو هەموو نەهامەتیەی دیت و خۆی غەریب و نەناس کرد کە من ڕزگار کات. تەنانەت بیری خۆی دا کە من ڕزگار کات. هەر بۆیە دەستەکانم لە خۆ دەرچوون، غەڕڕە بوون، وایان زانی ئەوان خاوەنی منن، بوون بە خاوەنیشم.

تەنانەت ناهێڵن خۆشم بکووژم، دەست نابەن بۆ دەوا، بۆ تیغ، بۆ پەت، بۆ دەمانچە! مان دەگرن و خۆیان دێننە سەرەمەرگ و تەکان ناخۆن، ئاخر دەزانن مردنی من لە ناوچوونی ئەوانیشە، بۆیە نایکەن. تەواو بێتاقەتیان کردووم، سەرەڕۆییان ژیانی منی تێک داوە، ڕێگای نەجات بوونیشم تەنیا یەک شتە، دەستم ببڕمەوە، بەڵام چۆن؟ هیچیان ملی مشارێک ناگرێ و بکەوێتە گیانی ئەوی تریان. تەنانەت ئەگەر یەکیشیان لە گەڵ ئەوی تر غەیان بێت و بیهەوێ هەموو دەسەڵاتەکە بۆخۆی هەڵگرێ و ئەوی تریان ببڕێتەوە، من هەر نەجاتم نابێت، چون ئەوکات دەستێکی ترم نییە کە ئەو ببڕێتەوە. کەسیش ئەوە ناکات کە بێت و دوو قۆڵی کەسێک لە شانەوە ببڕێتەوە و ناوی بنێ دۆستایەتی!

لاقەکانیشم وەڕەز بوون بە دەست ئەو دوو دەستە نەگبەتەوە کە وەک منداڵ گڕووی هەموو شتێک دەگرن و هەموو زەحمەتەکەش دەخەنە ئەستۆی لاق. بڕوا. ڕاوەستێ. ماندوو بێت تا ئارەزوەکانی دەست وەدی بێت. لاقم تەگبیری کردوە کە ڕۆژێکیان لە ناکاو کە دەست خەریکی خۆ تێهەڵسوون لە جگەرەیە، لە شەقامێک نەوەستێ و جوابی چاو نەداتەوە و ڕاکات و خۆی بخاتە بەر ماشێنێک و هەموومان نەجات دات لە دەسەڵاتی دەستەکان.