ئەردەڵان باستانی/ بە یادی ڕێبوار قولیزادە
لە سەر لێوی تەختەکەم دانیشتووم. پەردەکەم لاداوە و لە دەلاقەکەوە چاو لەو هەتاوە زێڕینە دەکەم کە بە تاقی ئاسمانەوە نووساوە. تینی هەیە، ڕووناکە، ئاسمان ساوە، خۆرەتاو رێک بەرامبەر پەنجەرەی ژوورەکەمە. پەڵە پەڵە توتکە هەوری بچووک بچووک لە قەراخ خۆر خەریکن قەرێ قەرێ دەکەن! جارێک با دەیانباتە شانی ڕاستی خۆر، جارێک هەموویان کۆ دەکاتەوە شانی چەپ و هەندێک جار کە هەورەکان لە سەر کوڵمەی خۆر دەمێننەوە، با وەک دایک کە منداڵەکانی لە کۆڵان کۆ دەکاتەوە، بە خێرا دێ و ڕایاندەدا و دووریان دەخاتەوە لە تیشکەکان!
پێم خۆشە پەنجەرەکە بکەمەوە تا شنەیەک بێتە ژوورێ، دەبێ فێنک بێت! فێنک وەک کزەبای هاوینانی مەزرا کە لە دوورەوە دێت، لە شاخەوە. بۆنی ڕێحانەی کێوی و گژ و گیا لە گەڵ خۆی دێنێ و بۆ کورت خۆی دەساوێتە سەر ڕوومەت و مل و ئەگەر دوگمەی کراسەکەت کرابێتەوە ئەوە سینگ و پشتە ملت فێنک فێنک دەکاتەوە و دەڕوا. دەمەوێ پەنجەرەکە بکەمەوە تا کزەیەک بێتە ژوورێ و ئەو وەتاغە دڵگیر و دیوار شین و مەلافە شین و تەخت شینە بڕێک فێنک کاتەوە بەڵکو دڵم تێیدا کرایەوە!
دەستم گرتبوو بە دەسکی پەنجەرەکەوە و قەوەم لێدەدا کە بیکەمەوە، ناکرێتەوە. دێمەوە سەر تەختەکەم دادەنیشم و دیسان چاو دەبڕمەوە هەتاو. چوارچێوەی پەنجەرەکەی داپۆشیوە، وەک بڵێی ئەوە هەتاویش دەیهەوێ پەنجەرەکە بکاتەوە و بێتە ژوورێ. خۆمم و ژوورێک لە تەبەقەی دەیەم و پەنجەرەیەکی زەلام و کراسێکی قۆڵ درێژی گوشادی سادەی شین و شەرواڵێکی هەمان ڕەنگ و جووتێک سەرپایی شین و تەختێک بە مەلافەی شین و باڵنجی شین و دەرگا و دیواری شین! نا نا دەرگاکە شین نییە، دەرگاکە کراوەتەوە و تاو لە ناوچاوانی کاترین دەدا و قژە زەردەکانی زەردتر کردوە!
کاترین چاوی لە بەر تیشکی تاوەکە قوچاندوە و ڕووی لە منە. چەنەگە و لووتی دەڵێی پەیکەرتاشێک بە وردترین قەڵەم و چەکوچ دایتاشیوە و هەر لە کاتی تاشینیش دا لە سەر لووتە باریک و قیتەکەی خەزێمێکی هێشتۆتەوە. گەردنی درێژ و لووس. چەنەگە و شەویلکەی ئێسکێکی نە درشت و نە ئەستوور بە نەرمە گۆشتێک کە ناکەوێتە بەر دەست گەیشتونە گەردنی! بلوزێکی ڕەشی یەخە کراوە، ئەوەندە کراوە کە دوو مەمکی قیت، ئازاد لە کورسێت، بەوێوە، بە دەفەی سینگیەوە خۆیان دەنوێنن. دوو مەمکی قیت و بچووک، لە نێوانیان چوار قامک جێی دەبێتەوە.
دەنگی کاترین، خۆشترین دەنگێکە کە دەیبیستم. لەو نەبوونی موسیقا و کەڕ بوون لە قیژوقاڵدا، تەنیا ئەوە کە دەنگی بۆ من دەنگی هەموو ئەو دەنگانەیە کە سەردەمێک خۆشم ویستوون. دەنگی کاترین چریکەیەک لە سەیدعەلی ئەسغەر و نازێک لە ماملێ و گڕیەک لە زیرەک و بڕێک وەک مەرزیە و زۆر وەک فەیرووز و تەنانەت چرپەیەکیش لە عەبدول باسیت و نەرمەیەک لە جەماڵ مفتی و کە دەکۆخێ وەک ئەحمەد شەماڵە و کە تووڕەیە وەک خالقی و کە خەواڵوویە وەک لەیلا فەریقی و کە بە پەلەیە نووزەیەکی لە دەنگی دایکیشم لە گەڵە!
لە دەرگادا وەستاوە و دەپرسێ بۆ نەخەوتووی؟
دەزانم تاوەکە ڕێک لە چاوی دەدا و جوان نابینێ، حیزە حیز چاو لە مەمکەکانی و نێوان مەمکەکانی دەکەم!
دەڵێم کێ سەعات چواری ئێوارە دەنوێ؟ خەریکم چاو لە تاو دەکەم. زۆر گەرم و خۆشە. وەرە لای من دانیشە و تۆش خۆت گەرم کەوە.
لە دەرگاکەدا نەماوە. ڕۆیشتوە. کە دێتەوە ئەوجار کراسێکی بە سەر بلوزەکەی دا لە بەر کردوە و زیبەکەی تا بن ملی هەڵکێشاوە. ڕەنگە چووبێتە بەر ئاوێنە و دیبێتی کە بڕێک لەو مەمکە سپی و نەرمانەی بە دەرەوەیە و لە ڕووی هەڵ نەهاتبێت ئاوا بێتەوە لام.
لە سەر تەختەکە لام دانیشتوە، چاوە سەوزەکانی ڕەگە ڕەگەی سووری خەوی پێوە دیارە. خەواڵوە! پەرداخێکی لایلۆنیم دەداتە دەست. دەڵێم کاترین! لێم گەڕێ لەو تاوە چێژ وەرگرم، دوو مانگی تر زستان دێت و هەموو وڵات تاریک دادێ و ڕۆژێ هەر یەک دوو سەعات خۆرەتاو، ئەویش بێ تین و گەرما، ئەگەر هەور و هەڵا بێڵێ، تیشک داوێژێ. تۆش دانیشە و باسی منداڵە ژیکەڵەکانتم بۆ بکە و لێگەڕێ با تاو ئەو پێستە سپی و بێ ڕەنگەت بڕێک هەڵکزێنێ! هەموو ساڵێ کۆڵێک پوڵ خەرج دەکەی دەچیە یونان و ئیتالیا و ئیسپانیا تا تاو لێت دات، ها ئەوە تاو.
کاترین بە بزەوە، وەک هەمیشە دەڵێ دەستت بکەوە. دەستم دەکەمەوە. دوو قورسی بچووک، بە قەت نیسکێک یان خۆ بچووکتر لە سەر بەری دەستم دادەنێ و پەرداخەکەم بۆ پڕ دەکات لە ئاو. بیخۆ!
ئاوەکە دەخۆم، ئەوەندەم کردوە تەواو لێی خیبرە بووم، زەرەد لە نیوە بگەڕێتەوە قازانجە، قورسێک بە خێرایی دەبەمە ژێر زمانم و ئەوەی تریان ڕۆیەڵ دەکەمە خوارێ. پێش ئەوەی چراگازەکەی هەڵ کات و دەمم پێ بکاتەوە، قورسەکە هەر بە زمان دەبەمە نێوان گووپم و ددانەکانم، لە پشت پشتەوەی دەمم. چراگازەکە لە دەمم دەگرێ و دەڵێ ئافەرین!
دەڕوا. خێرا قورسەکە دەردینم و لە کاسەی دەم و چاو شۆردنی دیوەکەم دا فڕێی دەدەم و ئاوی بە سەر دا دەکەم. ئەوانە نایانهەوێ من لە خۆرەتاو چێژ وەرگرم. هەموویان گوماشتەن. دێن و دوو قورسم دەدەنێ و من خەوم پێی لێ دەکەوێ و تا چەند سەعات خۆر نابینم. ناوە ناوە قورسەکان کاتم لێ دەکەن بە شەو. ناوەناوە ئاسمانم بە هەوری ڕەش و بۆر لێ دەگرن، ناوەناوە باران، بەفر، جار جارەش ڕێگە دەدەن خۆرێکی بچووک، بە قەرای پیاڵە ماستێک، سپی، لەو سەری ئاسمان ترووسکەی بێت. سەرەتا کە هێنابوویانم، نەمدەزانی، دەمخواردن. خەوم لێ دەکەوت! خۆری سەعات چوارم نەدەدی! پاش ماوەیەک فێر بووم. زۆرم پێ چوو تا بزانم چۆن هەم خواردبێتم تا لە فەحسەکاندا نیشان بدرێ و هەم نەشم خواردبێت. دوو حەوتوو نەمخوارد، زانیان. بردیانم لە ژوورێکی کەیان دانام، خۆیان تێکەڵ ئاویان دەکرد و ناچار دەبووم هەمووی بە سەرەوە نێم. پاشان فێر بووم! یەکیان دەخۆم و یەکیان فڕێ دەدەم.
بە جارە، جاری وایە هەر خەوم دێت بەڵام گەرمی تیشکەکە هەر لە سەر ڕوومەتمە، لەو گەرمایەدا دەخەوم و هەر لەو گەرمایەش دا هەڵدەستم. سەعات چوار دەخەوم و هەر سەعات چواریش هەڵدەستم. لە گەرمان ئارەقە دەکەم و هەموو جێگا و بانەکەم دەخووسێنم، زۆر جار لەوە دەترسێم بەو ئارەقە کردنە دا بزانن کە قورسەکەم نەخواردوە و خۆرم هەر دیوە. هەموو شتێک لە ژێر چاوەدێری دایە، نان خواردنم، ئاو خواردنم، پیاسەی ڕۆژانەم هەر لەو تەبەقەی دەیە و لە حەسارێکی دەسکردی بە دەیان نەردەی ئاسن دەور دراو.
هەر من نیم، کەسانی کەش لێرەن، بەڵام ئەوان وەک من نین، ئەوان دوو دوو یان سێ سێ پێکەوە وەتاغیان هەیە، جاری وایە دەبێتە هەرا، یەکتر بە دیوار و شیشە دادەدەن و جاری واشە بە تێکڕایی دەست دەکەن بە قیژاندن و گریان و هەراهەرا! هەر من بە تەنیام! من و خۆرەکەم، من و پەنجەرەکەم و سەعاتە لە کاتژمێر ٤ی ئێوارە دا نوستوەکەم.
هەر ئێستا بوو، چەند چرکە پێش ئێستا، تەلێفونیان بۆ کردم، چاوم لە سەعاتی هەڵواسراو بە دیواری ژوورەکەم کرد، چەند خولەکێکی مابوو بۆ چوار، تەلێفونەکەم لە دەست بەر بۆەوە، هەڵاتمە دەرێ لە ماڵەکەم، بە هەڵاتن شەقامەکانم دەبڕی، ماندوو نەدەبووم، دەبوو بگەمێ، ڕەنگە درەنگ نەبووبێت. نەیانهێشت بچم، هێنایانمە ئێرە! هەر چەند چرکە لەوە پێش بوو، ئێستاش بڕۆم هەر دەگەمێ. کاترین دەڵێ من دوو ساڵە لێرەم. درۆ دەکات، ئەویش گوماشتەی ئەوانە! هەرچەند کاترین بە ڕوحمترینیانە، دوژمنە بەڵام دوژمنێکی مێهرەبان! پێشتر یەڵماز ناوێک، وەک من سەرڕەش، هەموو جارێ دەهات خۆی قورسەکانی لە گەرووم دەکرد و ئاوی دەرخوارد دەدام و هەر بە زۆر لە سەر تەختەکەم ڕایدەکشاندم و پەتوەکەی تا سەر سەرم هەڵدەکێشا و بە هەرا هەرا و گوڕە گوڕ ناچاری دەکردم بخەوم. بە تورکی جنێوی پێ دەدام. ژنێک کە جلی سپی دوکتوری لە بەردابوو ڕۆژێک هاتبوو بۆ لام، ئەویش وەک من سەرڕەش، خەڵکی تورکیە! ناوی نیلگون، چاوی وەک نیل و دەنگی دەتگووت دەنگی ڕێژنەیە! دڵنیام ئەوە نە دوکتور بوە و نە زیندان بانی ئێرە! ئەوە ڕەنگە لە نەتەوەیەکگرتوەکانەوە هاتبێت بزانێ حاڵی ئەو زیندانیانەی لە شێتخانە ڕاگیراون چیە!
نیلگون پرسیاری حاڵی کردم، بۆم گێڕاوە کە هەر ئێستا، چەند چرکە پێش ئێستا، کەسێک تەلێفونی بۆ کردم و من دەبێ بڕۆم. بڕۆم تا درەنگ نەبوە، ئەگەر بگەمێ دەتوانم لە مەرگ ڕزگاری کەم. دەتوانم شان بدەمە بن جەنازەکەی و بیڕفێنمە نەخۆشخانە. لێم گەڕێن بڕۆم. کام جەلاد و کامە فاشیست و کام لەشکری چەنگیزخانە ڕێگا دەدا برینداری شەڕ تیمار بکرێ. خۆ من ناڵێم دوکتور و دەوا و دەرمانم دەنێ، دەڵێم لێم گەڕێن خۆم بڕۆم. خۆم هەڵی گرمەوە، هیچم لێتان ناوێ، لێم گەڕێن بگەمێ، تا درەنگ نەبوە. دەگەمە سەر جەنازەکەی، کراسەکەی بەری خۆم دەدڕێنم، برینەکانی دەبەستم، بۆ منتان لەو ژوورەدا ئەسیر کردوە؟ ئەوە جەنایەتی ناو شەڕە کە ناهێڵن من بڕۆم بریندارێک نەجات بدەم. یەڵماز بە تورکی شتێکی بە نیلگون وت، نەمزانی چی وت، بەڵام قسەیان لێک هەڵبەزیەوە و یەڵماز بە تووڕەیی وەتاغەکە و من و نیلگون کە بە هێمنی دەگریای جێ هێشت.
دایکم دەستی گرتووم، دایکم بە جحێڵی، نەک بە پیری و بە دەستە وشک و ڕەق و تەق بوو لە ئاوی سارد و شیو و کوڵ دا. دەستەکانی وەک ئەودەمە، وەک ئەودەمەی من منداڵ بووم. حەمامی پێ دەکردم، دە تەشت دا، تەشتێکی سوور! ئاوی لە عەمبارئاو گەرم دەکرد و بە کاسەیەکی بچووک لە سەرمەوە دەیشۆردم. دەستەکانی و سابوونەکە و ئاوە شیلەوگەرمەکە نەرمترین نەرمایی بوون. نا نا دەستی دایکم نیە! نیلگونە دەستی گرتووم، پەنجەکانی هەر وەک پەنجەکانی ئەوکاتی دایکمە، کە نینۆکی بۆ دەکردم، بە دستێک نەرمتر لە خوری قامکەکانی دەگرتم و بە دەستەکەی تری نینۆکی دەکردم. هێند بە خاوی و بە وریایی کە دەتگووت مژۆڵی خۆی بە مقەست کورت دەکاتەوە و وریایە مقەستەکە لە چاوی نەکوتێ. دەستی نیلگون وەک دەستی دایکم بوو، لووس، بڕێک چەور، وەک ماسی، نەرم، وەک ماست، دەستی وەک ماست دەچێ، نە ئاوە، نە جامدە، یان نا وەک پەنیری سەلک وایە، دڵنیای تا ئەو شوێنەی هێزت هەیە بیگوشە، بەڵام ئەو دەستانە نەرمترن لەوەی بشکێن!
نیلگون دەستی گرتبووم و بە چاوەکانی، چاوەکانی وەک نیل لە ژێر باران ئەو کاتەی نازانی چۆمەکە خەریکە بە باران تەڕ دەبێت یان داخۆ ئەوە بارانە کە خۆی لە چۆمەکە دا تەڕ دەکات، بە چاوەکانی کە نەمدەزانی ئەوە فرمێسکە لە چاوەکانی ئەو دا خۆی بڵاو دەکاتەوە یان خۆ چاوەکانیەتی کە لە فرمێسکەکان دا خەریکن مەلە دەکەن، بە چاوەکانی دەیهەویست خەمم لە گەڵ بەش کات، داوای بەشی خۆی دەکرد، مژدەی دەدامێ کە بەو قورسانە و بەو بیمارستانە من چاک دەبمەوە.
من چاکم، من ساغم، تەنیا دەڵێم لێم گەڕێن بڕۆم ڕەفیقەکەم ئێستا بریندارە، با بچم نەجاتی دەم. پێویستیم بەو قورس و دەرمانانە نییە، ئێوە من لە خەو دەکەن تا نەڕۆم، ئەوەتا لێرە لەو ژوورەدا ئەسیری ئێوەم.
بە جارە. جاری وایە قورسی خەوەکە دەخۆم و ئەوەی تر دەدەمەوە دەرێ، جاری واشە قورسی خەوەکەم فڕێ دەدەم و پاش ماوەیەک دەزانم کە ئەوە خەوەکەم داوەتەوە دەرێ، خۆرەکە وردە وردە کاڵ دەبێتەوە. سینگی ئاسمان جێ دێڵێ و بە خێرایی دەبێتە شەو، ناچار دەبم چرا هەڵ کەم، ئێستا بڕێک ساردە، ژاکەتێکی تەنک بە سەر شانم دادەم و دەچمە بەر پەنجەرەکە، چاو لە ئاسمان و ئەو گشتە هەورە دەکەم کە بە ئان و ساتێک هاتوونە بەر چاوم. چاو لەو گشتە تاریکیە دەکەم کە هەموو دنیایان داگرتوە. بە هەڵکەوتە کامە قورس بچێتە ناو گەروومەوە و تێکەڵ ئاو بێت و تێکەڵ خوێنم بێت و لە ڕەگەکانم دا بگەڕێ و بگاتە مێشکم و لە مێشکم دا خۆی بڵاو کاتەوە و نازانم کام بەشەی مێشکە ختیلکەی بدا و بیگەڕێنێتەوە دنیای واقێع!
خەوم نایە! دیارە ئەوجارەشیان هەمان قورس ڕۆیشتۆتە خوارێ و ئەوی تریان ماوەتەوە! تاوەکە ڕۆیشتوە و من ماومەتەوە و ئاسمانێکی پڕ هەور و وەتاغێکی دڵگیر و پەنجەرەیەکی گەورە، گەورە بە قەرای دەروازەی بیرەوەری. لەو پەنجەرەیەوە هەموو شتێکم بیر دێتەوە! ئەو پەنجەرەیە بۆ من بۆتە پەنجەرەی دیتنی دنیا. هەر لەو شیشانەوە خۆرەکەم دەبینم، گەرم دەبمەوە، هەر لە پشت ئەو شیشانەشەوە ڕابردووم دێتەوە بیر. ئەو ڕۆژەی کە خۆرەتاو بە سەر سینگی ئاسمانەوە بزمارڕێز کرا و ئیتر لە جێ نەبزووت! ئەرێ ئەو ڕۆژە کە زەمان وەستا، نە شەو هات و نە خۆر جوڵا و سێ سووچی ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو، خۆی کرد بە دووانەی کات و شوێن دا و هەموویان خۆیان لە شارۆچکەیەکی کەس پێ نەزانی کوردستان دیتەوە. ئەو ڕۆژەی مێژوو دەستی داهاتووی گرت و زەمان باوەشی بە کونەماسی داکرد و هەر لەوێ بڕیاریان بۆ من دا کە من و خۆرەتاو هەتا هەتا هەر لە کونەماسی و لەو ئێوارەیە و لەو چرکەیە و لەو گەرمایەدا بمێنینەوە!
مانگی شەش بوو، هاوین. من لەو سەری جیهان و ئەویش هەر لەوێ لە کوردستان. هەردووکمان وەڕەز لە گەرمای هاوین، بێتاقەت لەو تینە بێ تامەی هەتاو، من لە شوێنێک و لە کاتێک دا دەژیام و ئەو، ئەو بەرزەفڕتر بوو لەوەی کە لە شوێن و کات دا بمێنێتەوە. ئەو وای دەزانی ڕاسپاردەیەکی مێژوویی هەیە و دەبێ ئەو ڕاسپاردەیە بە جێ بێنێ. نا نا شیزۆفەرن نەبوو کە پێی وابێ لە گەڵ ئاسمان و خوا دواوە و پێغەمبەری قەومێکە و دەبێ ڕێگای نەجاتیان نیشان بدات! هەر لە منداڵیەوە ئەو بۆنی لێ دەهات، بۆنی مەرگ، بۆنی ئەوەی کە مەرگی هێند بە هەند وەرنەدەگرت. ڕەنگە بڕێک لە کەلەڕەقیەوە بێت بەڵام ئەو ئاوا بوو. ئەو بۆنی مەرگی لێدەهات، نەک بۆنێکی ناخۆش و وەڕەزکەر کە وا بزانی ئەوە هەڵگری داسی مەرگە و هاکا تۆش بەو داسە کوولەکەی عومرت شکا و سلار بوویەوە. نا نا، ئەو بۆنێکی خۆشی مەرگی لێدەهات، وات دەزانی ئەو کەسە بۆوە لە دایک بوە کە ڕۆژێک بمرێ، هەموومان دەمرین، بەڵام نا ئەو جیاواز دەمرێ، ڕەنگە ئەویش وەک ئێمە بە نەخۆشی، یان بە بەرماشێنکەوتن یان خۆ بە بە هەر شێوەیەکی ئاسایی و نائاسایی مردن مردبایەت، بەڵام هیچی لەوە نەدەگۆڕی کە ئەو بۆنی مەرگی لێدەهات و هەموان دەیانزانی کە ئەو لە دایک بوە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بە شێوەیەکی ئاسایی یان نائاسایی وا بمرێت کە پێمان وابێت ئەوە کارەساتێک ڕوویداوە.
مانگی شەش بوو کە خۆرەتاو تەواو عاجزی کردبووم. هەموو ڕۆژێ خۆر لە پێش مندا هەڵدەستا و دەهات نێوەڕاستی ئاسمانی دەگرت و کەڵەگایی لە هەموان دەکرد. ئەو ڕۆژە لە خەو هەستام وەک هەموو ڕۆژانی تر، بێخەبەر لەوەی ئەوڕۆ ڕۆژی حەشرە، بێ خەبەر بووم کە ئەو ڕۆژە ئیسڕافیل نەک بەیانی بەڵکوو ئێوارە دێت و فوو بە زۆڕناکەی دادەکات و دنیا خرا دەبێ و واحیدی قەهار دێتە خوارێ و هێلکەیەک لە کوردستان دادەنێ و دنیا وا تەخت دەکات کە من لەوسەری جیهانەوە هێلکەکە لە کوردستان ببینم!
بێخەبەر لە جیهان هەستابووم لە خەو و نەمدەزانی ئەوڕۆ قیامەتە و ئیسڕافیل دێ و دنیا خراپ دەبێ و پاشان خوا خۆی سواری ساروخێکی تورکی دەبێ و دادەبەزێتە سەر عەرز و هەموومان ڕوو دەکەینە ئەو شوێنەی خوا بارەگا و تەرازوەکەی لێ داناوە و چاوەڕوانە زیندوو و مردوو، ئەوەی گیانلەبەرە خۆی بگەێینێتە ئەوێ. بێخەبەر بووم کە خوا ناچێتە فەلەستین! خوا ئەو ڕۆژە هاتە کوردستان و چوە کونەماسی و منیش کە تەلێفونم بۆ کرا ئەوە ساروخێکی تورک، خۆی گەیاندۆتە کونەماسی، تەلێفونەکەم فڕێ دا و هاتمە دەرێ لە ماڵەکەم و هەر بە پێی پێخواس، بە چاوی بە گریانەوە، ڕووم کردە کوردستان! نازانم چەند ڕۆیشتم بەڵام نەگەیشتمێ! خۆر بە ئاسمانەوە دەسووتا!
سەعات چوار بوو کە ساروخە تورکەکە گەیشتە کونەماسی.