شەترەنج

تەموز 3, 2022

ئەردەڵان باستانی

ئارەزووم دەکرد لە ناکاو ماشێنێکی بارهەڵگر، تراکتۆرێک یان سێ‌تەگەریەک لە پێشەوە یان خۆ کە لە چوارڕێ‌یانێک تێدەپەڕین لە قەراخەوە خۆمان پێ دادا و بمرم و نەگەمێ. وەک کەسێکی ئەویندار یان خۆ وەک کەسێکی چاو لە ڕێی ونبوویەک نیگام لە شیشەی چەور و پیسی تاکسیەکەوە دابوە دەست خیابان. دەستی ڕاستم بە سمێڵمەوە بوو و دانە دانە هەڵم دەکەند و چاوم لە سەر جادەکە لانەدەدا. تامەزرۆ بووم کە ئێستا شتێک لێمان‌دا و ئەو سەفەرە چەند خولەکیە کە بۆ من هەزار ساڵ بوو نەگاتە مەنزڵ!
شوفیر تاکسیەکە پیاوێکی گەڕاوەی سەر و کاکۆڵ سپی کردووی سمێڵ پان بوو، بە دەستێک فەرمانی گرتبوو و بە دەستەکەی تری جگەرە. جار جارە لە ئاوێنە درزداوەکەیەوە چاوێکی لە پشتەوە دەکرد، وەک بڵێی دەیهەوێ سەری قسە بکاتەوە بەڵام شەرم دەکات یان خۆ دەترسێ.
لە پشت چرا سوورێک چاوی خستە سەر ئاوێنەکە و سەیری دەکردم، چاوەکانی لە ژێر ئەو برۆ تەسک و کورتانەیەوە دەیان پرسیاریان دەکرد. سەرم سووڕاند، لە ئاوێنەکەدا نیگامان کەوتە زۆران.
غیرەتی کرد، نەترسا. “چی بوە؟ بۆ گیراوی؟”
لە هەموو هەستێک بەتاڵ بوم، خەیاڵی ئەوەی کە داهاتووم چی دەبێت دەهات شێتم بکات. داهاتووی چی، تەنانەت ترسی ئەو پێشهاتانەی لە بەیانییەوە دەستی پێ دەکرد وە لەرزی خستبووم. سڕ بووم!

پرسیاری شۆفیرەکە نەیتوانی ئەو سڕ بوونەم بڕەوێنێتەوە. چاوم لە سەر چاوی هەڵنەگرت، بە دەنگێکی نە زۆر نزم و نە زۆر بەرز، بێ ئەوەی دەرخەری پەشیمانی یان خۆ سەربزێوی بێت جوابم دایەوە “کۆمەڵە”.
شۆفیرەکە، هاوکات کە دەندەی دەگۆڕی و لە چوارڕێ‌کە تێدەپەڕی، بە دەنگێک کە پێش وشە حەسرەت و خەفەتی دەگەیاند وتی” کۆمەڵە! هم! عەلی براشم پێشمەرگە بوو، شەهید کرا.”
تەنانەت وشەی شەهیدیش کە هەموو کات ڕەمزی متمانە کردن بە قسەی دایک و باوکم بوو نەیتوانی هەستێکم تیا ساز بکات، تەنیا لە ڕووی نیشاندانی ڕێزێک کە ئەو ئان و ساتە نەشم بوو گوتم یادی بەخێر!

“ساکت آقا، با متهم کە حرف نمی‌زنند”. سەربازەکە بە تورکی لە بەر خۆیەوە گوتی “کەپێوڵی” و ڕووی کردەوە ئەوبەری خیابانەکە. ڕەنگە دوو یان سێ ساڵ لە من گەورەتر بوو، سەرێکی خڕی تاشراو لە بن ئەو کڵاوە سەوزەی سەربازی. لامل و پەناگوێچکەی تاوسووتوو. دیار بوو تازە لە فێرگەی سەربازی دراوەتە زیندان. ئەویش بەقەرای من ترسابوو، لە دیژبانی دادگا کاتێک دەستی من و ئەویان وەک ژن و شوویەکی نابەدڵ پێکەوە کەلەپچە دەکرد پێیان وت ئاگات لێی بێت ئەوە خەتەرناکە و ڕەنگە هەڵێ.
ماڵوێران گیانی لە جێی سەخت بوو دەنا هەزار جار مرد و ژیایەوە تا ئەو تاکسیە بۆی ڕاگرتین!

لە بەر دادگا، دەستمان کە لە دەستی یەک گرێ درابوو، لە ترسانە پەنجەشی گرتبووم. ئوستوار فیروزی بە چاو دەپاڕاوە نەکا هەڵێم و دڵنیام پێی وابوو ئەو کەلەبچەیە دەغەڵی لێ دەکا و دەربازم دەکات. بیست جاری چاو لێ کرد و خۆی دڵنیا دەکردەوە کە نەکراوەتەوە. تا لێی وەجواب هاتم کە دەستمت شکاند مامە، خۆ منداڵ نی، ئەوەنیە تفەنگت پێیە و منیشت لێ کەلەبچە کراوم. پاشان من بە خۆم و جووتێک سەرپایی لاتڵیشاوەوە کوا دەتوانم لە بەرت هەڵێم. ئەویش تۆ کە هەم تفەنگت پێیە و هەمیش ئەو پۆتینە زەلامە ڕەشە باشانەت لە پێ دایە. وا پەشۆکابوو منی بە ئەمین دەزانی و پێی گوتم، “آخە حق تیر نداریم”. جوابم داوە بۆ ئەگەر بتبایە پێتەوەدەنام؟
بە دەنگێکی لەرزۆکەوە وتی “بە امام حسین فرار نکن”. نەمتوانی خۆم بگرم، قاقایەکم کێشا و لە باوەشم کرد و گوتم دڵنیا بە هەڵنایەم!

لە تاکسیەکەدا بەڵام خۆی زاڵ دەدی بە سەرم دا، دڵنیا بوو کە لەو ماشێنەدا ناتوانم هەڵێم، نەیدەزانی من ئەوە بیر لەوە دەکەمەوە کە بە دەستی چەپم کە کەلەپچە نەکراوە دەسگیرە ئیستیلەکەی تاکسیەکە بکێشم و بازدەمە دەرێ. دەهاتە بەرچاوم کە خۆم بە سەر ئیسفاڵتەکەدا ڕادەکێشرێم و ئوستوار فیروزیش خۆی بە چنگ و ددان لە تاکسیەکەدا ڕاگرتوە و بەری دەستی لەو ڕاکێشرانە دا توێژ توێژ لێ‌دەبێتەوە و تا سەر ئێسک قامکەکانی گۆشت بەردەدا. هەموو گیانم دەلەرزی کە دەست ببزوم و دەرگاکە بکەمەوە و بازدەم.

تاکسیەکە بە خاوی دەڕۆیی. لە سەر سێڕای خەجێ بەندەری چاوم لە سەوزی فرۆشیەکەی ماڵی گورگە دەکرد کە چۆن خەڵک وەک مێروولە لە سەوزی و میوەی بەر دەرگای دووکانەکە کۆ ببونەوە و دەستیان لە شت وەردەدا. ژنان دەسکە کەوەر یان تەڕەتیزە یان خۆ جەعفەریان هەڵدەگرت و زۆر موشتاقانە دەگەڕان بە دوای چڵێک سەوزی زەردبوو، پەڵەیەکی بچووکی قوڕ، سیسی، فلیقاوەیی و کە دەیان‌دۆزیەوە وەک دۆزەرەوەی شتێکی گرینگ بزەیان دەهات، دایاندەنا و دەسکێکی تریان هەڵدەگرت و دەکەوتنەوە پشکنینی. ماشێنەکە هەر وا دەڕۆیی، هەرچەند مەودای دادگا تا زیندان ئەوەندە دوور نەبوو بەڵام بۆ من چرکە بە ساڵ تێدەپەڕی. لە چوارڕێ‌کە کە تاکسیەکە هاتەوە سەر خیابانی سەرەکی بۆکان، چاوم بە دیوارەکانی ئیتلاعات کەوتەوە. فریا نەکەوتم هەمووی ببینم. تەنیا دیوارە سیمانییە بۆرەکەی و دەرگا دووتاقە شیری ڕەنگەکەی و ئەو بلووکانەم دیت کە پەنجەرەکانی تەبەقەی یەکەمیان پێ گرتبوو. ئەوە یەکەم جار بوو ئاوا بە وردی سەیری ئەو پەنجەرانەم دەکرد. ئاخر من کەسێکم کە دوو دیوی ئەو پەنجەرانەم دیوە، دیومە ژووری ئەو پەنجەرانە چەندە کپ و بێ دەنگە و هەوای ئەوێ چەند بۆگەنە. دیوارەکانی هیچ کات ڕەنگ ناکرێنەوە چون کەس ناوێرێ لە سەر ئەو دیوارانە دێڕێک یان خۆ وشەیەک، تەنانەت خاڵێک بنووسێ. ئەو دیوارانە جاسووسن، تەنیا یەک وشەش بنووسی لە سەرت دەکرێ بە بەڵگە و دەهێندرێتە سەر کاغەز و لێپرسینەوەی لە سەر دەکرێ و کۆڵی لێ نادرێ تا بزانرێ تۆ ئەو وشەیە یان خۆ ئەو نیشانە بێ مانایە لە کوێ فێر بووی و مانای چیە و بۆ کێت نووسیوە. دەستت لە یەخە ناکرێتەوە تا لە نەبوونەوە مانایەک بۆ نیشانەیەک کە خۆشت نازانی چیە داتاشی و نێوێک کە خۆشت نازانی کێیە و داخۆ لە دایک بوە یان مردوە یان خۆ قەرارە لە دایک بێ بێنیە سەر زمان و ڕوونی کەیەوە چۆن ویستوتە بەو نیشانەیە لە سەر دیواری متفەڕکی وەتاغی لێ‌پرسینەوەی ئیتلاعات، ئاژاوەیەک بنێیەوە و سەرلەنوێ بشێوی لە “امنیت ملی” دا ساز کەی.

تاکسیەکە لە ئیدارەی دوخانیات تێپەڕ بوو و لە قەراخ دووکانی ماڵی باستانی ڕایگرت! نەکبەتی من ئەوە بوو کە گەیشتمێ!
دەرگای سەوزی زیندانی بۆکان، دیوارەکانی دەرەوەی و هەموو ئەو سوراو و سپیاوەی بۆی کراوە تەنیا بۆ ئەوەیە بڕێک ترسی کەسانی وەک من بڕەوێنێتەوە. سەربازەکە لە دەرگای دا و دەرگایەکی بچووکیان کردەوە و منیش چوومە ژورێ. قایشی شەرواڵیان لێ وەرگرتم و کوتە کاغەزێکی زەرد و تۆخ و چڵکنیان هێنا کە تێی‌دا نوسرابوو “جلەکانم لە ئیتلاعاتەوە هاتوە و لێرە دیومە”. گوتم کوان؟ کابرا خۆی زیندانی بوو و لەوێ کاری دەکرد بە دەنگێکی خومارەوە گوتی دە تۆ خودا ئەزیەت مەکە هەتیو، هاتوە ئیدی. لەسەری نەچووم، ئیمزام کرد و بردیانمە دیوی ژورەوە.

نە لە حەسارێ و نە لە داڵانەکەدا فریای دیتنی هیچ نەکەوتم، هەموو شتێک بە خێرایی تێپەر دەبوو. تا وەخۆم هاتمەوە لە داڵانی سەرەکی ئاودیوی بەندیان کردم و ئەمجارەیان وەکیل‌بەند کە پیاوێکی گەڕاوەی چاویلکە لە چاوی سەرتاس بوو وەری گرتم و گوتی با بڕۆین بۆ لای ئاغای ڕەحمانی!
لە پشت سەریەوە کە دەڕۆیشتم چاوم لە سەری دەکرد کە دەتگوت کاڵەکی تاشکەندە، درێژ و ناحەز، لە ڕۆیشتنیش دا بە شانی چەپ دا دەلەریوە و وەپێکەنینی دەخستی.

دەرگایەکی داری ڕەنگ و ڕووخۆشی کردەوە و چوینە ژورێ، پیاوێکی گوپنی کەڵەگەتی چوارشانە لە پشت میزێکی دارگوێزی درێژ و پان دانیشتبوو. کۆت و شەرواڵێکی خۆڵەمێشی لەبەردا. کراسێکی چوارخانەی شین. زگی بەردابوەوە سەر ڕانی. لە سەر سەندەڵیەکی بڵیند، ئەوەندە بڵیند کە دەستی دەگەیشتە هەموو میزەکە. وێنەیەکی خومەینی بە پشت سەریەوە. وێنەیەکی خامەنەییش لە سەر میزەکەی. دوو سەندەڵی چەرمیش لە بەر میزەکەی و چەند مۆبڵێکیش لەولای ژوورەکەیەوە داندرابوون. فەرمووی دانیشتنی کردم و من و کابرای وەکیل بەندیش دانیشتین.
ڕەحمانی، برۆی تێک‌نابوو، توڕە نەبوو بەڵام دەیهەویست خۆی توڕە نیشان بدات. ئەو دم و کەڵپ و سمێڵە باریکەی زیاتر وەک شەیار و لۆتی دەچوو و گاڵتەت پێی دەهات تا ئەوەی کە قسەی لێ بە هەند وەرگری یان خۆ لێی بترسی.

خودکارێکی شینی بە دەستەوە بوو و کایەی پێ دەکرد و دەیهەویست ڕێگایەک بۆ قسە کردن بکاتەوە. چەند جارێک خودکارەکەی سەر و قون کرد لە قامکەکانی دا و گەرووی بە قومێک ئاو تەڕ کرد و گوتی “خۆ دەزانی ئێرە کوێیە؟ ئەمن باوکت و ماڵی مامەکانت دەناسم و تەیافەی چاکن، تۆش منداڵی و ئەوە تازە تووش بووی، ئەگەر کوڕی چاک بی کە هەی، ئەوە زوو نەجاتت دەبێ”.
نەمهێشت قسەکەی تەواو کات، گوتم کوڕی چاک چییە؟
ڕەحمانی وەک بەرازێک کە تێر بخوا قرخەیەکی کرد و پێکەنی و گوتی دەی کوڕی چاک یانی ئەوەی لە ئیتلاعات پێیان گوتووی لێرە ڕەچاوی کەی. وڵامم داوە کە لە ئیتلاعات هیچیان پێ نەگوتووم تا ڕەچاوی کەم. دم و قەپۆزی تەواو تێک چوو، هەر بە یەکجاری لە بەرچاوم بوو بە بەراز. بە دەنگێک کە دەتگوت نایهەوێ بگوڕێنێ و بەڵام هەر دەگوڕێنێ دەستی کردبوو بە قسە، ئەوەندە بەپەلە وشەکانی دەدا دەرێ کە دەتگوت ملوانکەیەک بەنەکەی پساوەوە و هەزار مووروو بە تێکڕایی بەردەبنەوە سەر عەرز و تۆش نە فریای گرتنەوەیان دەکەوی و نە دەیان‌بینیەوە.

هەرچیم دەکرد لە ڕەحمانی و ئەو هات و هاوارەی نەدەترسام. لە دڵی خۆم دا گوتم کۆڕە تۆ پیاوی ئەو شتانە نیت. هۆشیشم نەبوو دەڵێ چی، ئەوەندە دەزانم هەندێک ڕستەی بە “دەبیرستان و منداڵی دوێنێ و زیندان” دەهاویشتە دەرێ و لە پڕ گوڕاندی و دەستە خەپەخۆڵەکانی کە دەتگوت چنگی ورچە مست کرد و مستێکی کوتا بە سەر میزەکەدا، ڕاچەنیم!
دەتکەم بە بەشەر، دەتنێرمە بەندی “بلاتکلیف” تا بزانی دنیا بەری بە کوێوەیە! من حەپەسابووم، نە دەمزانی بوا توڕە بوە نە دەمزانی بەندی “بلاتکلیف” چیە و هێور هەر چاوم لێ دەکرد. وەکیل‌بەند هەستا و منیش بە دوای دا هەستام و لە دەرگاکە چووینە دەرێ و دیسان چووینەوە بۆ داڵانەکە. سووچێکمان تێپەڕاند و ئەوجار گەیشتینە بەر دەرگایەکی نەردەی ئاسن. کابرای وەکیل‌بەند سەرێکی لەقاند و گوتی ئێرەیە!
منیش چوومە ژورێ. ژوورێکی گەورە، لانی کەم هەشت میتر پان و دە بۆ دوازدە میتریش درێژ! بە تەنیشت دیوارەوە تەختی سێ مەرتەبە داندرابوو و لە سەر هەندێک تەختی سەرێش کەسانێک لاقیان شۆڕ کردبوەوە خوارێ و جگەرەیان دەکێشا. عەرزەکەشی بە زیلۆ و پادەری و ناوە ناوە پەتوو داپۆشرابوو. جەماعەتێکی زۆر لە سەر عەرزی چوار مشقی یان خۆ لاق ڕاکێشراو دانیشتبوون. هەر بە چاو و بێ بژاردن دیار بوو کە تەخت کەمترە لە زیندانیەکان و دەبێ خەڵکێکی زۆر لە سەر عەرز بنوون. وەکیل‌بەندیش هاتە ژورێ و هەرای لە کاک مەحموودێک کرد و کاک مەحموود بە لارە لار کە دیار بوو خوماری تریاکە هاتە پێشێ و یاڵای لە گەڵ لێدامەوە و خۆمان بە یەکتری ناساند و وەکیل‌بەندیش گوتی ئەو جەوانە لەوڕۆوە لێرەیە. کاک مەحموود دەتگوت ئاوی ساردت پێدا کردبێ هەڵبەزیەوە و گوتی ئەوە نەدەبوو بچێتە بەندی “جوانان”؟ ڕەحمانی ناردوویەتی! جوابی وەکیل‌بەندەکە بوو کە بە دەم ڕۆیشتنە دەرێوە سەری دەلەقاند.

کاک مەحموود لەوانە بوو ٤٥ بۆ ٥٠ ساڵێکی ببێ، بەڵام سەر و سمێڵ و ڕێش و تەنانەت برۆشی ماش و برینجی ببو. زۆر تێکشکابووەوە. سمێڵی تێکەڵ ڕیشی کردبوەوە و ئەویتری تاشیبوو، ڕەشتاڵە بوو و ئەو ڕیشەی لێ جوان بوو هەرچەند دەتگوت ماستی خواردوە و پیاڵە ماستەکەی لستۆتەوە و دەمی ماستاوی بوە.

مەحموود پرسی چەند ساڵی و منیش ویستم بیشارمەوە چەندەم وتم ١٨، هاوکات بیریشم لەوە دەکردەوە کە ١٥ و ١٦ و تەنانەت ٢٠یش لێرە فەرقێک ناکات! لە جوابی بۆ گیراویش گوتم کۆمەڵە!
وای زانی درۆ دەکەم یا هەر شتێک زۆر گرینگی نەدا، تەنیا وتی ئاگات لە خۆت بێ و شەڕ و هەرا ساز نەکەی ئێرە پڕە لە چەقۆکێش! مەحموود خەریک بوو ڕێنمایی حەمام چوون و کاری کۆمۆن و ئەوانەی دەکردم کە دەنگێکی گڕ هەرای کرد وەرە ئێرە کوڕە بزانم بۆ ڕێی مەدرەسەت لێ ون بوە.

بچۆ بەڵام ئاگات لە خۆت بێ!

چوار پیاو لە دەوری یەک دانیشتبوون و کەتریەک چاییان دانابوو لە پێش خۆیان و خێرا خێرا بە ئیستکانی قوریشکە یان خۆ ئیستیل چایان دەخواردەوە، دەنگی هەڵقوڕاندنی چایی هەموو گوێچکەیەکی ئازار دەدا. جگە لە دانەیەکیان کە کراسێکی مەیلەو سەوزی تازە شۆراوی لە بەردابوو ئەوانی‌تر بە ژێرکراسەوە دانیشتبوون. تووکی سینگیان دەتگوت بەرسینگی ورچە. هەموو بە تێکڕایی جگەرەیان دەکێشا. ئەو ژوورە وەک مدبەقی دێهات بوو کاتێک تەندوری لێ دادەخەن و گڕی دەدەن و هەموو وڵات دەبێ بە دووکەڵ و لە کولانکەوە تا عەرزی باریکە تیشکێک دێت و دووکەڵ وەک هەور دەبینی کە دەڕواتە سەرێ و دڵت دەیهەوێ پەنجە بەری تا ئەو نەرماییەی دێتە بەرچاوت بە دەست بگری بەڵام ناکرێ.
یەکیان کە لەوانی‌تر بەتەمەن‌تر بوو گوتی دانیشە بابم، چایەکت بۆ تێکەم؟

نا زەحمەت مەکێشە خۆم تێ دەکەم. دەستم کێشا و کەتریەکەم هەڵگرت و چاییەکم بۆ خۆم لە لیوانێکی ئیستیلی بۆڵغی زەرد گرتوو کرد.

بە دەم چایی خواردنەوە کە قسەمان دەکرد و چاوم لێ دەکردی هیچ کات بڕوام نەدەکرد ئاوا لێک نزیک بینەوە و من داوای کارێکی وەهات لێ بکەم. بڕوام نەدەکرد ئەو پیاوە خلۆرکاویەی قەدەر نا قەدەرێک چاویلکەکانی لە کلکەوە دەگرت و دەینوساندەوە بە برۆی ببێتە هەموو کەسم و منیش لە بێ‌پەنایی و ڕۆچوون دا پەنای بۆ بەرم و داوای لێ بکەم یارمەتیم دات. نەک ئەوەی دەستم بگرێ بۆ هەستانەوە، بەڵکوو پاڵم پێوە نێت بۆ نوقم بوونی یەکجاری.

کاک کەریم پەشۆکابوو. نەک ئەو بەڵکوو لەوانەیە کەس بە نێوی یارمەتی داوای لە کەسی‌تر نەکردبێت کە بیکوژێ و لە ژیان ڕزگاری کات. چاوە درشتەکانی کە دەتگوت مەڕمەرە شوشەن لە پشت ئەو چاویلکە پان و ئەستوورانەدا خووسابوون. وەک نوزەی بێت ئاوا گوتی سەگباب زیندان و شەترەنج کوجا مەرحەبا!

ناوی شەترەنج، بریسکەیەک بوو بۆ بیرهاتنەوەی هەموو ئەو شەوانەی کە لەو زیندانەدا تا بەیان، تا ئەو کاتەی وەکیل‌بەند بە خودکار لە نەردەکانی دەدا و هەرای هەستانی دەکرد بۆ وەرزش، خەو نەدەهاتە چاوم. بریسکە بوو کە برینی کولاندمەوە و دەم و چاوی گەشاوەی خۆمی پێش شەترەنج و پێش هێرۆئینی هێناوە بەر چاوم.

ئەو ڕۆژانەی کە بۆ بێ‌تاقەتی دەچووم لەو کتێبخانە وێرانەی زیندان لە نێو کتێبی دەیان مەلا و کۆلکە مەلای دم‌سەگ دا دەگەڕام و ئاخیری رۆمانی کەچە نووسەرێکی بێ ناو و نیشانم دەدۆزیەوە کە ڕەنگ بێت نوسین کاسبیەکەی بوو بێت و لە گەڵ زیندان قەراری کردبێ هەر چەند ساڵ جارێک چی لە مێشکی بەتاڵی دایە بیخاتە سەر کاغەز و چاپی کات و بینێرێتە ئێرە، نوسەری وا کە ناوی لە کولەکەی تەڕیش دا نیە و لە زیندان نەبێت، کەس بیسمیلای هیچ دەقێکی لێ نەکردوە!

ئەو رۆژانەی حافزم دێنا و شێعرێکی کە لە دڵمەوە نزیک بوایە دە جارم دەخوێندەوە و ڕەوانم دەکرد و جا کاک کەریمیشم بۆ بانگ دەکرد و بۆم دەخوێندەوە. یان خۆ بە بیانۆی فاڵ گرتنەوە گۆنگەڵم ساز دەکرد و هەر بە دڵی خۆم ئەو داماوانەم لە زیندان ئازاد دەکرد و یان دەمهێشتنەوە و یان ژنەکەیانم بە شوو دەداوە یان خۆ باوکیانم لێ دەمراندن و پاشانیش لە گەڵ کاک کەریم تێر پێ دەکەنین بەو گاڵتەجاڕە.

ئەو ڕۆژەم هاتەوە بیر کە بە پەلە خۆم کرد بە بەندەکەدا و شانی کاک کەریمم ڕاوەشاند و لە خەوم هەستاند و گوتم ئەرێ تۆ شەترەنج دەزانی؟ ئەویش بە دەم باوێشک دانەوە دەستی یان خۆ تەنیا قامکە تووتەکانی بە چاوی دا هێنا و چاویلکەکانی خستەوە سەر لووتی و پەتە ڕەشەکەی خستە پشت سەری و بە کاوەخۆ، زۆر بە کاوەخۆتر لە منی موشتاق لە تەختەکەی هاتە سەر عەرز و جا گوتی بڕۆ بیهێنە.

وەرەقە لایلۆنەکەم لە پێش کاک کەریم کردەوە لە بەر تۆز خانەکان لێک نەدەکرانەوە و سەربازێکی سپیش دیار نەبوو. هەموو جارێ کلۆ قەندێکمان لە جیاتی سەربازە ونەکە دادەنا و ئەوەندەی محێدینە کەچەڵیش دیار بایە و کلۆ قەندەقەی دیبایە، چەند دێڕێکی بە شێواوی لە “سەربازی ون” دەخوێندەوە و قاقای دەکێشا.

محێدین هەر ئەو کراسە سەوزەی هەبوو کە لە بەری دابوو، حەوتووی جارێک دەیشۆرد و بە ژێرکراسێکەوە دادەنیشت و جار نا جاریش کۆنە برینی سەر شانی دەخوراند و بە نەفرەتەوە چاوی لە هەموان دەکرد. نە کەس خۆشی دەویست و نە ئەویش جگە لە ئەو سێ چوار بەڕەڵایەی لە دەوری بوون کەسی دەدواند. کاک کەریم هەموو جارێ لە حەساری زیندان کە محێدینمان تووش دەبوو دەیگوت ئەو بێ‌شەڕەفە خەریکی تریاک فرۆشتنە و ئاخ چۆن زەلیل بوین بە دەستیانەوە و چۆن ناچار بووین لە گەڵ چی دەرکراو و تارێندراوی ئەو شارەیە ببینە هاوکەلام و هاوکاسە و ناشکرێ قسەی لە گەڵ نەکەی، ئەویش بەشەرە و ئێرەش زیندان. ئەو قسانەی کە هەزارجار دووپات کردبوەوە بە رقەوە دووبارە دەکردەوە و کوڵمەی سوور سوور دەبوونەوە و جنێوێکی دەدا و باسەکەی دەگۆڕی.

ناوی شەترەنج بریسکە بوو بۆ هاتنەوەی ئەو شەوەی کە قەت لە من ڕۆژ نەبوەوە، ئەو شەوەی کە بۆ دوایین جار شەترەنجمان کرد، شای کاک کەریم خۆی گەیاندبوە دوایین خانەی ڕەشی مەیدانەکە و منیش بە ئەسبێک هەردوو خانە سپیەکەی ئەولا و لایم گرتبوو و زۆر بە هێواشی قەڵایەکم جوڵاند تا تەنگی پێ هەڵچنم. فیلێکی ڕەشم مابوو، هەر بۆ جەفەنگ بردمە بەر تیغی کڵۆ قەندەکە و کاک کەریمیش بە غار هەڵی گرت و لە خۆشیان گەشایەوە، بە بزەی کەسێکی سەرکەوتوەوە چاوی لێ دەکردم. کە گوتم مات! کاک کەریم پەشۆکا و هەر چاوی لە شای خۆی و لەو وەزیرەی لە پشت فیلەکەوە هاتبوە لای شایەکەی و قەڵای نەگبەت و کڵۆ قەندەکە دەکرد.

بە پێکەنینەوە گوتی بەیانی تۆڵەت لێ دەکەمەوە. لە پێچانەوەی مەیدانەکە دابووم محێدین هات دانیشت و گوتی با دەستێک بکەین. کاک کەریم برۆیەکی هەڵتەکاند، بەڵام چار نەبوو، زیندانە و دەبیە هاوکەلام و هاوکاسەی جەردە و یاخی و بێ‌شەڕەف و پیاوماقوڵ و دز و ژن‌کوژ و شۆڕشگێڕ و ئیفلاس و هەموو کەس و ناکەسێک.

گوتم نەیخەینە بەیانی؟ گوتی نا دەی هەر ئێستا.

ڕەش یان سپی؟ پێکەنی و ددانە ڕزیوەکانی دەردەکەوت. گوتی من بە سەربازی ون کایە دەکەم چون لە پێش دا دەس پێ دەکات!
چۆکی بە چۆکی کاک کەریمەوە نابوو و سێ بەڕەڵاکەشی لە شانمان دانیشتبوون و شەترەنج و تۆپێنیان کردبوو بە یەک و هانی محێدینە کەچەڵیان دەدا. زۆر وریا بووم نەیدۆڕێنێ، ئاخر کەسێک کە نێوکیان بە نەفرەت بڕیوە و جەلاد گۆژی کردوە کوا بۆ گاڵتە دەبێ کە تینی بدەی لێت یاخی بێت. بەڵام چار چیە کاتێک کەسەکە نەتوانێ بیباتەوە تەنانەت ئەگەر بردنەوەشی بۆ هاسان کەی. شای من وەک سوڵتان حوسێنی سەفەوی خۆی دەڕۆیی بەرەو مەرگ کەچی کابرای پیاوکوژ نەیدەزانی چەقۆ بگرێ. خۆی دەڕۆیی خۆی تەسلیم کات، کەچی دوژمن گوریسی دەس بەستنێکی نەدەزانی گرێ بدا. محێدین هەر بە زۆری دۆڕاندی.

دۆڕاندن بۆ کەسێک کە پێشتر دۆڕاوە، هەڵکەندنەوەی قرماغەی برینە. محێدینە کەچەڵ بە سەر سوڕمانەوە چاوی لێ دەکردم، بڕوای نەدەکرد و بەلایەوە قەباحەتێک ڕووی دابوو. گڕی گرت و دەستی کرد بە جنێو دان. بەڕەڵا کانیشی بە دوای دا.

هەرچیم دەکرد قەوەم بە مەچەکی نەدەشکا و نەمدەتوانی باسکم لە نێوان قامکە ڕەق و زبرەکانی دەرێنمەوە. لە گەڵ زللەکانی فرمێسک لە چاوم شۆڕ ببوەوە و تاسابووم. بە عەرزی دادام و منیش دمەوڕوو کەوتم، سەری خستمە بن تەختەکەوە، چاوم پڕی فرمێسک و تۆزی بن تەختەکە، چاوم پڕ لە قوڕ. کاک کەریمم دەدی کە قوونە کەوچکێکی تیژ کراوی لە سەر ملە و هەر دەپاڕێتەوە. گوێم لە هیچ نەبوو. لە بەر تۆز هەناسەم نەدەهات.

قورس، بە قەوەت، لینگەفڕتێی لێ بڕیم. پچڕاندی. لە گەڵ پچڕاندنی هەستم کرد پێستم لێ بوەوە. دەستی خستبوە پشتە ملم، تەنیا چاوەکانی کاک کەریمم دەدی کە وەک من دەگریا. ئێش، ژان، نەفرەت، ئێش، ڕەنگە خوێن، دڕان، تەکان تەکانی ئەو جەستە پڕ لە قینە. ئێش!

نیوەگیان کەوتبووم، کاک کەریم هێنامیەوە دەرێ و پاتۆڵە دۆخین پساوەکەمی هەڵکێشاوە و دایە دەستم و وەک بەرخێکی لاق شکاو، بردمی بەرەو دەرێ. لە دەرکی بەندەکە کە جووتێک سەرپایی بە لاق بۆ دێنامە پێش، دەنگی محێدین هات کە بە قاقاوە گوتی تۆش دەستێکی سوار بە، لە کچ خۆشترە!

لە بەر دووشەکە کە دەیشتم و منیش دەستم بە لولەی ئاوەکە گرتبوو کە نەکات بەربمەوە گوێم لە کاک کەریم بوو کە دەگریا و دەیگوت ئاخ مردن لە کوێی!

ناوی شەترەنج، بریسکە بوو بۆ ئەو شەوەی کە نازانم چەندەشی لێ تێپەڕیوە. کاک کەریم بمکوژە!