فڕۆکەخانەی تەبعید

تشرینی دووهەم 29, 2022

ئەردەڵان باستانی

هەروا کە تیڤیەکە ڕووداوەکانی بە وردی دەگواستەوە، پڕاوپڕی هەستێکی نەناس بووم. هەستێک نزیک لە شادی. زیاتر لە شادی. پڕ لە دڵ‌خۆشی بووم. بە پەلە بووم. وەک جێ مابم. شتەکانم لە جانتایەک دەئاخنی و هەر شتم لە بیر دەچوو و دیسان هەڵم دەڕشتەوە و سەر لە نوێ دەم‌پێچاوە. جانتایەکی سەوزی زەلامی مەیلەو سەربازی، هەزار گیرفان و سەد پەتک و گوریس و زیبی پێوە، بۆ ڕۆژێکی وەک ئەورۆم کڕی‌بوو، ٤٠ کیلۆ جێ دەبات. دەیان سەفەرم پێ کردوە و ماندوو نابێت. وەک بڵێی زانیویە بۆ کەیم کڕیوە! ئەو دەستم بە ئەو دەستەکەی دیکەم دەڵێ گوو مەخۆ.
من هەموو ژیانم وەک کەسێک بوو کە لە جەبهەیە. لە جەبهە لە دایک بوە و لە جەبهە گەورە بوە و هەر لە جەبهەش قەرارە بمرێ. هەموو کات هێرشم لە سەر بوە، هەر بۆیەشە هیچ هەستێک بە ئارامی، بە هێواشی، بە نەرمی نایەتە دڵ و دەروونمەوە بەڵکوو هەر بە هێرش. بە یەک جێ دێ و دەمبەزێنێ!
ئێستاش هەر وایە! بەڵام ئەو جارەیان ئەوە شادیە، دڵ‌خۆشیە کە هێرشی کردۆتە سەرم! بە پەلەم. بە پەلەتر لە جووتیار بۆ فرۆشتنی دەغڵەکەی. بەپەلەتر لە منداڵ بۆ خواردنی شیر و مژتنی مەمک، بە پەلەتر لە مەلای سەر قەبران بۆ تەڵقین دادانی مردووی کەڕ! بە پەلەتر لە بەننا بۆ وەرگرتنی خشتێکی‌تر. بە پەلەتر لە دوانەیەکی ئاشق لە جێژوانێکی خاترجەم دا.

هەر من بەپەلە نیم. هەواڵنێرەکەش هەروا بەپەلەیە. بە شەوقەوە باسی ڕووداوەکە دەکات. ناتوانێ خۆشحاڵی خۆی حەشار دات کە ئەوە بە پۆل، خەڵکەکە جانتای بچووک بچووک بە شانەوە هەڵدێنە سەفی فڕۆکەخانەکانەوە و هەموویان وەک من بەپەلەن. هەواڵنێرەکە ناوە ناوە زیادەڕۆیی دەکات و باسی کاریگەریەکانی ئەو ڕووداوە لە سەر کۆمەڵگا ئوروپاییەکان دەکات و بیر گوێگران و بینەرانی دەخاتەوە کە ئەو خەڵکە لە سەرەتای ٨٠کانەوە بە چەند وەجبە، بە تاک و بە کۆ هاتوون و چەندەیان لەو کۆمەڵگایانە و لە ئینسان‌دۆستی سپی‌پێستانه کۆمەگ بۆ هاتوە و بە بێ‌کار خولاونەتەوە و لە پارەی ماڵیاتی شارومەندانی ئەو وڵاتانە دەرسیان خوێندوە و پێ‌گەیشتوون و ئەوە ئێستاش دەڕۆنەوە و دەبێ منەت‌باری ئێرە بن کە مەئمەنیان بوە. تەنیا نیگەرانی هەواڵنێرەکە ئەوە بوو کە بۆچی ئەو خەڵکە بە بێ منداڵەکانیان یان خۆ بێ هاوسەرەکانیان دەڕۆنەوە، نەکا بەهیوان بێنەوە و ئەگە نیازی گەڕانەوەیان بێت، دەوڵەت دەبێ چ هەڵوێستێکی بێت؟ ئەوە یەکەم جار بوو کە گوێم نەدەدا بە قسەی فاشیستەکان و تەنانەت یەکەم جاریشە کە هاوکات لە گەڵ ئەوان منیش خۆشحاڵم.

چاوم عەرزی نەدەدی. دڵۆپ دڵۆپ فرمێسک بە چاوم‌دا دەهاتە خوارێ و هۆشم لە خۆم نەبوو. هەر دەهاتم و دەچووم و چاوم لە سەعاتەکەم دەکرد، بە پەلە بووم. بە پەلە بۆ دیتنی ئەو چرکەساتەی کە ساڵانێکە هەموو بەیانییەک تەنیا بە هومێدی دیتنی ئەو چاو هەڵدێنم. چرکەیەک کە دایکیشم چل ساڵ بە کراسی ڕەش و چاوی بە گریان و زاری بە دۆعاوە بۆ دیتنی خەوت و چاوی هەڵێنا و دۆعای کرد و ئاخرجار کە ناهومێد بوو چاوی قوچاند. چرکە ساتێک کە تامەزرۆیی دیتنی هەر بە گەنجی سەری پێ سپی کردم و ژیانی لێ تاڵ کردم و کردمی بە کەسێکی چاوەڕوان کە هەموو ژیانی هەر کات دەباتە سەر بۆ دیتنی ئەو چرکەیە!

بەپەلە بووم کە ئەو چرکەیە لە کیس نەدەم، نەکا بچێ و پاش ئەو هەموو چاوەڕوانییە، پاش ئەو هەموو ئومێدواری و نوقم بوون لە باتڵاقی ناهوێدی و دیسانەوە هاتنەوە دەر، نەکا پاشی ئەو گشتە خەیاڵەی بۆ ئەو ڕۆژەم هەبوو، پاش هەزاران خەون کە دیتم و دایچڵەکاندم و ئەو گشتە شەوەی کە خەو نەهات دەستم بگرێ و بمبات! نەکات ئێستا درەنگ بگەمێ! نەکا درەنگ بگەمێ و ئەو تەنیا ئارەزوویەم کە تەنیا یەک جار هەلی روودانی هەیە و منیش ئەوەندە خۆشبەختم کە بیبینم، نەبینم.

نەکا درەنگتر بگەمێ و چرکەکە نەبینم، ئەوکات چارەنووسی من ڕەشترە لە وانەی کە مەرگ مەودای نەدانێ کە ڕووخانی ستەم ببینن! هەر خۆم بووم و چرکە چرکە ترس لە درەنگ گەیشتن!

نازانم لە کەیەوە لە تاقی دەرگادا وەستابوو، بسکە خورماییەکانی وەک هەمیشە بە مەوجەوە بەسەر شان و لاملی‌دا بەردابوەوە. باسکە سپیە خاڵ خاڵەکانی تێک هاڵاندبوو و چاوە سەوزەکانی بڕیبوە من! چاوەکانی پاش دەساڵ هەمان چاوی چاوەی ئەشق و شەوقن کە لە قاوەخانە دیتمن، هەمان دووچاو کە دەریا بوون. مەند، بانگی دەکردی بۆ مەلە و هەر خۆت بە دڵخواز خۆت تێ داویشت و بە گیان و دڵ دەتویست خنکاوی ئەو دەریایە بیت. ئەو چاوانەی کە لە ناوەڕاستی دۆزەخیش کاتێک چاوت تێ بڕیبان، دەچوویە جەنەت! چاوەکانی نەدەترووکاند، ئەویش وەک من ساڵانێکە چاوەڕوانە. بەڵام نەک چاوەڕوانی هاتنی چرکەساتەکە.

Maja  ساڵانێکە وەک من دواکەوتووی هەواڵەکانی ئێرانە! ئێران خۆخودەی ئەویشە و ئێران خەوزڕێنیەتی و ئێران جەلادی ئەویشە و نەدیتوو ئەویش وەک من بەیانیان بە بیری ئێران و شەوان بە خەیاڵی ئێران هەڵدەستێ و دەنوێ! دەمێک ساڵە نیشان دەدا کە ئەویش ئاواتەخوازی ئەو چرکەساتەیە کە بێت. هاوار دەکات کە بێت. بە با و باران و بەفر و سەرما و گەرما دێتە سەر شەقام کە بێت. هەموو ئەو ساڵانە کە پێکەوە شان‌بە‌شان چووینەتە دەرێ، چوینەتە ڕێپێوان یان بەر باڵوێزی ئێران نیشانی دا کە دەیهەوێ ئەو چرکەیە بێت. هەموو ئەو ڕۆژانەی کە من کوردێک بووم لە هەندەران، کوردێک کە داستانی ئێرانی لە توێکڵی فرمێسک و هەنیسک دا دەگێراوە و ئەویش دوو چاوی گریان و دوو گوێچکەی بیسەر بوو، بە زمان ئاواتی دەخواست کە بێت. منیش بە چاوی تەمەنناوە، چاوە سەوزەکانیم دەدواند و تکام لێ دەکرد نەکا بۆ چرکەیەک لەو ئاواتەدا شک بکەن! نەکا ئەشق دژی ئینسان بێت و ئەو چاوانە ئارەزوو بکەن بۆ نەهاتنی ئەو چرکەیە!

لە تاقی دەرگادا وەستاوە، چاوە سەوزەکان هەمان چاوی جارانن، بەڵام ئێستاکە پڕ لە خەم. تۆ بڵێی ترساون، چیتر دەریا مەندەکە نین کە خولیات کەن بۆ نوقم بوون، تۆفانین! ئالۆزن. تەوژمی خەفەت پێیان‌دا دێت و تەنانەت نوقمیشت ناکەن، دەتخنکێنن و هەر خێراش سواری پشتی بەلرفەی مەوجێکت دەکەن و فڕێت دەدەنەوە دەرێ. دەڵێی لە چاوانی‌دا هەزار ماسی سەربڕاون، شەپۆلی خوێن گەیوەتە کەنارەکانی و دەریاکە لە خوێن‌دا خنکاوە!

باڵای داچۆڕاوە، وێک هاتوە، وەک بڵێی چۆتە ژوورێکی میچ نەویەوە، ناچارە کووڕ بێتەوە. چیت بە سەر هاتوە؟ تۆ خۆ هیچ کات لە باوەشی منی کورتەباڵاتر لە خۆت‌دا جێت نەدەبوەوە چۆنە ئێستاکە وا پڕ بە باوەشی؟ وەک کۆترێک کە بچێتە هێلانەی چۆلەکەیەکەوە، بەڵام جێی بێتەوە.

ئەشق بوا تێکی شکاندی Maja. مەگەر نەبوو ئێمە ئاشق بووین تا هەستین و سەرکەوین؟ ئەشق بۆا خستیە تاریکی؟ مەگەر نەبوو ئێمە ئاشق بووین تا بگەینە ڕووناکی؟ تا چرا بگاتە میچی هەموو ماڵێک. ئەشق بوا بەزاندی کیژێ؟ مەگەر نەبوو ئاشق ببوین تا دەستی کەوتوو و بەزیویش بگرین بۆ هەستانەوە؟ بۆ گریاندی؟ مەگەر ئەشق قەرار نەبوو هانمان بدات تا هەموو دڵشکاوێکیش لە گەڵ ئێمە بزەیان بێت؟
منیش وەک تۆ ڕووخاوم Maja. منیش سەرگەردانم وەک تۆ. لایەک خەونم هاتۆتە دی، ئاواتی خۆم و تەنانەت هەموو ناسیاویشم لاقی خستۆتە سەر عەرز. هێندە بەختەوەرم کە بوومەتە نوێنەری چەند شەهید و دڵ تۆقیو و لە خەفەت مردوو تا لەو ڕۆژی شادیەدا هەڵپەڕم تا پاژنێم دەتەقێ. قاقا بکێشم تا گەرووم دەپچڕێ. بگریم تا چاوم تاقە یەک دڵۆپ فرمێسکی نەمێنێ و وشک بێت. هێند بەختەوەرم کە دەتوانم ئەو داستانە یەکجار تا کۆتایی بگێڕمەوە، بگێڕمەوە ئەو ڕۆژانەی کە مەینەتی دەسەڵات بوو، نەگبەتی خوای سەر عەرز بوو، کە ئێمە یان لە باوەشی گۆڕستانە لەعنەت کراوەکان بە جلی خوێنین و گەرووی هەڵمساوەوە نوستبووین یانە خۆ وەک ئاردی ناو دڕوو پەرتەوازەی گشت جیهان بووین و بەوحاڵەشەوە هەر لە ژێر سێبەری دەوڵەتی برسیەتی‌دا بووین! لە خەون‌دا هەر ئەو هەبوو، بۆ خەفەت هەر ئەو هۆ بوو. بیرەوەری هەر ئەو. ڕابردوو هەر ئەو. قاتڵی داهاتوو هەر ئەو. بەڵام تەواو بوو.
بەختەوەرم کە بوومە نوێنەری ئەو چاوانەی کە دەبوو ببینن جەور نەمر نییە و ئێستا ساڵانێکە پڕ لە خۆڵن نابینن!
دەیان ناسیاو، کە چاویان بەرایی نەدا ستەم ببینن بۆیە مردن، لە جیاتی وان من دەبینم کە داڕما و هەرمان نییە!

ئاخ Maja، دابڕان لە تۆ بنداشە، لە سەری دەهاڕدرێم. چۆن دابڕێم لەو چاوانەی کە یەکەم بوون لە دیتنم!

لە ڕۆژانی بۆری غوربەت کە ڕەنگ دەدۆڕێنی، کە نابیندرێی، تۆ بووی کە منت دیت. چۆن دابڕێم لە تۆ کە لە غوربەت وەتەن بووی! وەتەن نەک وەک وەتەنی جێ هێشتوو کە ژان بوو، شوێنی ئازار و برسیەتی بوو، لە دایک بوون لێێ دەبوە ستەم و مانەوە لێی ڕێگای دەبردە گۆڕستان و خۆشویستنی خۆکوشتن و نەویستنی خەیانەت و ڕزگار کردنی پیاوکوشتن و نەکردنی سەرداخستن بوو. ئاخ وەتەن چەندە غەدار بوو.
تۆ وەتەن بووی، خۆشویستنت ئازادی و باوەشت عەداڵەت بوو. تۆ هەموو ئەو شتانە بووی کە وەتەن لە دەسکورتی خۆی‌دا نەیدابوومێ! تۆ وەتەن بووی، بەڵام من غوربەتیم! من هەمووکات ئامادەم بۆ جێهێشتن.

Maja وەک شۆڕەبی بەربا لە باوەشم‌دا دەلەرزی. وەک هەور دەباری. بە دەم گریانەوە، بە دەنگێکی دابڕدابڕ لە هەنیسکەوە دەیگووت: هەموو ئەو ساڵانەی پێکەوە بووین، هەموو ئەو ڕۆژانەی کە ئێران پەنجەی ڕادەکێشا بە سەر تورکیە و یونان و مەجاردا، قامکی دێنایە ئێرە و نینۆکی لە هۆشم دەترینجاند و برینداری دەکرد و خەیاڵمی بە قولابەوە دەکرد و دەیبردەوە ئێران و نیشانی دەدام ئەگەر ستەم نەمێنێ تۆش نامێنی و لە سەحرای ترس دا بەڕەڵای دەکردم، هاوارم دەکرد ستەم بمێنە! بژی جەور، بژی ستەمکار، بەڵام کوا دەموێرا ئەوە بدرکێنم، بژی ستەمکار تا بژی ئەشق. بمێنێ ستەم تا تۆ بمێنی.

پەلەمە، Majaش دەزانێ پەلەمە. ئەجمانم نییە، لە پەنجەرەکەوە چاو لە خیابان دەکەم، تاکسیەک هاتوە، ڕایگرتوە، تاکسیەکەی منە. باوەشم بۆ دوایین جار توند دەکەم، ڕەنگە ئیتر نەڕەخسێ یەک بگرینە باوەش. وا دەمگوشێ بە خۆیەوە کە هەست دەکەم خەریکین دەبین بە یەک، دوو جەستە دەبنە یەک. نایهەوێ بەرم دات، ناتوانێ بەرم دات، بەڵام چرکەساتەکە چاوەڕوانمە، دەبێ بەرم دات. دوایین ماچ، ماچێک کە هەتا هەتا تامی زارمان لە لای یەک بێڵێتەوە!

بە پلیکانەکان‌دا بە هەڵاتن دەچمە خوارێ. خۆم و جانتاکەم. ڕێک وەک ئەو ڕۆژەی هاتم. پازدەساڵ پێش هاتم بە جانتایەکەوە، ئەوە ئێستاش دەڕۆم هەر بە جانتایەکەوە! کە هاتم گەنجێکی بیست ساڵە بووم، ئێستا زیاتر لە سی و ئەوە بە سەر و کاکۆڵی سپیەوە دەڕۆمەوە. چاو لە شەقامەکە دەکەم، بینای چەند قاتی بەیەکەوە نووساو، دەرگای داری گەورە و سێ مەتری. دیوارەکان هەموو یەک ڕەنگ، دانەدانە دیواری ڕازاوە بە پەیکەرەی تاشراو لە بەرد، داری بەرزی ناوقەد ئەستوور، شەقامەکان لێرە نووساون بە پیادەڕەوەوە، قاناو نییە، دووکان دەڕابەی نییە، هەموو شیشە!
دەرگای تاکسیەکە دەکەمەوە، بۆ دوایین جار سەرم هەڵدێنم و چاو بۆ پەنجەرەی ماڵەکەمان ڕادەدێرم، Maja لە بەر پەنجەرەیە، بە گریانەوە چاوم لێ دەکات. دەستی ماڵئاوایی بۆ هەڵدێنم، دوایین دەست هەڵێنان!

سوار بووم. هەر دەگریم و شۆفیرەکەش دەپرسێ کە داخۆ کێشەیەک هەیە، وشەم نییە بۆی، دەپرسێ تۆش ئێرانی؟ ئەوڕۆ هەر ئێرانیم سوار کردوە، هەموو چاو بە فرمێسک دەچن بۆ فڕۆکەخانە، تۆش لەوانی؟ چی ڕووی داوە هەمووتان دەگرین؟ بۆ دەگرین؟ خۆ من دوێشەو لە هەواڵەکان دا بیستم کە ئەوە خەڵک شەقام بە شەقام دەڕواتە پێش و هەموو شارەکان پڕ لە خەڵکی چەکدارە کە لە شەقامەکان سەنگەریان ساز کردوە و هەڕەشە دەکەن ئەگەر دەسەڵات خۆی نەدا بە دەستەوە ئەوە تاقیان دەرناچن. بۆ دەگرین کاتێک خەریکن سەردەکەون؟

وشەم نییە بۆ جواب دانەوەی. شۆفیرەکە، پیرەپیاوێکی سەرتاسە. دیارە خۆشی خاریجیە. کە قسە دەکات وشەکانی بە باشی بۆ ناوترێ، وەک زۆرینەمان کە درەنگ هاتووین، تەواو نەچووینەتە مەدرەسە و زمان فێر نەبووین و خێرا بووینەتە کرێکار و شۆفیرتاکسی و ئاشپەز و شتی‌تر. لە قسەکردن‌دا شانیشی هەر هەڵدەتەکێنێ. نازانم ئەو شان هەڵتەکاندنە ئاساییە یان خۆ لە سەرسوڕمانی ئەوڕۆیەتی؟
من کە هەروا بێدەنگ دەگریام و چاوم لە شەقامە هێشتا نوستوو بەڵام پڕ لە ماشێنی بێرلین دەکرد و دوایین وێنەکانم لە بیرەوەری‌دا ڕادەگرت لە شارێک کە بوو بە شارم، کابراش هەروا قسەی دەکرد. کە خۆی فەلەستینیە و باوکی لە شەڕی شەش ڕۆژەدا هەڵاتۆتە لوبنان و لەودەمەوە فەلەستینیان نەدیوە و بەخیلی بە ئێمە دەبات. بەخیلی دەبات کە ئەوە ئێران دیسان شۆڕشی دیت و ئێمە بە بەر چاوی ئەو دا دەگەڕێینەوە وەتەن و ئەو داماوە لە وەتەن دەرکراوە، هەتا هەتایە هەر دەبێ لێرە بێت و بە ئاواتی جارێک دیتنەوەی دارە زەیتوونێک لە فەلەستین دەمرێ. هاوکات سەد جنێوی بە حەماس و فەتحیش دەدا کە فەلەستینیان کردۆتە قەڵغانی مانەوەی خۆیان یان خۆ ئەو وڵاتە زگ و گوان زلە عەڕەبیانەی کە بوونەتە دۆستی ئیسرائیل!

کابرا هەروا لێی دەخوڕی و منیش بێ دەنگ دەگریام، دەزانم ڕۆژێک بیری ئێرەش دەکەم، ڕۆژێک دەخوازم بێمەوە، تەنانەت لێرە بژیم، بەڵام نەک وەک ئێستا، نەک لە ناچاری، نەک بە زۆر، نەک بە بێ وەتەنی، هات و ڕۆژێک دڵم ویستی بە دڵخواز وەتەن جێ بێڵم و بێمەوە ئێرە! بێم و دیسان لە هاینریش پلاتز دانیشم ئابوجۆیەک بخۆمەوە، یان خۆ شەترەنج بکەم!

دەشزانم ڕەنگە قەت نەتوانم بێمەوە، ڕەنگە هەر چوومەوە، لە دابەزین‌دا بمگرن. یان نا دیسان شکستێکی گەورەتر لە شکستەکەی پێشوو بەسەرمان بێت و بکەوینە گێژەنی شەڕ و زەمانەی نابەکارەوە. ڕەنگە ئەوجارەش ئەژدیهایەک لە نەهاتەوە بێت و زار بکاتەوە و خۆمان و هیواکانمان بەجارێک قووت دات و بچێ خۆی لە کۆڵەکەیەکی دەسەڵات هاڵێنێ و هیچ تەکانێک قەفی پێ نەکاتەوە! ئەوجارەیان شکستیش بخۆین من تاقەتی ڕاکردنم نامێنێ! هەرچی دەبێ با ببێ، دەمێنمەوە، یان خانی خانان یان تۆزی بانان.

چاوم لە شەقامەکانی بەرلینە، بەڵام هۆشم لەوێیە، لە بۆکان. کەمتر لە ٢٠ سەعاتی کە، بۆکان دەبینم. ناسیاو و دۆست و برادەر دەبینمەوە. ماشێنەکە گەیوەتە فڕۆکەخانە، کابرا عەڕەبەکە بە عەڕەبی دۆعامان بۆ دەکات، بۆ سڵامەتی خۆمان و سەرکەوتنمان. دەیان تاکسی هاتوون، هەموو پڕ لە ئێرانی، هەر ئێرانییە و بە چاوی سوورەوە خەریکە دادەبەزێ و هەڵدێت بۆ ژوورێ کە خۆی بگەێێنێتە سەفی تەیارەکان. سێ تەیارە بە مەودای ١ سەعات هەڵدەفڕن، هیچکات ئەوەندە خەڵک نەبوە بۆ ئێران. بلیت بە دووقات و سێ قات فرۆشراوە، کەسیش گلەیی نییە کە بوا گرانە. هەرچی هەمانە بیستێنن، تەنیا لێمان گەڕێن بڕۆین! بەپەلەین.

تەیارەخانە جمەی دێت، کەس بە کەسە، سەفی ئێرانیان جیا کردۆتەوە و نە کەس لە پاسپۆرت دەپرسێ نە کەس لە ناو دەپرسێ، تەنیا بلیتت پێ بێت بەسە. ئەوەندەی خەڵکەکە بەپەلەن، دە ئەوەندەش کرێکارەکانی فڕۆکەخانە. دەیان ئوتوبوس ئەوە هەر کێشەوەی خەڵک دەکەن بۆ بەردەمی پلیکانی تەیارەکان.
نە سەفەکە تەواو دەبێت و نە تەیارەکان پڕ دەبن. دەڵێی دنیا هەمووی بوە بە ئێرانی لە تاراوگە و تەیارەکانیش ئەستوور بوون و هەزار جێگایان هەیە، ئەوەندە خەڵک زۆرە کە پێم وایە تەیارەکە نایتوانێ و باڵ ناگرێ.

هەموو لە سەر سەندەڵیەکانیان دانیشتوون، قایشەکانیان بەستوە و کەس متەقی نایە. دەنگ لە کەس نابیستی. هەموو خەریکی بیرکردنەوەن، هەموو لە خەیاڵ دان، کەس وشەی نییە بۆ درکاندن! هەموو چاوەڕوانن کە زوو هەڵفڕین. بەشەرە و ناتوانێ، دەنا کەس بەو تەیارە بەکاوەخۆیە ناڕوا، بەشەرە و ناتوانێ هەڵفڕێ، باڵمان نییە، دەنا کەس ڕانەدەوەستا!
تەیارە باڵی گرتوە، هەروا بێدەنگین، هەموو هەر چاو لە پێشێ دەکەن. تەنانەت کەس تاقەتی نییە ئەو خۆرهەڵاتە جوانە ببینێ. کەس کەس نادوێنێ، کەس ناتوانێ ئەوی دی بدوێنێ. هەموو دەگرین، بێ دەنگ. گریانی شادیە یان خۆ چی؟ میواندارەکانیش وەک ئێمە بێدەنگن، کەسیان جەسارەت ناکات ئەو بێدەنگیە بشکێنێ و بۆ جارێکیتر دووپاتی کاتەوە کە ماسک لێرەیە و ئەگەر بەربووینەوە وا بکەن و وا بچن. فرۆکەوانەکە تەنیا سڵاوی لێ کردین و ئاواتی سەرکەوتنی بۆ خواستین. خۆی بە بەختەوەر زانی کە لەو چرکە مێژووییەدا ئەو فڕۆکەوانی ئێمەیە و دەمانباتەوە وەتەن!

کە ناوی بێ نازی وەتەنی هێنا، بێدەنگی شکا، ئەوجار هەموو بە دەنگ دەگریان. لە پیری سەر و برۆ سپی، کە بە گۆچانەوە هاتوە تا هاوتەمەنی من کە بە ڕوحێکی شکاوەوە سوار بوە. کەسێک لە پێشەوە، لە سەندەڵی دووهەم یان سێهەمەوە چریکاندی “کە در خون ارغوان آرمیدە توفان، قفس را بسوزان…” هەموومان بووین، بە تێکڕا، بە تێکرا قەفەسمان دەسووتاند و ڕزگارمان دەکرد باڵندەکان.

نەمانزانی بەکوێ دا وا دوور کەوتینەوە کە فڕۆکەوانەکە گووتی “میوانە خۆشەویستەکان، تا چەند خولەکی تر دەگەینە تاران. نازانم ئەو فڕۆکەخانەیە ناوی دەکەن بە چی، بەڵام بریا ناوی بنێن فڕۆکەخانەی تەبعید”

هەموومان چەپڵەمان بۆ فڕۆکەوانەکە لێدا، ئێمەی گەیاندبوە تاران!

تاران ئیتر تارانی جاران نییە، منی کورد ناترسێم لە ناوی تاران، گوریسەکەی دەستی تاران بەربوە، ئیتر تاران زنجیری پێ و پەتی مل نییە، کەس ناترسێ لە تاران، تاران ئیتر تارانی گرانی و دووکەڵ و برسیەتی نییە. تاران بێ دەسەڵات لە بن پێی خەڵکدایە.

لە فڕۆکەخانە چاو دەگێڕم، دیتم، ساسان هاتوە. چڵێک گوڵی سووری بە دەستەوە. هەزاران کەس هاتوونە فڕۆکەخانە بۆ پێشوازی کەس و کار و دۆستیان. ساسان، وەک جاران خرپن، کورتەباڵا. لە پاڵەپەستۆی خەڵکەکەدا ساسان هەر ڕادەدرێ و دیارە وەک جاران شەرمن ماوە، زۆر نەگۆڕاوە، بڕێک گنج لە نێوچاوانی و تۆزێک تەپڵەسەری وەریوە. چاوم بۆ دەگێڕێ. نەیدیوم، ڕەنگە نەشمناسێتەوە. بێ قسە لە باوەشم کردوە، من درێژ و ئەو کورت، بەسەری دا شۆڕ بوومەتەوە و دەلوورێنم. هەر وەک جاران قۆشمەییەکەشی ماوە بە گریانەوە دەڵێ کە چوویە دانیشگا دەمزانێ دەرت دەکەن، کە ڕۆیشتیە ئاڵمانیش هەر دەمزانی لەوێشت دەر دەکەن، ئەوە دەریان کردی و هاتیوە.

من دەگریم و ئەو هەم دەگری و هەم پێدەکەنێ. دەچینە دەرێ، برێک دەشەلێ. کەی شەل بووی؟ بۆ شەل بووی؟ دەڵی کوڕە دە زۆری لە سەر مەڕۆ، سوار دەبین بۆت دەگێڕمەوە. سواری ماشێنەکەی دەبین. جیبێکی خاکی چادری، تگەر پان. گازی دەداتێ بۆ دەرەوەی حەساری فڕۆکەخانە.

کات زۆر بە خێرایی تێدەپەڕێ. ساسان هەر نەقڵی ڕابردوو دەکات، کە چی کردوە، هاوسەرگیری کردوە، جیاش بۆتەوە و کچێکیشی هەیە کە حەفتەی سێ رۆژ لە لایەتی و باوکی نەخۆشە و دایکی ساغە و ماڵەکەیان لە نەخۆشی باوکی فرۆشتوە و خەرجیان کردوە. من نەقڵی ڕابردووم ناوێ، دەمەوێ بزانم ئێستا چ باسە. دەیان ناو دێنم، هەر دەڵێ باشن و ئەوشۆ دەیانبینین. دەڵێم بۆ شەل بووی، دەڵێ لە سەر دیواری پازگا بەربوومەتەوە، ویستوویانە وەسەرکەون و تەقە ترساندوویەتی و بەر بۆتەوە و لاقی ئەزیەتی گەیوەتێ.

دەزانم گەیشتنەوەم بۆ بۆکان و نەخەوتن دەس پێ دەکات، دەڵێم من دەخەوم بڕێک بۆئەوەی شەو خەونووچکە نەمباتەوە. ماشێنەکە هەر دەپێچێ و ڕاست دەبێتەوە، چاو هەڵدێنم لە سەقز خەریکین دەچینە دەر. دەبوو هەرای کردبام، دەمەویست سەقز ببینم، گوتی خەوت قورس بوو هەڵنەستای!

نزیک بۆکان، جادەیان گرتوە، دەستەیەک چەکدار ماشێنەکان دەپشکنن، دەپرسم کێن، دەڵێ نازانم ئەلان هەموو دنیا چەکی پێیە، خەمت نەبێت، کاریان بە کەس نییە، لە جاش و پاسداری هەڵاتوو دەگەڕێن. دەگەینە لایان. گەنجێکی ڕەنگە ٢٥ ساڵە، سمێلی پان و کڵاوێکی سەوزی شەبکەدار بە سەرەوە. شیشەکە دادەمەوە و ماندوونەبینی دەکەم. دەڵێ ناو و دەچن بۆ کوێ. ساسان قسەم لە دەس وەردەگرێ و دەڵێ کاکە ئێمە سەر بە فڵان گەڕەکی بۆکانین و ئەو برادەرەش تازە لە هەندەران هاتۆتەوە. فڵانە کەسە. گەنجەکە وا دەنوێنێ کە ئەنەهوو دەمناسێ و دەڵێ بەخێرچن!

دەپرسم گەڕەکی چی و شتی چی؟ ئەوانە کێن. ساسان دەڵێ ڕاوەستە بگەینەوە بۆت دەگێرمەوە.

ڕەنگە ١٦ ساڵ تێپەڕ بووبێت، کە ڕۆیشتم. گەنجێکی ٢١ ساڵ. بە سەرمای زستان ملی ڕێگای ئەو کات بێگەڕانەوەی گرتبوو و سواری مینوبوسێکی سووری کۆنی داشقە ببو و لە بۆکانەوە دەهات بۆ سەقز. دەهات کە لەوێوە سواری ماشێن بێت بۆ بانە، بچێتە بانە و لەوێش شلەخەجێیەک ببینێتەوە و سواری بێت و بیبات تا دوورترین دێهاتی سەر سنوور و لەوێ سەربازێک ١٠٠٠٠ تمەن و عەترێکی لێ وەربگرێ و بڵێ سەرچاوم، وریای بورجی سپا بە تەقەت لێ نەکەن.
لەوێوە بڕواتە یەکەم دێهاتی کوردستانی ئێراق و لە گوێزەکوێر ڕاوەستێ تا پاش دوو کاتژمێر کاک فڵانەکەس سەیارەکەی هەڵ کات و بیباتە شارێک کە ناوەکەشی نازانێ تا چوار پێشمەرگەی یەکێتی پاش دووسەعات پرسیاری بێ مانا و گاڵتە و گەپ کەفیلەکەی قوبوڵ کەن و ڕێگای بدەن بڕواتە سولەیمانی!

ئەو ڕۆژە لە بیرەوەریم‌دا هێندە دوور و پڕ لە ڕووداوە کە تەنانەت لە بیرم نییە جادەی بۆکان سەقز ئەو کات چۆن بوو، بەڵام دڵنیام ئەوەی ئێستا نەبوو! وەبیرم نایەتەوە چەند دێهاتی بەسەرەوە بوو، چەند دار و چەند کێو هەبوون. وەک بڵێی ئەوە یەکەم جارە بەو جادەیە دا دێم.

بۆکان وەدەر کەوتوە، لەچاو ئەودەم کە جێم هێشت پانتر و قەڵەوتر و درێژتریشە، وەک پیاوێکی زگ زلی درێژم دێتە بەر چاو کە بە ژێرکراسێکی بۆرەوە لە سەر لاکەلەکەیەک ڕاکشاوە و ناڵەشکێنەی وەک باڵنج ناوەتە ژێر ئانیشکی! بۆکان هەروا ناحەزە! ساسان کە ئەوەی بیست بە پێکەنینەوە گوتی قوربان بەدعەمەلیش بووی هێندەت شاری ئوروپایی دیوە. ئێرە ئەو هەوایانە نییە! بەخێرێیەوە بۆ شاری قوڕاوی و کووچەی تەنگ و خیابانی ناحەز!

بۆکان هیچی لەو بۆکانە نەدەچوو کە جێم هێشتبوو. ئەو پیاوە زگ زلە ڕاکشاوە، ئێستا سەر هەر کووچەیەکی چوار تەلیسە گڵ هەڵچندراوە و کەسێک کێشکی دەدا. هیچ ڕەنگێک و تەنانەت بۆنیش لە دەسەڵات نەماوە بە ڕوخساریەوە. هەروا کە بە خیابانەکەدا لێی دەخوڕی، منیش بە شەوقەوە چاوم لەو کووچە و شەقامانە دەکرد کە سەر و بنیان گیرابوو. پارچەی پان و درێژ بە ماڵەکانەوە هەڵواسرابوو کە فریای خوێندنەوەیان نەدەکەوتم، یەک نووسیبووی سمایلی شەریفزادە زیندوو بۆتەوە بژی! هەزار شوعار، دەیان چەکدار! دیارە کار و کەسابەتیش خەوتوە و بازار پەپووی لێ دەخوێنێ.

گەیشتینە سەر فەلەکەی فەرمانداری و بەوێدا ساسان بایداوە بۆ لای میراوا و لە نزیک پەیکەرەی دایک چووە نێو کووچەکانەوە و لە نزیک باغەکەی قزڵجی لە بەردەرگای ماڵێک ڕایگرت. کە دەرگای ماڵێی کردەوە دادە ڕۆشنا لە حەسارێ دانیشتبوو. لە حەیبەتان هەستا و هەرای کرد “ئەوە هاتیەوە ڕۆڵە گیان!”. هاتبوومەوە! بەڵام نە من ئەو ڕۆڵەیە مابووم کە ڕۆشنای جێ هێشتبوو و نە ڕۆشنا ئەو ژنە شۆخە مابوو کە ڕۆڵە لە لای ڕۆیبوو.

ڕۆشنا لە باوەشی کردبووم. ئەوە ئاشت بوونەوەی من بوو لە گەڵ وەتەن. وەک بڵێی ئەوە بۆکان هەستاوەتە پێ، دەستی لە ملم کردوە و دەگری لە باوەشم دا. ئەوە منم دەستم لە ملی حەوزەگەورە و خیابانی کۆن کردوە و دەگریم بە سەر شانیەوە! بە خەونیش نەمدەدیت گەڕانەوە ئاوا بێت! هەر چرکەیەکی نەگرت وەتەن منی ناسیەوە، منیش وەتەنم ناسیەوە، هەمووشی لە باوەشی ژنێکەوە، بە بۆنی ژنێکەوە کە دایکایەتی بۆ کردبووم!

شادی وا قۆڵی لە قۆڵم کردبوو، کە وام دەزانی هەتا هەتا بەرم نادات. چی خۆشتر لەوەی پاش چەند ساڵ غەریبی، بێیەوە ماڵێ، بێیەوە وەتەن! بێیەوە بۆلای ڕۆشنا و ساسان. بێیەوە بۆکان.
هەر بەپەلەم. بەپەلەتر لە هاتنەوە. دەمەوێ زوو بڕۆمە دەرێ، هەموان ببینم، قاقا بکێشم و بانگ هەڵێنم کە ئای خەڵکینە من هاتمەوە. ئای خەڵکینە پاشی هەر ڕۆیشتنێک هاتنەوەیە! هەموو غەریبێک ڕۆژێک ئاشنا دەبێتەوە. ئاشنا بوومەوە.

بە چاو بە ساسانم دەگووت با بڕۆینە دەرێ. ساسان هەر گێلمە گێلمی دەکرد. هەر خۆی دەخافڵاند، هاوارم لێ بەرز بوەوە کاکە دەی ببزوو لە جێ، دڵم تۆقی. با بڕۆین خەڵک ببینین. سەد ڕەفیقم لەو شارەیە با بەسەریان بکەمەوە، ساسان پەشۆکابوو، ڕۆشناش هەروا. دەتگووت منیان هێناوەتە ئێرە کە ڕێگام نەدەن بڕۆمە دەرێ. هەرچی دەکەم تێناگەم. ئەوانە بۆ خۆیان دەبوێرن لە چوونە دەرێی من! پرسیاری شارم کرد کە بە دەست کێوەیە. ساسان بە پێکەنینەوە گوتی مەترسە بە دەس کەسەوە نییە و بە دەس هەمووکەسیشەوەیە. جاش و پاسداریش نەماون، دوێشەو پایەگاکەی سەر قەڵاش خۆی تەسلیم کرد، بە زەبری چەک ئاخری چۆکی دادا.

هەستابوومە سەرپێ، گوتم کاکە دێی لە گەڵم بۆ دەرێ یان خۆم بڕۆم، خۆ ون نابم، شاری خۆمە و لێی گەورە بووم. یا وەرە یا ئەوە خۆم شەوێ دێمەوە. ساسان بە نابەدڵی، ڕۆشنا بە خەمەوە هەستابوونە سەر پێ و ساسان کلیلەکانی بە دەستەوە گرتبوو کە لە گەڵم بێت. دادە ڕۆشناش هات. ساسان گووتی دەتەوێ کێ ببینی؟ هەمووان!

باشە ئەلان دەتبەمە لای هەموویان. دیسان گوڵی شەوق بوو کە دەپشکووت! دادە ڕۆشنا دەگریا و دەیگووت ئاخ ڕۆڵە چەندەت چاو لە دەرگا بووم! بریا زووتر هاتبایەوە. تەنیا ڕۆژێک زووتر!

دەم و چاوی ڕۆشنا هەزار چرچی تێ هاتبوو. دەتگووت بە شەوێک پیر بوە. چاوی سوور سوور ببو، دیار بوو ئەو ڕۆژانە هەر گریاوە. منیش بایەم هەروا دەگریام. کێ هەیە نەگری؟ بەڵام ڕۆشنا بوا پیر بووی؟ نەکا وەتەن هەموو خەمی خۆی بەجارێک خستۆتە دڵی تۆوە و خۆی لە تۆزی مەینەت تەکاندوە؟ ئەو گنجانەی سەر دەم و چاوت کوا کاری تەمەنە؟ نا نا ئەو گنجانە جێ برینی خەمێکی قورسە.

ساسان قسەی نەدەکرد، نێوچاوانی تێک نابوو و لێی دەخوڕی. دەتگووت بێگاری پێ دەکەن. ڕۆشناش یەکجار زۆری قسە دەکرد، زۆر زیاتر لە جاران، ڕەنگە تەمەن بەشەر زۆربڵە بکات و هەڵیت و پڵیتی پێ بڵێ! گەیشتبووینە نزیک فەلەکەی قودس، ساسان وا نەبوو شلی کاتەوە، وام دەزانی ئێستا لەو نزیکانە ڕایدەگرێ و دەچینە ماڵی ناسیاوێک، تا ماشێنەکە دەڕۆیی ساسان زیاتر تێکدەچوو، لە دڵی خۆم دا دەمگووت جا ئەوە بە چەند سەعات ئاوا وەڕەز بووبێ بەدەستمەوە، کوا بۆوە دەبێ چەند مانگ لە ماڵی بم. بیرم لەوە دەکردەوە خۆم دەبێ زوو ماڵێک بە کرێ بگرم. یان بچمە ماڵی ڕەفیقێکی کە. زیاترم لە ساسان ڕادەدیت. نەمدەزانی ئاوا گۆڕاوە، زەمان هەموو شتێک دەگۆڕێ، تەنانەت ڕەفیقایەتی کۆنیش، ڕەفیقایەتی منداڵیش! ماشێنەکە ببو بە ماشێنی بێدەنگی، ڕۆشناش ئیدی قسەی نەدەکرد. هەر دەڕۆیشتین. چڕ و چاوی ساسان هێند گرژ بوو کە تەنانەت تاقەتم نەبوو لێی بپرسم ئەرێ بۆ ناگەینێ یان خۆ دەچین بۆ کوێ! بڕیارم دابوو، تەنانەت ئەوشۆش لە ماڵی سەگبابی وا نەمێنمەوە، پاش ١٦ ساڵ هاتوومەوە شارەکەم و ڕەفیقەکەم دیوە، ئەویش ئاوا دوای چەند سەعات لێم وەڕەز بوە. ئەوهەموو دۆست و ناسیاوەم هەیە، کەسیش نەبێ ئەو هەموو مزگەوتە هەیە دەچم لێی دەخەوم و لە لای کەسی وا نابم.

ماشێنەکە شلی کردبوەوە، لای بیمارستان بووین، سەرم بۆلای ساسان سوڕاند تا بپرسم بۆ کوێ دەچین، هێشتا وشەم نەهاتبوە سەر زمان کە ڕایگرت و خێرا دابەزی. گەڕەکەکە ناسیاو بوو بەڵام نەمدەزانی کوێیە. دابەزیم. بە دوای ساسان دا دەچووم و دەستم لە سەر شانی ڕۆشنا دانابوو، شانی لە بن دەستم دەجوڵا، دەگریا. چاوم لە سەر ڕۆشنا هەڵگرتبوو. نە ڕۆشنام دەدیت، نە جیهان و نە هیچ!

تەنیا ساسانم دەدیت. بە شەلە شەل بە پێشمەوە گەیشتبوە دەرگا بچووکە بۆرە ژەنگاویەکەی پشتەوەی گۆڕستانی بۆکان، دەرگاکە ئێستا وەک جاران نەبوو، کوتێک پارچەی سووریش بەسەریەوە دەشەکاوە، دەیان کەسیش بە نۆرە پێیدا دەچوونە ژورێ و دەهاتنە دەرێ و سڵاو و مەرحەبایی و سەرسڵامەتی یەکیان دەکرد. دەم و چاوەکان لە خەم و شادی بەتاڵ، دەتگووت پەیکەری لە بەرد تاشراون، هەموو چاوەکان بێ شەوق، نەناس، کەس چاوی لە چاوی ئەوەی‌تر نەدەبڕی، چەند وشە و ڕستەی بێ گیان، بێ هاودەردی، بێ خەم بە زاریان دا دەهاتە دەرێ و جوابێکی بێ گیانیش وەردەگیرا. ئەو خەڵکە چیان بەسەر هاتوە، ئەوانە هەر ئەوە نەبوون کە بۆ مردوویەک هەزار ماشێنیان دێنایە شەقام و چەند شەو و ڕۆژ چاویان وشکەوە نەدەبوو؟ ئەی چۆنە ئێستە وەک بەرد و دار بەرەوڕووی یەک دەبنەوە و ئەوەی هەستە لەناویان دا مردووە؟
هەموو جیهان ببوو بەو دەرگایە، بەو خەڵکە. دەرگاکە چیتر تەنیا دەرگای گۆڕستانی بۆکان نەبوو، دەرگایەک بوو لە هەزار دەرگای وەتەن.

ساسان لە پڕمەی گریانی دابوو، دەستی گرتبووم، دەیبردمە ژوورێ، نا نا من نایەم، نامەوێ بێم. ئەو دەرگایە داخەن، ئەو خەڵکە بنێرنەوە ماڵێ، بڵاوەیان پێ بکەن. بۆ هاتوون. لاقێکم لە کووچە و لاقێکم لەو دیوی درگا!

پشت گۆڕستانە، هەر ئەو جێیەی من باشی دەناسم، ئەودەمەی جێم هێشت گیا و گژی دنیای لێ شین دەبوو، ئێرە لەبیرکراوە بوو، بێ کێل و کێل شکاو بوو! دەیان تەپۆڵکی گڵی تازەم دەدی. هەر لەوێ، لەو جێیەی کە من دەزانم پێشتر خەڵکی تری لێ نێژراوە، خەڵکی شاری‌تر، خەڵکی ئێرە و بێ‌ناو، خەڵکی مل بە پەتەوە کراو. کێ ئەو گۆڕستانەی تێک داوە؟ کێ وێراویەتی گۆڕی کەس و کاری ئێمە هەڵکەنێ و کەسیتری تیا بنێژێ؟

وەک شارە مێروولە خەڵک لە سەر قەبران بوو. چاوم بۆ دارە بادامەکەی سەر قەبری مامم دەگێڕا، ٤٠ ساڵ لەوەپێش گەنجێکیان هێناوەتە ئێرە، لێرە ناشتوویانە، کێلی بەسەرەوە بوو، نابێ ئەویشیان هەڵدڕیبێ و کەسی کەیان تیا ناشتبێت.

دەستی ساسانم بەردابوو، هەڵدەهاتم بۆ لای دارە بادامەکە. گۆڕێکی تازەی لە بنە، ئەی مامی من؟ لە قەراغ تەپۆڵکە گڵەکە لەتێک بەردی مەڕمەڕ داندراوە و ٤ نێوی بەسەرەوەیە. هەموویان دەناسم. یەکیان تاهیر: مردن دەیەی ٦٠.  ئەوانی تر ڕەفیقی منداڵیمن. بە هاوار دەپرسم چۆن وا دەبێ، کێ نووکی قوڵینگی گەیاندۆتە ئێسکی مامم، هەڵیدڕیوە و کەسی تری لە ناو ناشتوە. ساسان لە بەر گریان هەناسەی نایە. دەڵێ دوێ شەو لە پایەگای سەر قەڵا ٥٠ شەهیدمان داوە. کەس نەماوە لەو هەموانەی دەتویست بیانبینی!
لە غەریبیەوە هاتووی، بەخێرێیەوە بۆ غوربەت!