ئەردەڵان باستانی
زۆرم بیر لەوە کردەوە چۆنت قسە لە گەڵ بکەم؟ هیچ ڕێگایەکم بە زەین نەگەیشت ئیلا ئەوەی داستانێکت بۆ بنووسم. داستان وەک نامەی ئاشقانە. خۆ سەردەمی نامە نەماوە. سەردەمی شێعری ئاشقانە و دڵداری نەماوە. دڵداریش ئەو خەونە ترسناکەی وا بەشەر هەستێکی بۆ دروست دەبوو کە هەموو ژیانی دەیویست تەنیا و تەنیا لە گەڵ کەسێک بژی و بە بێ ئەو کەسە هەموو ئێسکی هەستەکانی دێشا نەماوە. ئەو خەونە تەواو بووە، ئیدی ئێمە زیندانی تاکەکەسی دڵداری بەو خەونە نازانین کە بمانهەوێت لە ڕۆژ دا و لە ژیانی خۆمان دا بیبینین. نا نا شەوی ئەو خەونە لە دڵداری تاوی لێ هەڵاتوە. گۆڵستانی شێعر و نامەی ئاشقانەش هەر دەبێت پاییزی بەسەر دابێت و ببێتە سەردەمی داستانی دڵدارانە. بەڵام داستانی دڵدارانە ئەگەر داستانی خودی دڵدارەکە نەبێت پووشێک ناهێنێت. دڵدار ئەگەر دەیهەوێت داستانی دڵدارانە بنووسێت دەبێ ڕێگا بدات خوێنەر لێی نزیک بێتەوە و بە بێ ئەوەی دەستی بلەرزێت بە تیغێک پێستی دڵدار ببڕێ و ئەوجار بە چەقۆیەکی گەورەتر رێک لە نێوەڕاستەوە کەلێنێک لە جەستەی دڵدار بکات و ئەو کەڕەت پشتاوپشت بچێتە ئەو کەلێنەوە و لە جەستەی دڵدارەکە دا بژی. ڕێگە بدەی کەسێک بێتە جەستەتەوە و هەموو ئەوشتانە ببیستێت کە تۆ دەیبیستی، هەموو ئەو شتانە ببینێت کە تۆ دەیبینی یان بە عەمدی چاویان لێ دەکەی و لە هەمووی ترسناکتر ئەوەیە هەموو ئەو شتانەی بە مێشک دا تێپەڕ دەبێت کەسێک ئیزن بدەی بیانزانێت. بەڵام ئەوە تەنیا خەونە. وەک خودی دڵداریەکە وایە. یان وەک نامەکە. نامەی ئاشقانە هەوڵێکی شکست خواردوە بۆ درکاندنی ئەشق. ئاشق زمانی شکاوە، وشەی بۆ نەدۆزراوەتەوە، دمی وشک بوە، سوور هەڵگەڕاوە، شەرمی کردوە، ترساوە لەوەی نای پێ بڵێن، نەیگووتوە، ئەوڕۆژە نەیگووتوە، گوتوویە سبەینێ پێی دەڵێم، ئێستا کاتێکی باش نییە دوایی باشترە، دوایە دیویەتی، دیسانیش هەر زمانی شکاوە، ڵاڵەپەتە بوە، چاوی سوور بوە، لێوی لەرزیوە، هەستی بەوە کردوە سەر دڵی خەریکە دەتەقێتەوە، نەیتوانیوە بیڵێت، تەنانەت ئەگەر گوتوشیەتی هەر نەیتوانیوە هەمووی بڵێت، سەری لێ شێواوە و بە پەلەپڕووزە چوار ڕستەی لە قەراغ یەک داناوە و ئاشکرای کردوە کە کەسێکی خۆش دەوێت. ئاشق چۆتەوە ماڵێ، دەیان جار هەموو ئەو ساتەوەختەی هێناوەتەوە بەر چاوی خۆی، هەموو وشەکانی خۆی دووبارە بژاردۆتەوە، دووبارە وتوونیەوە، ڕستەکانی ڕاست کردۆتەوە، هەزار جنێوی بە خۆی داوە بۆ وشەی وا هەڵی بژاردوە. هەزار جار هەموو ڕووداوەکەی وەک فیلم گەڕاندۆتەوە دواوە و ئەوکەڕەت بۆخۆی هەڵیبژاردوە چی بڵێت و دەرئەنجامی کارەکەشی دیوە، و باشترین فیلمنامەی هەڵبژاردوە و کردوویەتیە نامە بۆ دڵدارەکەی. ئاشق لە ڕاستی دا نامەی ئاشقانەی لەو سەنگ و شووژن دانی ڕابردووە نوسیوە. دڵنیایە ئەگەر ئەو وشانەی وا لە سەر کاغەز نووسیونی و ڕستەی پێ ساز کردوونی توانیبایەت بە زمان و دەنگی خۆی بە دڵدارەکەی وتبایە ئەوە دەرگای ئەشقی دەکردەوە و خۆشەویستیەکە دەبوو بە دوولایەنە. لەو گلانەوە کە زمان شکستی بە ئاشقەکە هێناوە نامەی ئاشقانە ساز بوە. نامەی ئاشقانەکەش کە چاوی لێ دەکەی بەڕاست هەندێک بەشەر هەن کە ئەشقەکەیان سووکە. کاتێک نامەیەکی ئاشقانە بێ بەها بێت و نەتوانێ هەستی خوێنەر بجوڵێنێت، دەی بزانە ئەشقی کەسەکە چەند بەتاڵە.
داستانی ئاشقانەش هەروا بە نەزۆکی لە دایک دەبێت. بناغەکەی ئەویش لە سەر وەهمە، چون ئەو خەونە نایەتە دی کە کەسێک بتوانێت دنیا وەک تۆ هەست پێ بکات. هەست بە دنیا کردن وەک کەسێک ئەوەیە کە تەواوی بوونی ئەو کەسە بزانی، بزانی بیر لە چی دەکاتەوە و چۆن بیر دەکاتەوە و چی ئازاری دەدات و چۆن جوابی پرسیارەکان دەداتەوە و چۆن دەگا بەو جوابەی وا دەیداتەوە؟
هاوڕێیەکم چەند ڕۆژ پێش زەنگی لێدابوو کە قسەم لە گەڵ بکات بۆوەی بە یەکەوە بچین بۆ لۆزان. بچین تا لەو کۆنفرانسەی هێزە کوردیەکان گرتوویانە بۆ دووبارە هەڵدانەوەی ئەو میژوە ئێمەش بەشدار بین. من جوابم نا بوو. من نامهەوێت بچم بۆ لۆزان. هاوڕێکەم چەند سەعات کاتی دانا بۆ باسی گرنگ بوونی ئەو کۆنفڕانسە. ئێستاش پێم وایە چوون بۆ ئەو کۆنفرانسە بێنرخترین و بەتاڵترین کارێکە کە کەسێک بیکات. ئەوە نزیک دەبینەوە لە ساڵوەگەڕی ئاخێزی ژینا. ئاخێزێک کە بۆتە ڕابردوو. تەواو بوو. بۆتە خاترە و بیرەوەری. لە شەقامەکان هیچ نەماوە و ئەگەر لێرە و لەوێش کڵپەیەک دەکات ئەوە دوایین پۆلوەکانی ئاگرێکی گەورەترن کە پڕیشکەیەک دەکەن و دەکووژێنەوە. سەنگەر لە خیابان نەماوە و تازە بە مێشکی کەسیش دا تێ ناپەڕێ لە ماڵێ بچێتە دەرێ و لە خیابانی مەنبەع لە مهاباد خشت لە سەر خشت دیوارێک ساز کات و لە پشتی ڕاوەستێت. قەبرستانەکان چۆڵ بوونەوە. گۆڕستان لەو شۆڕشە دا زۆر گرنگ بوەوە. ڕەمزێکی ناساز لە گەڵ بزووتنەوەکە بوو. گۆڕستان نەدەبوو ببێتە شوێنی کۆ بوونەوە. ئەو ڕەمزە ناسازە لە سونەتی ئینقلابی ٥٧ەوە باڵی بە سەر بزوتنەوەکە دا کێشا. لە شۆڕشی ٥٧ دا چلەی شەهیدانی هەر شارێک لە شارێکی تر دەگیرا و هەر ئەوەش توانی ماتۆڕی ئینقلاب هەڵکات. چۆن چلە گیران دەچوە ناو شار و لەوێ حەشیمەتی ساز دەکرد و دەسەڵات حەشیمەتەکەی دەترساند و دەکوتا و تووڕەتری دەکردن و خۆشی پاڵی بە دەزگای ئینقلابەوە دەنا و خیرایی دەدایە. ماتۆڕی ئەو ئینقلابە مردن بوو. مردن ڕەمزێکی گەورەبوو و ئارام بوونەوەی ئینقلابی ٥٧یش هەر بە مردن بوو. مردن لە ئینقلابی ٥٧ بوو بە ڕەمزی سەرکەوتن. مردن جارێک ماتۆڕی شۆڕشی بە چلەگرتن گەرم کردبوو، ئەوکەڕەت بۆ ساردکردنەوەی ئەو ماتۆڕەش کوشتن دەوری سەرەکی گێڕا. بۆ شۆڕشی ژن ژیان ئازادیش ئەوە شکستێکی ڕواڵەتی بوو چون بۆ دەسپێکی کۆبوونەوە بەکار دەهات. خەڵک لە گۆڕستانەوە کۆ دەبوونەوە و بەرەو شار دەڕۆیشتن. دەسپێکی کۆبوونەوە زۆرترین کەس بەشداری تێدا دەکات. کاتێک تەقە و لێدان دەست پێ دەکات زۆرینەی حەشیمەت هەڵدێت و لە شوێنی کۆبوونەوە نامێنێت. ئەو زۆرینەیە تەنیا یەکەم شۆێنی کۆبوونەوەکەی لە بیرە. خاترەکەی ئەوێیە. کاتێک دنیا ئارام دەبێتەوە، ئەو کەسانە پەیوەندی خۆیان و ئەو خاترەیە لە دیتنەوەی یەکەم شوێنی کۆبوونەوەکەدا ساز دەکەن و دێتەوە بیریان. زۆرینە ئەو شوێنەیان دیوە و شوێن دەبێتە ڕەمزی ئەو کۆبوونەوەیە. ئەو شوێنە هەرچی بەرچاوتر بێت خاترەکە قوڵتر لە ڕوحی گشتی خەڵک دا دەمێنێتەوە. شۆڕشی میسر بۆ نموونە. مەیدانی تەحریر شوێنی کۆبوونەوەکەی بوو. هەموو ڕۆژێ خەڵکی قاهیرە ئەو بیرەوەریەیان بۆ زیندوو دەبێتەوە. چون زۆرینە توانیویەتی ئەوێ ببینێت. گۆڕستان شکست بوو، چون خەڵک لە ئارامی ئەوەندە سەردانی گۆرستان ناکەن و ئەو بیرەوەریەیان ڕۆژانە بۆ زیندوو نابێتەوە. بیرەوەری نەبەز بوون و بێ کۆتایی بوونی دەسەڵاتی حەشیمەت. گۆڕستان وەک ڕەمزیش پڕ بە پێستی ئەو بزووتنەوەیە نەبوو. بزووتنەوەی ژیان لە گەڵ گۆڕستان ناتەبایە و ئەو ناتەباییە سەمەرەی شەڕە. لە شەڕێک کە بۆ ژیان ساز بوو گۆڕستان وەک دوایین وێستگەی جەستە کرا بە سەحنەی شانۆی شۆڕش دژی کوشتن. کوشتن، گۆڕستانی بەسەر بزووتنەوەکەدا سەپاند.
کۆمەڵێک کەس شەهید کراون، بنەماڵەکانیان ناهومێد و خەمۆکن، هەست بە دۆڕاوی دەکەن. ڕۆژانی شۆڕش کە هەموو دڵنیا بوون لە سەرکەوتن، بنەماڵە شەهیدەکان خرۆشابوون. خرۆشەکە هی ئەوە بوو ئەوان لە قوماری ئازادی دا ئازیزترین شتیان بەخت کردبوو. لە پڕ ببوونە بنەماڵەی کەسانێک کە قارەمانی گەلێکن و دەیان ساڵ ئازیزترین دەبن چون سەرکەوتن لە سایەی ئەو بەخت کردنەوە بوە کە ئەوان دڵفراوانانە کردوویانە. کێ هەیە کاتێک دەزانێ بۆ شکستێک کەسەکەی مردوە هەست بە دۆڕان نەکات؟ تەنانەت ئەو مردنە وەک کوژرانی پێشمەرگە نییە کە تا دەسەڵات هەبێت کەسی یاغیش دەبێت و تا بەرەنگاری پێویست بێت ئەوە پارتیزانیش هەر دەبێت و بە کوژرانی کەسەکان تەواو نابێت. پارتیزان نەمرە. بەڵام کەسێک کە لە شۆڕشێکی شکست خواردوو دا شەهید دەبێت مردنەکەی تەنانەت زووتر لە شۆڕشەکەش لە بیر دەچێتەوە. ون دەبێت لە مێژوو دا. شەهیدی گۆڕەون. شەهیدی شکست لە بیر نامێنێت. شەهیدی سەرکەوتن لە بیر دەمێنێ. پارتیزان بۆیە دەمێنێت چون پێشتر حیسابی مردنی کردوە. زانیویەتی مردن دەتوانێ ڕێی پێ بگرێت. بەڵام ئەوەی دەچێتە شەقام ئەو بۆ کوژران ناچێ. ئەو حیسابی مردنی نەکردوە. ئەو بۆ ژیان و تەنانەت سەرکەوتن و ژیانێکی خۆشتر دەچێ. شەهیدی شەقام بێ گوناهە. لە پڕ دا خەونێکی دیوە و شەیدای ئەو خەونە بوە و ویستوویە دەستی لێ دات بەڵام کوژراوە. بنەماڵەکان ئێستا بڵێی حاڵیان چی بێت؟ خەمۆک. دۆڕاو. بە ڕاستی پشت شکاو.
شۆڕشەکە تەواو بوە و هەر ئەو پێداگریەی وا هێزە سیاسیەکان بۆ ئیسباتی زیندوو بوونی شۆڕشەکە دەیکەن خۆی نیشانەی تەواو بوونیەتی. بۆ مەگەر ئەو کات کەس هەبوو پێویستی بە ئاشکرا بوونی زیندوویی شۆڕشەکە بێت؟ تەواو بوونی شۆڕشەکە بە درۆ کردن ناشاردرێتەوە. ئەگەر زیندوە ئێمە بۆ کەوتووینە کێشەی شک و ئیمان؟ لە هیچ شوێنێکیش نەگوتراوە شۆڕشەکە تەواو بوە، بەڵام کەسانێک خۆیان بڕیاریان داوە بێن بڵێن شۆڕشەکە زیندوە. گۆیا شەڕی گێڕانەوە دەکەن.
گوتم بێم بۆ لۆزان چی بکەم؟ بێم دیسان چاوم بەو گشتە پیرەپیاوە بکەوێتەوە کە خەریکن بزووتنەوەیەک بە زۆر لە دوێنێ دا ڕادەگرن؟ تەنانەت خۆیان دە ساڵی تر لە ژیان دا نامێنن کە ئەگەر لە سەمەرەی سیاسەتی ئەوانەوە کورد قڕکرانێکی تری بەسەر بێت ئەوانەش بەر بکەون و دڵمان لانیکەم ئۆخەی لێ بێت. نا نا بێم بۆ لۆزان ببینم دەستەیەک پیرەپیاو کە نازانن ژینگە تەنیا دار نییە و ژینگەپارێزیش کەشاوەرزی دێمەکار نییە، دوای هەزار جار وتنەوە، کە قسەکانیان دەگێڕنەوە ئەو کەڕەت چەند هەڵەیان دەبێت؟
من بێم بۆ لۆزان و هاوکات کە پیرەپیاوێک لە کاتی قسەکردن دا خەونووچکە دەیباتەوە بیرم بێتەوە ئەوە من نزیک دەساڵە لە بۆکان نەماوم و دەریاچەی ورمێ ویشک بوە و ئەو کارەساتەی گێژەنی خوێ بە وڵاتی دەکات دەتوانێ تەنانەت ببێتە هۆی ئەوەی هیچ کات نەتوانم بچمەوە بۆکان؟ چون بۆکانێک نامێنێ. خوێ هەموو زەوی و زارەکەی لە ناو دەبات و خەڵک ناچار بە بار کردن دەبن و کۆچی گشتی ڕوودەدات؟
بێم بۆ لۆزان چی بکەم؟ بێم تا دووبارە کەسانێک ببینمەوە کە دە مانگ بیریان کردۆتەوە تا جوانترین ڕستە بڕێسن و بە جۆرێک لە جۆرەکان، بە ئەدیبانەترین وشەکان دیسان ڕایبگەێنن کە ئەوە کێشەی ڕیشەییتر لە کێشەی ژنان هەیە. خەباتی چینایەتی گرنگە. کوردایەتی گرنگە. زمانی دایکی گرنگترە. لەچکە ئەوەندەش گرنگ نییە. هاوکات بیر لەوە بکەمەوە کە شکستی ئەو بزووتنەوەیە لە درێژ ماوە دا چەندە کارەسات بار دەبێت بۆ ژنان. شکستی ژن ژیان ئازادی لە کۆمەڵگایەکی ژن کوژ، چۆن نابێتە هۆی تەنگتر بوونەوەی بەربینگی بەر ژنان؟
بێم بۆ لۆزان چی بکەم؟ ئەوەی کە ببینم بەشێک لەو خەونە کوردیە ئەوەیە کە لە باشوور حوکم دەکات؟ باشوور. لەوێ لە باشوور، لە یەکەمین دەسەڵاتی کوردی، لە یەکەمین بەیانی خەونی کوردانە، لە باشووری زیندە بە چاڵ کران لە سەر خەونی کوردانە، لە باشوور کە ددانی بەعسی کێشا، لەو باشوورە کە هەر بە تەنیا بە قەت هەموو سێ پارەچەکەی تری کوردستان بۆ ئەو خەونە کوردانەیە خەباتی کردوە، هەموو گەنجەکانی لە دایک بووی دوای وەدیهاتنی ئەو خەونە کوردانەیە، ئامادەن هەموو ژیانیان لە کۆڵەپشتیەک خەن، خۆیان لە ئێژە غوسڵ دەن، تا بگەنە ئەو شاری لۆزانە و لەوێ هەموو ڕۆژێ ١٥٠ میتر عەرزی ڕێستورانێک و هەموو دەس بە ئاوەکانی ئەو شارە بشۆنەوە. بە هەموو شتێک ڕازین تەنیا لێیان گەڕێن بێن و لەو لۆزانە سواڵ بکەن. لە لۆزان گەسکی هەموو ئەو شەقامانە بە خۆرایی بدەن. باشوور. بێم بۆ لۆزان چی بکەم؟ بێم تا دانەیەک لەو پیرەپیاوانە کاتێک ددانە مەسنووعیەکانی بە زمان دەخاتەوە سەر جێ باسی پاراستنی ئەو دەسکەوتەم بۆ بکات؟ ئەو دەسکەوتە خەڵکەکەی خۆی لەبەری هەڵدێن.
بێم بۆ لۆزان بڵێم چی؟ هاوڕێکەم هەر باسی ئەوەی دەکرد کە باشە ئێمەمانان بچین، بە پێکەنینەوە دەیگووت لانیکەم پێیان دەڵێین مێروولەش بەشێکە لە ژینگە و سەمپاشی ماڵەکانتان مەکەن. هەموو قسەکەی ئەوە بوو کە گەنج لە ئەستۆیەتی بێتە ئەو شوێنانە، لە ئەستۆیەتی خۆی نیشان دات و پێداگر بێت لە سەر ئەوەی کە نەتەنیا لە بزووتنەوەکەدا نایهەوێت دەسەڵات وەدەست بخات بەڵکوو دژی ئەو قەوارەیە لە دەسەڵاتە لە ناو حیزبەکاندا. گەنج دەبێت بێت و ئەو ڕوانینە لە حیزبایەتی بشکێنێ و قەوارەی ئەو دەسەڵاتانە بشکێنێ. بێ بڵێ دەبێ دەسەڵات لە حیزب دا ورد بکرێ و دابەش بکرێت تا کەسەکان ئەرک بخەنە سەر شانی خۆیان.
من پێم وابوو پێویست ناکات. ئەوە تەنانەت دەتوانین بە سروشت بسپێرین. کەمتر لە دەساڵی تر تەواوی ڕێبەرانی ئەو حیزبانە لە ژیان دا نامێنن و چون چوارچێوەی ئەو حیزبانەش لە دژایەتی لە گەڵ خەلاقیەت و هاوکات نەبوونی باوەڕ بە جەوانە وا دەکات کە ئەو گەنجانەی لەو حیزبانە دان هیچی فێری هیچ نەبووبن و نەتوانن پاش ئەو ڕێبەریە حیزب بەڕێوە بەرن. ئەوانە کە بمرن، ئەو گەنجانەش کە هیچ کات پیرەکان باوەڕیان پێ نەکردوون و تەنانەت بڕوابەخۆشیان لێ شکاندوون، تووشی سەرلێشێواوی دەبن و هەر ئەو کاتە دەسپێکی گۆڕانی بزووتنەوەی کوردی دەبێت. پێویست ناکات ئێمە بچینە لۆزان تا داخۆ نیشان دەین پێمان وایە ڕوخسارێکی تر لە کاری حیزبی و شۆڕشگێڕانە هەیە.
نەچوون بۆ لۆزان هەر ئەوە نییە. نەچوونەکە خۆشم تێیدا بەشدار بووم، نەمدەویست بچم چون نامەوێت بیرم بێتەوە. بیرم بێتەوە کە بزووتنەوەیەک هات، هەڵیگرتین، وە فڕینی خستین، توخمی هەزار ئارەزووی لە مێشکمان چاند کە هەر کامەی بە زووترین کات قەفی ئەستوور کرد. لە شەش مانگ دا مێشکی هەموومانی کرد بە جەنگەڵی ئارەزوو، دە، سەد، هەزار، سەدهەزار ئارەزوو، ئارەزووی گەورە، بڵیند وەک دار، دارێکی ٢٠ میتری، ٥٠ میتری، نا ٥٠٠ میتر، نا داری ئارەزووەکەی من ٥٠٠٠ میتر بڵیند بوو، ئارەزووی گەڕانەوە، ئارەزووی ئازاد بوون، ئارەزووی ژن بوون، کورد بوون، تێر بوون، فێر بوون، ئارەزووی ئاوەدانی، ئارەزەووی ئەوەی بچی لە کووچەی شەخسەکە پێبکەنی، ئارەزووی ئەوەی بچیە بەر مزگەوتی سووری مهاباد قەدەرێک دانیشی. ئارەزووی گەورە، ئەوەی کە من دیومە خەڵک لە خیابان هەڵدەپەڕن. من پێم خۆشە بچم لە سەر کووچەی خوڕێنک لە بۆکان هەڵپەڕم، یان نا بچم لە مهاباد لە بەر دووکانی عەزیزی شارۆخ هەڵپەڕم. ئارەزووی بڵند. ئارەزووی ئەوەی بتوانی بچیەوە بۆکان، پەشێوی نەقاش ببینیەوە، پێی بڵێی کاک پەشێو باوەڕم پێ بکە تۆ زۆر لە نەقاشە ئوروپاییەکان نەقاش تری. ئەوەندە چاوچنۆکیش نیم لە بەر کورد بوونەکەی وابڵێم.
ئارەزووەکان کوان؟ بچم بۆ لۆزان ببینم کە هەندێک کەس ترسابوون، ترسەکەیان کردە لەمپەری ئەو خرۆشە و کۆمەڵایەتی ترین شۆڕشی کوردیان کشاندەوە؟ بۆچی بچم بۆ لۆزان؟
ئاخری هاوڕێکەم ڕازی بوو کە من لە گەڵی نەچم بۆ لۆزان. دڵیشی ئێشا پێی وابوو من خەریکم زیاتر لەوەی کە دەبێ، شین گێڕی دەکەم و هەستەکانمم بەسەر خۆم دا زاڵ کردوە. ڕەنگە ئەو نەتوانێ بزانێ ئەو ئارەزووی گەڕانەوەیە بۆ من چەندە گەورەیە، چون ئەویش ئارەزووی خۆی هەیە و تەنیا ئارەزووەکەی خۆی دەبینێت. بێ ئەوەی بزانێ چۆن هەستی ئەوەی کە ئارەزووەکەم وەدی نایەت، چەندە دەتوانێ داخدارم کات خواحافیزی لێ کردم.
ئەوڕۆ کە دیتم تۆ هاتووی بۆ بێرلین، ئارەزووی ئەوەم کرد کە توانیبام هاتنی تۆم کردبایەتە بەهانە. تو هاتبای منت دیتبایە و منیش گوتبام نایەم بۆ لۆزان چون ئەو کەسە هاتۆتە بێرلین. ئێستاش درەنگ نەبوە، ئەگەر ئەوە دەخوێنیەوە و هەر لە بێرلینی وەرە یەک ببینین!