ئەردەڵان باستانی (هەموو وێچوونەکان بە ڕێکەوت بووە و دنیای دەرەوە پەیوەندی بەو چیرۆکەوە نییە)

“دەزانی چۆنە؟ ئێمە هەموو کات خەریکی هەڵاتنین لەو شتانەی لە دەرەوەی خۆمان ڕوو دەدەن و ڕەنگە گۆڕینیشیان زۆر لە دەسەڵات و توانایی و ویستی خۆمان نەبێت یان خۆ خۆمان بکەری سەرەکیان بین. بەشەر هەر هەڵدێت لەو شتانەی بۆی ساز کراوە یان خۆ سازی کردوە و دەگەڕێ ڕێگای نەجاتێک ببینێتەوە بۆ خۆی. نەتدیوە ئەو گشتە پارتیزان و شۆڕشگێڕەی هەڵاتوونەتە وڵاتانی تر. بۆ مەگەر کەس هەیە کە دەس بەرێ بۆ چەک و نەزانێ ئەو کەرەستەیە گیانی خۆشی دەخاتە مەترسیەوە؟ یان ئەو…”
زۆر قسە دەکات. ئەوەندەی کە وەڕەز بی لە خۆت، لە ژیان و لە جیهان. بەڵام کوا ڕێگای هەڵاتن هەیە؟ غەریبی لە هەموو نەخۆشییەک ناخۆشترە. چڵکێکە کە هەموو پێستت دادەگرێ و بەرت نادا. غەریبی وات لێ دەکا زیاتر جەستەی خۆت بناسی و ناچار بیت بۆ ئەو جەستەیە کارێکی زیاتر بکەی. لە وڵاتی خۆت چەند شوێنی جەستەت تایبەتن، ناچاری وڵاتی خۆشت هەر گرێدراوی ئەوانن. لە وڵاتی خۆت زگ تایبەتە و دەبێ تێری کەیت. دەبێ ئاو بخۆیەوە. کۆی جەستەت تایبەتە و دەبێ لە سەرما و گەرما و با و باران و کڕێوە و تەزەی بپارێزی. چاوت گرینگە و دەبێ لە تۆز و چڵە موو و گژە گژی با و دوور و نزیک‌بینی بپارێزی. دەبێ عەینەک لێدەی. قەترەی تێ کەی. ددانت تایبەتە، دەیشۆی. شتی پێ ناشکێنی. دەم و چاوت تایبەتن، ڕیشت دەتاشی، دەزووی لێ دەدەی، لێوت سوور دەکەی، برۆت هەڵدەگری، سمێڵت قوڵە و ڕێک دەکەی. لووتت تایبەتە، بەیانیان دەیسڕی، عەتر لە خۆت دەدەی تا لووتی خۆت و خەڵک نەوازش کەی. بە مقەست مووەکانی قوڵە دەکەیەوە بۆ چاوی ئەوانی‌تر. نێو لاقت تایبەتە، زۆریش تایبەتە. بۆ ئەو تایبەتیە هەموو کارێک دەکەی، دەیتاشی، دەسپەڕ دەکەی، قامک لە خۆت دەخەی. بیر دەکەیەوە تا ڕێگایەک بدۆزیەوە بۆ نزیک بوونەوە لە کەسێک. تەگبیر دەکەی چی بڵێی و چی بکەی و چی لە بەر کەی و چۆن سەرت دابێنی و بچیە کوێ. کە دەچیە تەبعید، یان دەنێردرێیە تەبعید ئەوانە هەمووی دەبەی لە گەڵ خۆت و ئەوسا بەشێکی تری جەستەشت تایبەت دەبێ و دەبێ جار نا جار بۆ ئەویش کارێک بکەی. ئەو پلە گۆشتەی هیچ کات هیچ هەستێکت بۆی نەبوە لە ناکاو دەبێتە بەشێکی گرینگ و بەش خوراو. لە ماڵێ بیت یان لە تاراوگە، جەستەت هەر دەبێ تێر کەی و بیپارێزی، بەڵام زمان، تەنیا لە غوربەت خۆی دەر دەخات. دەبێ زمانیش ئەوکەڕەت ڕازی کەیت. دەبێ بگەڕێی بۆ کەسانێک کە زمانی تۆ بزانن و بچی بدوێی لە گەڵیان. بە ویستی خۆشت نییە، ناچار دەبیت کەسی سەیر و سەمەر بدوێنی. ئاخر غوربەت پڕە لە دوژمن، پڕە لە جاش و فاشیست و بەچکە دەوڵەمەند و خوێری و بەڕەڵا، ئەوانەی هەر وەڕەزترت دەکەن. هەر بۆیە کەمن ئەو کەسانەی دەتوانن هاوکەلامت بن. ئەو کابرایەش هەر وایە. ناچارم بیدوێنم. زمان ناچارم دەکات بێم و چەند سەعاتێک خۆم بدەمە دەست ئەو کەسە تا زمانم بڕێک بگەڕێت. ئەوە ڕێک ٥ ساڵە هەموو کەڕەتێک کە دەیبینم دەمەوێ بڕشێمەوە بە سەر ئەو چارەنووسە تاڵە دا کە مەجبوورم ئەو کەسە ببینم. هەر لە چاک و چۆنیەوە خۆم دەخۆمەوە و چەند سەعات دەڵێی دەستێک خۆی لە کیسەی حەمام هەڵکێشاوە و لە کونی گوێمەوە تا ئانیشک چۆتە کاسە سەرمەوە و خەریکە مێشکم کیسە دەکێشێ. هەست دەکەم کیسەکە مێشکم بریندار دەکات و ئەو چەوری و خوێنەی بە ملوێن ساڵ توانیویە خۆی لە کاسە سەری بەشەر دا ئاوا ڕێک بخات، لێک دەکاتەوە و وەک ڕیخۆڵەی مەڕ هەڵی دەڕێژێ و دەیشوا و لووس و سپی و ویشکی دەکاتەوە.

“یان ئەو کەسانەی دەس دەبەن بۆ جەنایەتێک. هەر هەڵدێن هەرچەند دڵنیان ڕۆژێک ئاشکرا دەبن و دەگیرێن. من پێم وایە بەشەر هەر لەو هەڵاتن و گیران و کردنی کارگەلێکی دژبەری یەک مانا پەیا دەکات. چاو لە هەر کەس دەکەی پڕە لە دژایەتی. یانی شتێک دەڵێ و شتێکی تر دەکات، تەنانەت بێ ئەوەی خۆی بزانێت. فەلسەفەی بوونیش هەر ئەوەیە. هەڵێی لە بەر شت گەلێک. ئەوە نییە”

ئەو دەیڕێسێ و منیش خەریکم قسە لە گەڵ خۆم دەکەم. هەر بۆ جوابێک دەگەڕێم تا بزانم ئەرێ من ئەو گشتە ڕەنجە بۆ دەخەمە سەر شانی خۆم. باشە ئەو مێشکە شێواوەم بۆ کردۆتە ئاواڵی خۆم تا ئەشکەنجەم بدات بەو هەڵیت و پڵیتەی دەیڵێت و سەر و بنی دیار نییە. چ دەبێت ئێستا ئەو لیوانەی لە سەری دا بشکێنم.
بیر لەوە دەکەمەوە من خۆم بەتەنیا تەواوی ئەو قۆڕیاتەی ئەو دەیڵێ و بڕوای پێیەتی ڕەد دەکەمەوە. من کوا هەڵدێم؟ تەنانەت حەول دەدەم بۆوەی نەتوانم ڕا بکەم.
ڕێک ئەو دەمانە بوو. تاو لە ناوەڕاستی ئاسمان بوو. لێرە گەرمتر، ڕووناکتر. وەک ئێستا بەهار. کزەبایەکی فێنک دەهات. دەبوو شتێک لە بەر کەی، نەک باڵتە. نا نا شتێکی ناسک، ئەوەندەی بە توێی کراسێکەوە سەرمات نەبێت. دەلەرزیم. شەرواڵێکی قوڵەم لە پێ دابوو. کراسێکی ناحەزی شین. جووتێک سەرپایی. هەمووی سەدەقەی خەڵک بوو. شەرم زیاتر لە کزەبا دەیلەرزاندم. ڕۆژانی یەکەمی غوربەت بوو. نا نا ئەو ڕێگایەی دەچێتە غوربەت. ئەو ڕیگایەی دەیپێوی و کۆتاییەکەی بە دەست خۆت نییە! نازانی لە کوێ تەواو دەبێت. لە شوێنێک بێ ئەوەی خۆشت بزانی بۆ، ناچار بە وەستان دەبیت. یانی ڕات دەگرن! دەبێ ڕاوەستی. تا ئەو کاتە دەڵێی با دەتبات. لەو ڕۆژانە دا تەنیا خۆتی کە دەزانی تۆش بەشەری. کەسی‌تر هەست بەوە ناکات. بۆ قاچاخچی و پۆلیس تۆ باری! شتێکی قاچاخی کە نەدەبوو بێی و دەبێ بەڕێ بکرێی. بێ‌کەڵک‌ترین باری قاچاخی ئەو جیهانەی. لە ئێران هەموو شتێک قاچاخە. برنج، چایی، شەکر، تریاک، شەمچە، حەشیش، مەشڕوب، بێنزین، گازۆڵ، دەمانچە، پارچە، گەنم، کەوش، سیگار، گۆرەوی. کریستاڵ، چینی، لاک و ماتیک، کاندۆم، گووشی و کامپیۆتێر، کتێب، شانەی سەر، مەڕ. هەمووی بە قاچاخ دێت یان دەڕوا. بەڵام هەمووی کەڵکی هەیە. هەمووی پێداویستیە. تریاک بۆ سەرخۆشی. مەڕ بۆ گۆشت. برنج بۆ خواردن. بەڵام ئاخر من بە کاری چی دێم؟ من بۆ دەبێ بەڕێ بکرێم بۆ وڵاتێکی‌تر؟ نە کارێک دەزانم. نە زمان. نە وەک ئەوان دەچم. نە کەس پێویستی بە بوونی من لەوێیە، نە کابرای قاچاخچی خەریکی مەعامەلەیە. نە کابرای پۆلیس خەریکی بەرگرتن بە هاتنی کەرەستەیەکە کە قاچاخە یان خۆ لە وڵاتەکەی خۆی ساز دەکرێت و نابێ هاوردە بکرێت. کەس لەو ڕێگایە پێی وانییە تۆ بەشەری جگە لە خۆت! ڕۆژانی سەفەر پێت وایە هەموو جیهان چاوی لە تۆیە و هەموان باسی تۆ دەکەن. لە قەراغ شەقامێک وەستاوی و چەند کەسێک تێدەپەڕن، بڕوا ناکەی ئەوانە دەتوانن لەو چرکەیە دا باسی گەمژەیی باوکی یەکیان لە کەسابەت یان خۆ بیرەوەریەکی دەبیرستان و زانکۆ بکەن و قاقا پێبکەنن. نا نا ئەوان بە تۆ پێدەکەنن.
کەسێک تێ دەپەڕێ و ئیمکانی نییە ئەو کەسە هەر ئێستا لە کارەکەی دەرکرابێت، یان لە دەسگیرانەکەی جیا بووبێتەوە، یان نا خراپ خەوتبێت، نەخێر ماندوو بێت و ناوچاوانی گرژ کردبێت. ئەو ڕقی لە تۆیە و بوونی تۆ لەوێ عاجزی دەکات.
بە پاڵ قاوەخانەیەک دا دەڕۆی، وا نییە ئەو کەسانەی دانیشتوون خەریکی قسە کردن لە سەر بابەتێکی گرنگ یان خۆ جیاوازی تامی بەستەنی میوەیی و شۆکۆلاتی بن. ئەوان باسی تۆ دەکەن کە کراسێکی ناحەز و شەرواڵێکی قوڵە و جووتێک سەرپایەی دڕاو و گەورە دەخشکێنی بە شوێن خۆت دا.

“ڕەفیق گیان من دەبێت بڕۆم تا نیو سەعاتی تر. زۆر خۆش بوو یەکمان دیت و زۆرمان قسە کرد. بۆچوونەکانت زۆر بە کەڵکم هات و جاری دوایی زیاتری قسە لە سەر دەکەین. ئەوە زۆر گرنگە، دەبێ زیاتر لە سەر ئینسان ناسی مارکسی و بۆچوونی لیبڕاڵەکان لەو بابەتەوە قسە بکەین.”

پێم خۆشە بە هەموو هێز و قەوەتی خۆمەوە مستێک لە لووتی دەم و ئەو عەینەکانەی لە چاوی دا ورد و خاش کەم. زۆر خۆشە حوڕ بیت و مەجبوور نەبیت و هەموو ئەو شتانەی بە زەینت دادێت بۆ کردن و گوتن، بیانکەی و بیانڵێی. ئێستا لە باتی وتنی بەڵێ بەڵێ زۆر موفید بوو، حەتمەن حەوتووی داهاتوو دادەنیشین زیاتر قسە دەکەین، گوتبایەم برۆ قوڕومساغ، من هەر دەمەوێت لە تۆ هەڵێم. ڕووی ئاوارەیی و تەبعید ڕەش بێت کە ناچارت دەکات خۆت بکەیە گوێگری کەری وەک تۆ.
ئەوانە ناڵێم، زۆر بە ڕێزەوە ماڵاوایی لێ دەکەم و دەگەڕێمەوە بەرەو ماڵەکەم. هەڵدێمەوە بەرەو ماڵێ، هەنگاوەکانم ئەوەندە لێک نزیکن کە ڕۆیشتن هیچ شتێک لە بەر چاوم ناگۆڕێ. بەردی سەر پیادەڕەوەکە دەڵێی خۆیان درێژ دەکەنەوە، یان خۆم دەمهەوێ درێژ بنەوە. هەروا هەڵدێم و جەستەشم بە خاوە خاو دێت بە شوێنم دا. جارناجرێک خۆم لە شوێنێک دەکوتم، یان لاقم لە شتێک دەگیرێت و هۆشم دێتەوە سەر خۆم و بیرم دێتەوە ئەوە بەڕێوەم. بیر و جەستەم هێند لێک دوورن دەڵێی ئەوە بیر هەڵدێت و جەستەش ڕێی کەوتوە بیگرێتەوە و هەر جار نا جارێک جەستە قامکێکی دەگاتەوە بیر و دیسان ئەوە بیرە تیژتر هەڵدێت و دەڕوا!

بەڕێوەم و هۆشمە لە ناکاو پێ لە سەگێکی بچووکی پەت کراوەوە نەنێم. لێرە سەگ وەک نەقاشی لێ هاتوە. هەر دووکتوورێک توانیبیەتی سەگێکی بۆ خۆی ساز کردوە. سەگ هەیە قورس بە قەرای بەرخێک، کەچی لاقی باریک و بچووک کراوەتەوە وەک پشیلەیەک! عەمەل نییە. ئاوا لە دایک دەبن. یانی تۆ لە ئوروپا دەتوانی تێزێکی دوکتورا لە سەر جوانی‌ناسی هونەری سەگ بنووسی! سەگی کلاسیک، سەگی مۆدێڕن، سەگی کوبیستی.
دانیشتووم و چاوم لە سەرپایەکانمە کە ڕەنگە دوو شومارە لە لاقم گەورەتر بن. هەموو ئەوڕۆکە و دوێکە هەر هەنگاوێکم مایەی شەرم بوە. لە بەیانییەوە تف لە چارەنووسی خۆم دەکەم. من لە شاری خۆم هەمووکات کەوشەکەم ڕێک بەو ئەندازەیەی خۆم دەڵێم بریقەی نەهاتبایە، یان خۆ دوگمەی کراسەکەم تەنانەت ئەوەی وەبن جلی تریش دەکەوێ و نابیندرێت، ئەگەر بڕێک شل بووبایە نەدەچوومە دەرێ یان خۆ ئەگەر چڵێکی قژم میلیمەترێک لەوانی تر قوڵەتر بایە یان خۆ درێژتر هەموو ژیانم تەعتیل دەکرد تا ئەوە بدۆزمەوە و ڕێکی کەم، ئێستا لە ئاتێن بە شەرواڵێکی قوڵە و کراسێکەوە و چووتێک سەرپایەوە دوو ڕۆژە دەخولێمەوە.

دێتەوە بیرم ئەو کابرایە بەڕاستی ئەوڕۆی لێ شێواندووم. هەمووجارێک دێت و چەند سەعات بێ وچان خەریکی وەڕین دەبێت و خۆشی نازانێ چۆن دەست پێ دەکات و چۆن تەواوی دەکات. تەواوی کە ناکات، دایدەنێ بۆ کاتێکی تر. بیر لەوە دەکەمەوە چی ئەو کابرایە بۆم جێی سەرنجە کە پەیوەندیەکەمی لە گەڵ تێک نادەم؟

ئەوەی کە ئەو کابرایە خۆی بۆتە کومونیست و وەک من و زۆری تر پێی نەبڕاوە بۆم سەیرە. ئاخر ئێمەی منداڵە کومونیست تەنانەت ئەوانەشمان کە لە دایک و باوکی تەواو پەشیمان و دژە کومونیستیش لە دایک بووین بەڵام ڕێگامان بۆ ئەو بیرە بوو. ئێمە هەر لە منداڵیەوە دەمانزانی کەسانێک هەن کومونیستن. کەسانێکیان لێ کوژراوە و هەروا دەشکوژرێن. دەمانزانی کەسانێک هەن تەنانەت دۆستایەتیشیان دەبێتە کێشەی زیندان و جەریمە و ئەشکەنجە! دەمانزانی کەسانێک هەن بڕوای سەیر سەیریان هەیە، دەمانزانی خودا نەناسی کومونیستیە، لایەنگری سواڵکەر و بەدبەخت و شوان و ئەوانە بیت ئەوە کومونیستی. هەر بە منداڵی پێناسەیەکی منداڵانەمان لە کومونیسم هەبوو، هاڵبەت لە ژێر کاریگەری بنەماڵە. ئەگەر دایک و باوک پەشیمان بایەن ئەوە کومونیسم وەک شتێکی خراپ و کومونیستەکان وەک کەسانی خاکی و شەریف دەهاتنە بەر چاومان. یان نا کومونیسم وەک شتێکی باش و کومونیستەکان خراپ. ئێمە لە ماڵێک لە دایک بووین کە کومونیستیش لەوێ بوو. لەو ماڵانە دەتوانی کومونیست بیت بێ ئەوەی خۆت بزانی چییە، تۆ دەتوانی لە جوابە جەنگی باوکی پەشیمانت دا ئێعلامی عومومی بکەی کە تۆ کومونیستی و باوکیشت هەر لە سەر ئەوەی تۆ لە ماڵی خۆتان بوویەتە کومونیست چەخسێکی چاکت بوکتێ. کومونیسم شتێکی گرنگی ماڵەکانی ئێمە بوو، یان قەدەغە و تف لێکراو یان پیرۆز.
ئەو کەسانە هەمووکات سەرنجم داونەتێ. ئەوانەی خۆیان بوونەتە کومونیست. ئەو کومونیستە دانیشجوە تارانییانە نا کە کومونیسم وەک کراسێکی جوان یان خۆ بەشێک لە فەشێن دەیبینن و دەیکەنە بەر خۆیان تا جیاوازی خۆیان و ئەوانی تر نیشان دەن. نا نا ئەو کومونیستانەی خۆیان بوونەتە کومونیست و گیراون یان ناچار بوون وڵات جێ بێڵن و ئێستاش هەر بەری نادەن.

دەم و چاویم هەر لە بیرە کە هات لە لام دانیشت. پێستێکی پیر کە چەن سەد خاڵی وردی زۆر کەمڕەنگی بۆری لە سەر بوو. دووچاوی گەورەی شین. قژی یەک دەست سپی. لە سەر ئەو پێستە سوورە. لە یەخەی کراسەکەیەوە تا بن چەنەگەی دەتگوت شیلانگیان لە بن پێستەوە کێشاوە. پێکەنین لە دەم و چاوی دا دەبیندرا بێ ئەوەی دەمی بجووڵێت. تۆزێکی چاو لێکردم. بۆ چاو لێ نەکات؟ کەسێک بەو بەیانییە، بە شەرواڵێکی قوڵە و جووتێک سەرپایەی زەلام و دژوێن ڕەنگە دوو حەفتە بێت حەمامی نەکردبێت لێرەیە و دەبێ چاوی لێ بکەی!
پاش ئەو گشتە ساڵە ئەوە فێر بووم کە بەڕاست لە ئوروپا خاریجیەکی دژوێنی جل شڕی بۆگەنی سەر نەشۆردووی ڕەنگە ڕشکن ئاسایی‌ترین بەشی ئوروپایە. ئەودەم نەمدەزانی. هەستم دەکرد بەڕاست یونان ئەو یونانەیە من لە کتێب دا خوێندبوومەوە. یونانی فەلسەفە و فکر و زانین. کام فەلسەفە؟ کەس لای ئێمە نەیدەزانی ئەوانە لە خەڵکی قوم و مەکە ئیماندارترن. یان ئەوەی کە لێرە جل شڕی فەقەت هی خاریجی نییە و یونانیەکەش هەروا فەقیرە. ئەوەنییە وڵاتەکەی بۆتە تەفەڕوجگای بێگانە. من ئەو ڕۆژە و لەو سەر سەندەڵی پارکە کوا کات و توانایی ئەوەم بوو بزانم توریسم و گەشتیاری قوڕ بە سەر خەڵک دادەکەن و گرانی کرێ ماڵ و خۆراک دێنن بێ ئەوەی ببنە هۆی هاتنی داهات! من ئەو کاتە بیرم لە شومال و جنووب و ئەوانە نەدەکردەوە. من بیرم لە خۆم دەکردەوە کە هاتوومە وڵاتی سوقرات کەچی کەوشم لە پێ دانیە! هاتوومە وڵاتی یەکەمین دێموکڕاسی ڕاستەوخۆ و منیش بۆ سەردەمی خۆم هەمان دێموکڕاسی ڕاستەوخۆم دەوێت کەچی وەک بەردە سەیر دەکرێم. هەرچەند لە یونان نە دێموکراسی ماوە و نە بەردەداری! من بیرم لە خۆم دەکردەوە کە ئێستا برسیمە و یەک سێنتیشم پارە نییە بۆ خواردن. چوار چڵە سیگارم پێیە کە بە سەقیلیەوە دەیکێشم.

کابرا بە دەست و لاق دەیویست لێم بپرسێ برسیمە؟ منیش کە ئەو دەم وەک هەموو کەسێکی تازە هاتوو وام دەزانی خەڵکی ئوروپا هەموویان ئینگلیسی دەزانن و بە دڵنیایەوە لە من باشتر دەزانن، بە ترسەوە جوابم داوە بەڵێ برسیمە. کابرا ئینگلیسی نەدەزانی! ناچار منیش بە دەست و لاق حاڵیم کرد. هەمووشتێک تازەیە و تۆش دەترسی و غەریبی و بڕوا بە کەس ناکەی. ئاخر تۆ تا چەند ڕۆژ لەوەپێش هەمان باری قاچاخی بێ‌کەڵک بووی. چۆن دەتوانی ئێستا بەشەر بیت و یەکێک پرسیاری برسی بوون و نەبوونت لێ بکات؟

ئێمە بەڵام وا نەبووین، هەر ئەوەمان دەکرد کە باب یان دایک کردبووی. ئێمە کومونیستی دێهاتی بووین چون دیبوومان باوکمان خەریکی وەرزێریە و خۆشمان دەمانزانی دەبێ ببینە وەرزێر. ئەو کومونیست بوە و تۆش دەبی. تۆش هەی. کە بووی ناچاری کارێکیشی بۆ بکەی. ناوێک لە خۆت دەنێی و خەڵکیش بێ ئەوەی لێی بکۆڵنەوە تەنیا بە هۆی بوونی پێشتری ئەو ناوە لە بنەماڵەکەت دا لێت قوبوڵ دەکەن و وات دەناسن. هەر چۆن لە دێهات کابرا دوای باوکی دەبێتە کەشاوەرز و وەک شتێکی تەواو ئاسایی و ماقوڵ و بێ جێگای پرسیار چاوی لێ دەکرێ و کەسیش ناڵێ ئەوە کەشاوەرزی دەزانێ یان نازانێت، کومونیست بوونی ئێمە مانانیش ئاوا قوبوڵ دەکرا. بەڵام ئەوانەی خۆیان دەبوونێ، سەیرن. تۆ دەبینی ئەو کەسە ڕێگایەکی تریشی بوە. یانی لەوانە بوە کە دەیتوانی ئێستا لە شوێنێکی تر بێت و خەریکی کارێکی کە بێت و تەواو کەسێکی تر بێت. دەیتوانی کارمەندێک بێت. نەقاشی ساختومان بێت. ئاسنگەر بێت. دوکتور بێت. یان هەر شتێکی تر. وەک چۆن باوکیشم دەیتوانی وەک براکانی چوێدار و کەشاوەرز و دێهاتی، یان نا بڕێک باشتر دووکاندار، مەعەلیم یان هەر شتێکی تر بێت، بەڵام بۆتە کومونیست و تەواوی ژیانی گۆڕاوە. خۆ بۆ من وا نەبوو! من هەر دەبوو ببمە کومونیست. یانی هیچ شتێکی کە نەبوو!

دەم و چاوی لە زاکیرەم پاکەوە نابێت. دوازدە ساڵە هەر دێتەوە بیرم. کراسێکی سپی خانە خانەی لە بەر دابوو. کراسەکە تیتڕۆن بوو، مارکی تیمساحێکی سەوزی بچووکی پێوە بوو. تا ئەو ڕۆژە من ئەو مارکەم نەدیبوو. تەنانەت نازانم ناوی چ بوو. کەسێک کە دوازدە ساڵە بەشی زۆری بیری ڕۆژانەمی داگیر کردوە و هەر دێت و دەڕوا ناناسم. تەنیا یەک جارم دیت. کەمتر لە دوو سەعات. بە دەست حاڵی کردم لە گەڵی بڕۆم. بۆ کوێ بڕۆم؟ ئاخر بۆ دەبێ بڕۆم؟ بۆ مەگەر من هەر ئەو بارە نەخوازراوە نیم کە لە ئێژە غوسڵ دراوم و وەک نەویست‌ترین بوونەوەر مانگێک لە جەزیرەیەک بە زۆر ڕاگیرام و یەکەمین هەنگاوی بە ئینسان‌کردنم لەو کەمپە و لە ژێر چاوەدێری کارمەندەکانی دەوڵەتی یونان بە زۆر تێپەڕاندوە کە هەمان خواردنی یاڕەماسی نەکوڵاو و برینجی شفتە و چێشتی شیرین و خەوتن لە سەر تەختی دوو تەبەقە بوە؟ پاش ئەوەش دەوڵەت زانیویە ئێمە یان خۆ من نابینە مرۆڤ و لە بەرگەیەکی کاغەز بە زمانی ئینسان حوکم دراوم کە لە ماوەی کەمتر لە مانگێک دەبێ یونان جێ بهێڵم و بڕۆمە وڵاتێکی تر کە تاقەت و پارەی بەئینسان‌کردنی منیان ببێت. ئەو بۆ دەبێ من بەرێ لە گەڵ خۆی؟ بێ‌ئینسافی نییە کە من ئێستاش هەر وا بیر دەکەمەوە کە ئەو شێوە ڕوانینەی هەندێک لە سپی‌پێستەکان لە گەڵ خاریجییەکان دەیکەن دەچێتە خانەی تەڤگەرە حەیوان دۆستەکانەوە. ئێستاش هەر باوەڕ ناکەم لە کۆمەڵگایەک کە دەوڵەت و پۆلیسەکەی ئاوا دڕ بەرەوڕووی خاریجی دەبنەوە، ئینسان دۆستی ڕوو لە خاریجی هەبێت. زیاتر وام دێتە بەر چاو کە چۆن لێرە لە سەر مافی حەیوان بەرامبەر دەوڵەت و سەرمایە خەڵک وە دەنگ دێن هەر ئاواش دەڕواننە مافی خاریجیەکان!

تۆ کە دەس بە سەر پشیلەیەک دادێنی و جامێک ماستی بۆ دادەنێی و ئەویش دێت و خۆی دەساوێ بە قەراغ لاق و کلکیت بۆ ڕاست و کەوانە دەکاتەوە و چاویت بۆ زەق و زیت دەکات و دەمیاوێنێ و عەرز بە دووپەنجەی پێشێی دەشێلێ و مرخەی عەشقت بۆ دەکات، قەت بیر لەوە ناکەیەوە کە ئەو پشیلەیە نازانێت تۆ هەر ڕێک لەو کاتە دا کە ئەو دەمرخێنێت و خۆشی دەوێی، بێ ئەوەی خۆشت بزانی ئەوت پێ کەمترە لە خۆت تەنانەت بێ ئەوەی بە کەست وتبێت! پشیلەکە نازانێ تۆ لە مێشکی خۆت‌دا بوونی ئەوت پێ لە بوونی خۆت بێ ئەرزشترە!

ئێستا پاش چەند ساڵ ژیان لە ئوروپا، خۆمم لەو ڕۆژەدا ئاوا دێتەوە یاد کە من وەک ئەو پشیلەیە بووم. ئەو دەستێکی بە سەرم داهێنا و پرسی برسیمە! منیش خۆم دا دەست سەرەتایی ترین خواستەکانم، خواردن و خەوتن! ڕێک وەک پشیلە کە بۆ جامێک ماست خۆی دەکاتە عۆین، ئاوا خۆم کردە عۆین بۆی، بە دەست و لاق سپاسم دەکرد. وای لێ هاتبوو کە ئەو وەک ئینسان و منیش وەک پشیلە یەکمان دەدواند. ئەو بە قامکێک ئیشارەی دەکرد وەرە و منیش بە هەموو جەستەم سپاسم نیشان دەدا. نمایشم دەکرد. ئەو بە قامکێک ڕاست یان چەپی نیشان دەدا و من بە هەموو جەستەم ئەو نمایشەم دەکرد کە حاڵی بووم کە دەبێ بۆ ڕاست بڕۆین و دیسان پەردەیەکی شانۆی پێ زانینیشم سەر لە نوێ ئیجڕا دەکردەوە. ئەرێ بەڕاست بڵێی ئەو ڕۆژە کەس ئەو نمایشەی هاتبێتە بەرچاو: ڕۆژێک لە ئاتێن کوڕێکی خاریجی بە جەستەی دەیگووت سپاس!

هەر سەردەکەوتین و دادەگەڕاین و بۆ ڕاست بامان دەداوە و بۆ چەپ و سەردەکەوتین و منیش ببوومە عوینی سپاس! کابرا قامکی ڕاداشت کە ڕاوەستم. دەرگایەکی یەک تایی قاوەیی کردەوە. ڕیزێک پلیکان تا سەرێ، تا ئەو شوێنەی لە دەرگاکەوە دیار بوو ڕۆیشتینە سەرێ. بۆنی خاوی یەکەم شتە لەو ماڵە لە بیرم ماوە. بۆنی شوێنێکی لێ دەهات کە تەڕەشوح بێت و کەسی تێدا نەژیت و پەنجەرەکانیشی هیچ کات نەکرێنەوە.
پەردەکانی کێشا، بەڵام من لە بیرم نەماوە چ ڕەنگێک بوون. لیوانێکی ئاو دامێ. فێنک بوو. هەر دەهات و دەچوو و خۆی قسەی دەکرد و جار جار پێدەکەنێ. من یەک وشەش چییە، لێی حاڵی نەدەبووم. بیرم لەوە دەکردەوە من بۆ لێرەم؟ بۆ لە گەڵی هاتم. زنجیری ئەو بیرانەی جار نا جارێک بە قسەیەک کە شێوەی وتنەکەی وا دەگۆڕی و من دەمزانی ئەوە لە گەڵ منیەتی دەپساند و منیش بە یا یا یەک و بزەیەکی دەسکرد جوابم دەداوە و لە سەر خۆمم دەکردەوە. دەستێکی بە سەری دادێنا و دەستەکەی تریشی بە سەر باسک و سینگی دەخشاند و بە دمیش دەیگووت فشششششششششششش. هەر بیرم لەوە دەکردەوە ئەو کابرایە بۆ شێت بوە لەو ماڵە دا، تا یەک کەڕەت هاتە مێشکمەوە ئەو دەڵێ دووش ناگری. زۆر سەیر بوو، ئەو جار کابراش بۆ پەیوەندی لە گەڵ من لە هەموو جەستەی کەڵکی وەردەگرت. دووبارە ئەو نمایشی پێزانینەم بە هەموو جەستەم نیشان دا. پێکەنینم بە خۆم دێت، بوا بە ئیلتماسەوە خۆم دەردەخست؟
چوومە بەر ئاوەکە. هەڵم دەهاتە سەرێ و منیش پاش دوو مانگ خۆم دەدا بەر ئاوی گەرم. چاوم قوچاندبوو و بیرم لەو دوو مانگە دەکردەوە. هەموو ڕۆژەکانی. هاتن لە ئێران. چوون بۆ تورکیە. سەر ئاو. ئەرێ ئەگەر ئەو کابرا پیرە بێتە ژوورێ چی بکەم؟ من هەمیشە کەسێکی دڵ پیسم. زوو هەست بە نائەمنی دەکەم و پێم وایە کەسەکان دەیانهەوێت بەڵایەک بە سەر من بێنن و خراپەیەکم لە گەڵ بکەن. بەڵام نا کابرا پیرە لە حەمامەکە بوو. نەمتوانی بیرم ڕێک و پێک کەمەوە. نەمدەتوانی زوو هەموو وەهم و خەیاڵ و ترس لە خۆم بڕەوێنمەوە و بیر بکەمەوە کە دەبێ چی بکەم. لە لایەکەوە لە بیری ڕابردوو دا بووم، پاشان سەفەر، ئەوجار بیری ئەوەی کابرا لە حەمامەکە بێت. نا نا من کاتی بیر کردنەوەم نەبوو. یانی دیسان ببوومەوە پشیلەکە. ئەو دەستی لێدام و منیش هەر بە جەستەم پێم وت نا!

ویژدان ئەوە نییە کە دەڵێن دەنگی کۆمەڵگایە یان دەنگی دینە یان خۆ دەنگی خودایە. ویژدان دەنگی خۆتە. دەنگی دووبەرەکایەتی خۆتە. ئەوکاتەی تۆ پێت وایە کارێکی باشت کردوە، دیفاع لە کارەکەت دەکەی. بەڵگە و هۆکار دەدۆزیەوە بۆ نیشان دانی نزیکایەتی خۆت و حەقیقەت. هەمانکات دەنگێکیش لە کاسە سەرت دا دەڵێ تۆ دووری لە حەقیقەت، تۆ درۆزنی، هەر خۆتت لە بەر چاوە و هەزار شتی تر. لە ڕاستی دا ویژدان وەکیلی خەڵکە لە کاسە سەری تۆ دا. دەنگی خواست و ویستی خەڵکی ترە و شەڕ لە گەڵ تۆ دەکات تا زیاتر بۆ خەڵک بیت تا بۆ خۆت! ویژدان پەیوەندی نییە بە خۆتەوە، دەنگی خۆت نییە و بێزارت دەکات. ویژدان ئەوە نییە کە تۆ شتێکت لە ناو دەروونی خۆت دا هەیە و ئەو چاکە و خراپەت نیشان دەدات و سەڵاح و زەرەدی خۆتت یان تەنانەت ویست و نەویستی خودات پێ دەڵێ. ویژدان وەک ئەوەیە تۆ هەر بە ڕاست کەسێکی سەربەخۆی دەم درێژت لە ناو خۆت دا هەڵگرتووە و ئەو کەسە وەک مێروو لە سەر ئەو مافانەی پێت وایە لە خەڵکت زەوت کردوە ئازارت دەدا. تەنانەت ویژدان وا نییە تۆ ئازار بدات لە سەر ئەو شتانەی وا خەڵک خۆیان بە مافی خۆیانی دەزانن و گۆیا تۆ زەوتت کردوە. ویژدان ئازارت دەدا لە سەر ئەو شتانەی تۆ خۆت بە مافی کەسی بەرامبەری دەزانی و وا دەزانی زەوتت کردوە. تۆ خۆت بێ بانگهێشت بوویەتە پارێزەری مافەکانی کەسی بەرامبەر و ویژدان تۆ لە سەر ئەو مافانە کون دە جەرگ دەکا کە ڕەنگە کەس بە مافی خۆی نەزانێ.

ئەرێ ئەوە دەڵێم چی؟ تەنانەت لای خۆشم خەریکی پاساو هێنانەوەم بۆ کارێک کە خۆم کردوومە و تەنانەت کەسیش نازانێ من کردوومە! کوا ئەوە مانای ویژدانە؟ تەنانەت ویژدان هەر مانایەکیشی هەبێت، تەنانەت ئەگەر هەڵەش بێت و ئەو جانەوەرە دوو پێیەی بە سوتفە فێری قسەکردن بوە بۆ خۆی ساز کردبێتیش هەر چ لەو کارە ناگۆڕێ کە من کردم.
من ئەو پیاوەم لە حەمام پاڵ پێوە نا و کەوت. ئاخر نەدەبوو هاتبایەتە ئەوێ. باشە منیش زۆر توندم پاڵ پێوە نا، دەمتوانی بێ پاڵ پێوەنان بڕۆمە دەرێ. کابرا جەد و ئابادی لە ئوروپا گەورە بوە هێشتا نازانێ نابێ بڕواتە ژوورێکەوە کە کەسێک ڕووتە و لەو چرکەیە دا نایهەوێت یان نەیگووتوە کە هیچ پەیوەندییەکی سێکسی لە گەڵی ناوێ؟ دەی خۆ ئەویش نەیگووتبوو دەیهەوێ پەیوەندی سێکسی لە گەڵت هەبێ خۆ تۆ زمانی ئەو کابرایەت نەدەزانی، خۆ هیچی لێ حاڵی نەدەبووی. هەر دیتت و لە پڕ دا پاڵێکت پێوە نا و کوشتت. ئاح. ئەوە چەند ساڵە یان خەریکم بن کۆڵی ڕوحی خۆم دەکەم و لایەنی کابرای یونانی دەگرم یان خەریکم پاساو بۆ بەرحەق بوونی کوشتنی ئەو کابرایە دێنمەوە. یان لای پیاوکوژ دەگرم یان کابرای دەسدرێژکەر! باشە بەڕاست ئەو دەیویست کارێک بکات؟

ئەو کابرایە زۆری قسە دەکرد، باشە ئەوە من سێ مانگە کتێبەکەی خۆمم داوەتێ بۆ هەر باسی نەکرد؟ یانی نەیخوێندۆتەوە؟ ئەی چی دەخوێنێتەوە؟ هەر دەچێ ئاساری بەرجەستەی مارکس و لێنین دەخوێنێتەوە؟ ئاخە وا هەر نییە ئەگەر خوێندبایەوە باسی جێگایەکی هەر دەکرد. یان نەکا خوێندبێتیەوە و بە ئەنقەستە باسی نەکات؟ پێم وانییە خوێندبیەتیەوە. ئەگەر وابا خۆ دەیزانی ئەوە ڕۆمانێک نییە لە سەر کەسێک نووسیبێتم، باسی خۆمە. باسی هاتنمە بۆ ئوروپا، باسی ئەو ڕێگایە، باسی بۆ هاتنم. خۆ بۆ کەسێک کە خۆی سواری تەیارە بووبێت و لە فڕۆکەخانە دابەزیبێت و دەسبەجێ خۆی تەحویلی پۆلیس دابێت و بردبێتیانە کەمپێک و دەسبەجێ دووشی گرتبێت و نانی خواردبێت هەرنەبێ وردە ڕووداوێک لەو ٥٠٠ لاپەڕەیە دا هەیە کە ئەوەندە بزوێنەر بێت بیهەوێ زیاتری باس بکات. کەم نییە تۆ لە زیندانی ئیدیرنە بووبیت و بە خەڵکیش بڵێی کە لەوێ بووی. زیندانی ئیدیرنە ٧٢ میلەتی لێیە. هەموو ڕەنگێک دەبینی. ئیسلامی وای لێیە ئوسامە بێن لادێن بە کافر دەزانێ. قاچاخچی وای لێیە ویستوویەتی هێرۆئین بەرێتە مانگ بۆ فرۆشتن. زیندانی ئیدێرنە هەر شەیتان خۆی لەوێ نییە! دەنا هەموو جۆرە ئینسانێکی لێیە. تورکیە بۆ یونان هاتن بە سەر ئاو دا خۆ شتێکی بچووک نییە! ٢٠ کەس سواری کەڵەکێکی بچووک بی و ماتۆڕێکی چوار پێنج لیتری لێی خوڕێت و چوارلیتریشت بێنزین پێ بێت و چۆک بە چۆکی یەکەوە هەڵلەرزین و لە دەریا دا بە بێ چرا بڕۆین تا دەگەینە یونان. کێوێک بێتە سەر ڕێمان. کێوێکی ئاسن.

باشە من ئەو کتێبەم بۆ نووسی؟ کێ پێویستی بەوە بوو ئەو کتێبەی من بخوێنێتەوە یان خۆ من بۆ پێویست بوو بە خەڵک بڵێم چیم بە سەر هاتوە؟ بۆ کێ گرنگە من ئەو ڕێیە هاتووم و چۆن هاتووم؟ چ بوو من دانیشتم ئەو گشتە وشەیەم لە دوای یەک ڕیز کرد تا ئەو داستانە بنووسم؟ چی هانی دەدام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دانیشم، هەموو مێشکم هەڵێنجم. نووسین ناخۆشە. ناخۆشتر لە گشت کارێکی ئەو جیهانە! ئەوانەی پێیان وایە نووسین هاسانە، لوکسە، کاری بێ زەحمەتە، دە فەرموو سەگباب دوو سەفحە بنووسە، هاڵبەت لە فەیسبووک و تووتێر نا، لە سەر کاغەز. نووسین ئازارە. ئەو گشتە ئازارەم دا بە خۆم کە کتێبێک بنووسم بیدەم بە کەسانێک کە نایخوێننەوە؟ ئەو کوڕە زانیویەتی من کابرا یونانیەکەم کوشتوە.
باشە ئەو کتێبەم هەر بۆوە نەنووسی کە خەڵک بزانێ من کابرایەکی یونانیم کوشت؟ نەمنووسی کە بڕێک خۆم سووک کەم؟ ناخوداگا نەمدەویست ویستی ئێعتراف و تۆبە و بەخشران دابین کەم؟ دەمەویست خۆم ڕازی کەم کە من گوتم و کەس نەیزانی. من کە نەخواز کابرا یونانیم کوشت، ئەوەتا هەموو حەولی خۆم دا کە تاوان بدەمەوە. ئەوەندە بەغیرەت نەبووم بچم خۆم تەسلیمی پۆلیس بکەم. بەڵام ویژدانی خۆمم پێ ڕازی دەکرد. من ئەو کتێبەم بۆوە نووسی ویژدانم ڕاحەت بێت. ئەی ئێستا بۆ دەترسێم؟ لە چی دەترسێم. ویژدانم ئاسوودە دەبێت. چون تەنانەت ئەو بەشەی داستانەکەم ئەوەندە کلیشەیە و ئەوەندەیان کوتوە و نوسیوە و نیشان داوە کە هەرکەس لە منی بخوێنێتەوە پێی سەیر دەبێت پاش ٢٥ ساڵ نووسین و نووسەربوون ئەوەندە بێ سەلیقە بم کە حەقایەتێکی وا بخەمە ڕۆمانەکەمەوە.

ئەی ئەگەر ئەو کوڕە زانیبێتی چی؟ ئەی بڵێی نەچێت لای کەسێک باسی نەکات؟ بڵێی لە هەلێک نەگەڕێ کە بە چاومی داتەوە و پاشان کە دڵنیا بوو من بەڕاست کابرای یونانیم کوشتوە باجم لێ نەستێنێ؟ یان نەچێتە لای پۆلیس؟ ڕەنگە ئەلان بچێ لە ئاڕشیڤ دا بگەڕێت تا بزانێت لەو ڕۆژ و تاریخەدا کەسێکی ئاوا لە ئاتێن مردوە یان نا؟
هەر پێم وانییە خوێندبێشیەتەوە.
کوشتن، تەواو کردنی بە زۆری داستانی ژیانی کەسێکە. کەس ڕەنگە بیهەوێت لە گەڵ کەسێک هاوسەرگیری بکات و منداڵی ببێت. بیهەوێت زەمینێک بکڕێ. بچێتە دانیشگا. شار یا وڵاتەکەی جێ بهێڵێ، کەس شایەد بیهەوێت لە کەسێك جیا بێتەوە. شایەد کەسەکە خەریکی تەگبیر بۆ کوشتنی کەسێک بێت. ئەگەر ئەو کارانە بکات هەموو بوونی ئەوڕۆی کەسەکە دەگۆڕدرێت. کەسەکە خەریکی گۆڕینی بوونیەتی، خەریکی گۆڕینی داستانی ئەورۆی خۆی و تەنانەت هەندێ کەسی تریشە. نەفەرێک دێت و بە زۆری داستانەکەی پێ تەواو دەکات. دەیکوژێت. کوشتن ئەوەیە. کوشتن بە زۆری تەواو کردنی داستانی بوونی کەسێکە. هونەر نییە؟ کوشتن هونەرە. هونەری گۆڕینی داستانی ژیانی کەسانێک.
چ هەستێکت دەداتێ ئەوەی داستانی ژیانی کەسێکت بە زۆری تەواو کردوە؟ کەسێک دەیویست هەموو سبەینێی خۆی بگۆڕێت، تۆ چووی نەتهێشت! تەواویشت کرد و ڕێگای هیچ گۆڕێنێکیشت نەهێشتەوە. هەستێکی خۆشە. دەسەڵاتە. هونەرە. کوشتن خۆشە. ئەگەر خۆشی نەکرێت، بیر کردنەوە لێی خۆشە. هەر ئەوەی لە مێشکی خۆت دا کەسێک دەکووژی، یان خۆ نەخشە دەکێشی بۆ کوشتنی کەسێک لەزەتت دەداتێ.
ماوەیەکە زۆر قسە لە گەڵ خۆم دەکەم. کوشتن پاکانەی بۆ ناکرێت.
ئەو کوڕە ئەگەر زانیبێتی چی؟ خۆ ناچار نابم ئەویش بکووژم؟

1000
Hours Worked
10 days, 20 hours
Since Last Incident