ئەردەڵان باستانی

زۆر زوو ماندوو دەبم. با منداڵە کاریگەریش بم و پێمەڕەکاریشم کردبێت، بەڵام هێندەی بەسەردا تێپەریوە کە جوان وەبیریشم نایەتەوە پێمەڕەیان چۆن بەدەستەوە دەگرت. ١٥ ساڵ هەر دانیشی و ڕاکشێی و نانی چاکیش نەخۆی کوا تاقەتی کارت دەمێنێ؟ کوا کارت پێ دەکرێ؟ هەر چوار پێمەڕە گڵ هەڵدەگرم و لەولاتر دەیڕێژم و دوو نووکە قوڵینگ دەگەێنمە زەوی ماندوو دەبم. هێشتا ٢٠ سانتیشم گڵەکە بۆش نەکردۆتەوە، هەر باشە بەهارە و عەرز وا ڕەق نییە، گڵەکە خۆشە زوو هەڵدەکەندرێ. ئەوە هاتبا و هاوین بایە، عەرز و ئاسمان سەری لێک‌ دا بایە و خۆشم کوشتبایە هەر بۆم هەڵنەدەکەندرا.

ئاسمان ساوە، پەڵە هەورێکیش دیار نییە، هەزار ئەستێرە بەدەرەوەن و هەموو ئەو سەحرایەش جگە لە جریوەجریوی سیسرکە و جارجارە دەنگی قوڵینگ و پێمەڕەی من خشپەیەک نایەت. هەتا چاو هەتەر دەکات تەختاییە و لە دوورەوە چراکانی دێهاتێکیش دیارە. هەموو گیانم وەسەر ئارەقە کەوتوە، دەستم دێ بلۆق بکات. ماندوویی و بێخەوی و برسیەتی و چڵکنی فشاری بۆ هێناوم. چەند شەوە هەر بە ترسەوە خەوتووم، یان نەخەوتووم، کێ لەو تەڕی و قوڕی و سەرمای بەهاریەدا لە دەرێ خەوی لێ دەکەوێ. ماندووییش لەوێ ڕاوەستێ، لە سەقزەوە بە پێیان، بەو شاخ و مەزرایانەدا بێی و خۆت بگەێنییە بۆکان و لەو شارە تاعوون لێدراوەدا هەر هەڵسووڕێی شوێنێکی نەرم نەبێت دە دەقە لەسەری دانیشی. هەر بە سەر پێوە، یان لە سەر سەکۆی پارک و بن دار دانیشی. بۆنی سەگی تۆپیوم لێ دێ. لەو وڵاتە هەر دەس بەئاوی مزگەوت مابوو ئەویشیان کردە پووڵی.

چوار ڕۆژە تەنیا سێ ژەمم نان خواردوە، ئەویش چی، جارێکیان هێلکەورۆنێک لە قاوەخانە و جارێک لە حەیبەتی برسیەتی لە دەرگای ماڵێکم دا و ئەوانیش بابۆڵەیەکی رۆنی زەنگ و مربای بەڵاڵووکیان دا دەستم کە هەموو شیلەی مرباکە بە دەستم دا هاتە خوارێ و بە هیچیش لێ نەدەبوەوە. جاری سێهەمیش لە خیابان برادەرێکمم دیت و زۆر بە ترسەوە لێی چوومە پێشێ و لەچکەکەم لە دەوری دەم و چاوم کردەوە و ناسیمیەوە. پەشۆکابوو، وەک کەسێک کە شەو ناخافڵ بکەوێتە سەر ڕێی ڕەوەگورگ تۆقیبوو. هەموو لەشی دەلەرزی. ترسام نەکا جەڵدە لێیدا و ئەوەشم بەسەردا ساخ بێتەوە. هەر ئەوەندە گوتم کارم پێت نییە بڕێکم پووڵ دەیە. دەستی کرد بە گیرفانی دا و لە ترسانە هەرچی هەیبوو هەڵی ڕشتە سەر چنگم و لێیدا ڕۆیی. دوو جاریش ئاوڕی بۆ دامەوە کە داخۆ دوای کەوتووم یان نا. خۆی ون کرد. بەو پووڵە چووم لە فەلەکەی ئەسکەندەری دوو کەباب و شیشێک جەرگم کڕی و خواردم. هەر ماڵی قاوەچی ئەو شارە ئاوەدان بێت، ڕووم لە هەرکام نابێت کە پوڵم نییە و چایەکم دەنێ دوو یان سێ یان هەرچەندێک خۆم ویستبێتم، کاڵ یان خۆ تاڵ، بە قەندی زۆرەوە یان بێ قەند داویانمەتێ و منەتیشیان نەکردوە.

هەرچی دەکەم بۆم تەواو نابێت، زۆرم کات ماوە بەڵام تا رووناک دەکا دەبێ تەواوی کەم. خۆم دەخافڵێنم، هێشتا گەرم نەبووم و تەوەزەلی ئەو ١٥ ساڵە کوا بە نیو سەعات پێمەڕەکاری دەڕەوێتەوە؟ قوون دەدەمە سەر گڵە هەڵکەندراوە، بڕێک تەڕە، هەست دەکەم لە سەر ئاو دانیشتووم، بەڵام نەرمە، جگەرەیەک دادەگیرسێنم هەر چاو لە قوڵکەکەم دەکەم.

ئەوڕۆژە بریا هەر لە خەو هەڵنەستابام، هەزارجارم بۆخۆم گێڕاوەتەوە و ئێستاش نازانم چی بوو و چی لێهات. بەشێکی ون بووە لە بەر چاوم، هەموو جارێ دەگەڕێمەوە بەیانی، دانە دانەی ڕووداوەکان دێنمەوە بەر چاوم. بەیانی هەستام، ئاوێکم بە سەر و چاوم داکرد، کراسێکی شێنم لە بەر کرد، پاتۆڵێکی ڕەش، کاپشێنە خەلەبانیە سەوزەکەم لە بەر کرد و بێ ئەوەی بزانم ئەوڕۆ چیم هەیە و چی لە کیفەکەم دایە، کیفە کۆنە بۆرەکەم بە سەر شانم دادا و لە پلیکانەکان چوومە خوارێ و لە حەسارێ چووم لە پشت دار گوێزەکەمان پاکەتە سیگارەکەم کە شاردبوەوە لە تۆی لایلۆنێک دا هەڵگرت و دەرگای دەرێم کردەوە و دامخست و ڕێ کەوتم بەرەو مەدرەسە. لە ڕێگایە فەرزادم دیت، باڵایەکی درێژ، لە من درێژتر، کز، سەری چەور چور، خەتی ڕیشی پان، پاتۆڵێکی لوولە تفەنگی نێفەک شۆڕی خاکی لە بەردا، جووتێک کەوشی سپی، هەموو ڕۆژێ بە میسواک دەیشۆرد و بێ کیف و کتێب و قەلەم و دەفتەر. وەک هەمیشە. لە قاوەخانەی بەر مەدرەسە چووین بۆ چایی خواردنەوە. زەنگی یەکەم نەدەچووینە سەر کلاس، هەر نەماندەزانی داخوا چیشمان هەیە. تێرمان چایی خواردەوە و پاشان بابۆڵەیەک جەرگی مریشک کە لە نێو مەنجەڵێک ڕۆن و یاڕەماسی دا سوور کرابوەوەمان خوارد و سەعات نۆ و نیو، کە گوێمان لە زەنگی مەدرەسە بوو چووینە ژوورێ.

هەموو ئەوانەم چاک دێتەوە بیر، هیچم لە بیر نەچۆتەوە. تەنانەت یەک بە یەکی وشەکانی ئاغای محەمەدی، کاتێک هەڕەشەی دەکرد کە ئێمەی حەیوان دەکاتە بەشەر و لە ڕووی عادەتیشەوە خێرا خێرا سەر شانی کۆتە ڕەشەکەی میزان دەکرد و دیسان ئانیشکی دادەیاوە سەر میزەکە و من و فەرزاد و ڕەشادیش سەرمان داخستبوو و گوێمان دەدایە و جار جارە ڕەشاد بە دەنگێکی کزەوە دەیگووت ئاغا ئەو جارە تۆ بمانبەخشە ئێمە غەڵەتمان کرد، دەبینە پیاو.
کە ڕەشادە گووپن ئەوەی دەگووت ئاغای محەمەدی وەک شیری سەر ئاور کە تێکی وەرنەدەن، هەڵدەچوو و کەف لە دمی دەهاتە دەرێ. دەیگووت کوڕە باوەحیز تۆ کەیخوداییش دەزانی؟ ئەو ئاژاوانە هەموو لە بن سەری تۆ دایە بنە تووری حەرامزادە!
من و فەرزاد بە بیستنی بنە تووری حەرامزادە، بوورابووینەوە لە پێکەنین، ئەوەندەی تر محەمەدی تینی گرتبوو، گوتی بڕۆن، سێ رۆژ حەقتان نییە بێنەوە مەدرەسە! ئێمە لە خۆشی ئەو سێ رۆژ تەعتیلیە باڵمان گرتبوو. وەک تیر لە تفەنگ دەرچێ، ئاوا لە دەرکی مەدرەسە هاتینە دەرێ و یەکسەر بۆ دووکانی فتباڵ دەستی! دووکانێکی بە دووکەڵ قانگ دراوی گەچخاکی تاریک، پڕ لە خەڵکی وەک خۆمان. هەر لە دەرکەوە کە دەچوویە ژوورێ تەنیا جنێوی دایک و خوشک بوو دەهاتە بەر گوێت و بۆنی ناخۆشی توتن، لە دەرێوە هاتبووی و بۆ چەند چرکە وەخت بوو بخنکێی. چارە ئەوە بوو کە تۆش زوو سیگارێک بە لالێوەوە نێی و دایگیرسێنی تا بۆگەن قڕت نەکات.

دەستمان کرد بە کایە، من و فەرزاد پێکەوە کەس دەرەقەتمان نەدەهات، من لای دەروازەم دەگرت و فەرزاد لای پێشێ، بەو قامکە درێژانەی دەسکی فتباڵ دەستیەکەی وا هەڵدەسووڕاند کە ئەو پیاوە بچووکانەی نێو مەیدانەکە کە لوولەیەکی ئاسن لە قۆڵیانەوە هاتبوە دەرێ هەزار خولیان دەخوارد و ئەگەر لولە ئاسنەکە نەبایە ڕەنگە هەڵفڕیبان، فەرزاد خێرا خێرا ئارەقەی دەستی بە پاتۆڵەکەی وشکەوە دەکرد و جنێوێکی دایکی دەدا بەو شانس و بەختە و ئەگەر تۆپەکەش کەوتبا بەر دەستی ئەوە بە پیاوە بچووکەکان ڕایدەگرت و میزانی دەکرد و ئەوجار دەستی بە پاتۆڵەکەی وشک دەکردەوە و لێی دەدا، هەموو کات دەبوو بە گۆڵ! ئەورۆژە هەرکەس سەری بە ژوورێ داکرد لێمان بردەوە و پوڵی کەیک و نوشابە بۆ سێ نەفەر و دوو پاکەت جگەرە و تا شەو لە قاوەخانە دانیشتن و قلیانێکیشمان بردبوەوە.

دەمانهەویست بڕۆین کە هاتن، دوان بوون. هەردووک لە ئێمە بە تەمەنتر بوون. یەکیان شەرواڵێکی جینی شینی ڕەنگ ڕۆیوی دەلینگ فشی نێفەک کورتی بە سەر جووتێک کەوشی کۆنی چەرمی نووک درێژ دا لە بەر کردبوو و پاژنێی کەوشەکانی نوشتاندبوەوە، کۆتێکی سەوزی گیرفان زلی کۆنیشی لە بەردا. ئەوی تریان، پاتۆڵ و باڵتەیەکی سووری ئەستووری بە قەولی خەڵک پەڕی قووی لە بەردا بوو. باڵتەسوورەکە سەری تاشیبوو و کڵاوێکی ڕەشی کاموای لە سەر کردبوو کە هەر دەستی بۆ دەبرد و دەیبردەوە سەر برۆیی.

ئەو هەستە ناخۆشەم هەر لە بیرە، تا دیتمن دڵم خورپەیەکی تێ کەوت. هاتنە پێشێ لە ئێمە و باڵتە سوورەکەیان گوتی دەستێک کایە بکەین؟ لە سەر ٥٠٠ تمەن. ئێمە لە بەیانیەوە کایەمان دەکرد و دەمانبردەوە کەچی ٩٠٠ تمەنمان کۆ کردبۆەوە، ئەوانەش بە جارێک دەیانویست ٥٠٠ تمەن کایە بکەن. ئاخ بریا هەر ڕازی نەبوایەم. گڕووم گرتبوو کە ئەوەندە زۆرە و ئێمە خۆ نازانین ئەوانە کێن و داخۆ ئەوەندە پوڵەیان پێیە یان نا. ٥٠٠ تمەن زۆر نەبوو، هیچ نەبوو، بۆ ئێمە زۆر بوو. هەرکام لە ئێمە ڕۆژانە ڕەنگە ٣٠٠ تمەنی بە تڕ و منەت و هەزار دۆعا و نزا و جنێو و جار جار شەقی باوک وەردەگررت. هەموو ژیانمان لە سەر ڕووت کردنی منداڵانی دەبیرستان بوو، یەک دوویەک ناچار بوون پوڵی سیگارمان بدەنێ، یەک دوویەک پوڵ بۆ چایی و خۆشمان ٢٠٠ تمەن بابۆڵەمان دەخوارد و ئەوەی کەشمان لە سەر یەک دادەنا بۆ فتباڵ دەستی و بەو هیوایەی کە پوڵی قلیانی ئێوارێ بەرینەوە.

فەرزاد خۆی بەسەرم دا فش کردبۆەوە کە ترسەنۆک یان دەیبەینەوە و ئەوشۆ سێ شیش جەرگیش دەخۆین یان خۆ دەیدۆڕێنین و ئەوشۆ ناچینە قاوەخانە و بەیانی زۆڵی ئەو سەگبابە فەڕش فرۆشە دەبەمە پشت مەدرەسە و ٥٠٠ تمەنی لێ دەستێنم. فەرزاد کە ئەوانەی دەگووت چاوی تروسکەی دەداوە، تەنیا ئەو ٥٠٠ تمەنەی دەدیت کە قەرارە بیباتەوە. هەر وا نەقایل، چووم لای دەروازەم گرت و دەستم بە لوولەئاسنەکانەوە گرت و گوتم فەرزاد تۆ سەرمان بە فەتەڕات دەدەی. فەرزادیش کە بەری دەستی بە پاتۆڵەکەی وشک دەکردەوە گووتی دەک داڕزێی ترسەنۆک.

باڵتە سوورەکە، باڵتەکەی داکەندبوو. لە بن باڵتەوە تەنیا ژێرکراسێکی ڕەشی لە بەردابوو. شان و پیلێکی پان و کارکردە، دەست و بازوویەکی بە هێز و جێی چەند دمە چەقۆش بە سەر لاشان و بن باڵیەوە بوو، هاڵبەت کێ هەیە لەو گەڕەکانەی سەقز، هەر لە حەماڵاواوە تا تازاوا کە جارێک چەقۆ خۆی نەخشاندبێتە گیانی؟ لێرە جێ دمی چەقۆ نەک مایەی ترس بۆ ئەوی تر، بەڵکوو وەک نیشانەی هاوگەڕەکی بوونە، ئێمە زیاتر لەوانە دەترساین کە برینێک بە سەر لەشەیانەوە نەبوو، دیار بوو ئەوانە لە ئێمە نین. باڵتە سوورەکەش هەر وا بوو، لە خۆمان بوو.

دەستم داوەتەوە قوڵینگەکەم، دەستم ڕاست دەکەمەوە و بە هەموو توانای خۆم دایدێنمەوە خوارێ و لە دڵی گڵەکە دا شلی دەکەم. سێ جار بە نووکە تیژەکەی و جارێک بە دمە پانەکەی، دمە پانەکەی کە دەکەوێتە سەر عەرز هەستێکی خۆش دەدا، زۆر ڕێک دایدەتاشێ، وا هەست دەکەی کە ئەوە تۆ پەیکەرتاشی و خەریکی هونەری! وردە وردە گەرم دەبم. باشتر کار دەکەم و پێمەڕەکەش بە دەستمەوە سووکترە. بەڵام ئەو ڕۆژە هەر قورسە لە سەر شانم، هەرچی دەکەم لەو دووکانە بە قوڕێ گیراوە دەربازم نابێت. فتباڵ دەستیمان هەر دەبردەوە، ناوە ناوە باڵتە سوورەکە جنێوێکی خوشکی بە ڕەفیقەکەی دەدا و دەیگووت هەتیو ئەو منداڵانە خەریکن لێمان بەرنەوە. بردمانەوە!
باڵتە سوورەکە ناوچاوانی خۆی ترش کردبوو و نەیدەویست پوڵەکە بدات. فەرزادیش پڕ کێشی دەکرد بۆ پوڵەکە. هەموومان سینگ بە سینگ وەستابووین. سێ بە دوو. سێحەب دووکانەکە ناوبژی دەکرد کە لێمان نەبێتە شەڕ و ئەوانیش و ئێمەش ڕازی نەدەبووین. باڵتە سوورەکە کە بەرامبەر فەرزاد وەستابوو هەڕەشەی دەکرد کە زۆری لە سەر بڕۆین هەر لێرە پاتۆڵمان لە پێ دادەکەنێ و ئێمەش هەر زیاتر هەڵدەچووین.

شەڕ چییە؟ چەند کەس لێک کۆ دەبنەوە، سەرەتا هەڕەشە لە یەک دەکەن، کە دۆخین دەبڕن و دایک و خوشکی یەک ئەتک دەکەن و بە چەقۆ زگی یەک دەدڕن و وا دەکەن و وا بچێ، هەموو دەترسێن، هەموو دڵەڕاوکەیانە، هەموو لە ناوەوە دەلەرزێن، هەموو لە دڵەوە تەمەنا دەکەن یەکێک بێت و نەهێڵێت ببێتە شەڕ، هەموو بە هەموویەوە چەند چرکە دەبات، کێ لە هەموو ترسەنۆکترە، کێ لە هەموو زیاتر دڵی داکەوتوە، کێ زۆرتر دەلەرزێ و هیوادارترە یەکێک بێت پەلی بگرێ و لەو هەنگامەیە نەجاتی دات کە ناهومێد بوو و زانی نەجاتی نابێت و ئەوە شەڕ بەری دەرگای پێ گرتوە خۆی دەکاتە پێشمەرگی شەڕ و مستی یەکەم، پاڵی یەکەم، یان زلەی یەکەم دەوەشێنێ. دەیوەشێنێ چون لە ترس خەریکە بمرێ. ئەوەیە دەسپێکی شەڕ!

فەرزاد کە دەمزانی چەندە ترسەنۆکە و چۆن دەلەرزێ، ئەوجارەش وەک جارەکانی تر دەستی پێ کرد، مستێکی گەیاندە سەر سینگی باڵتە سوورەکە و گوتی دایکحیز پووڵی من نادەی؟ هەر ئەوە بوو، تێک بەر ببوین، وەک گڵۆڵە بەن تێک هاڵابووین و لێک نەدەبووینەوە، هەموو دەستیان بۆ گیرفانیان دەگێڕا، وا نەبوو کە گیرفانیان نەبیننەوە، نا نا دەماندیتەوە، بەڵام گیرفان لە شەڕ دا یانی چەقۆ، یانی شتێک کە تۆ زاڵ دەکات بە سەر حەریفەکەت دا. هەموومان دەمانزانی گیرفان چییە، گیرفانی هەموومان چەقۆیەکی تێدا بوو، زامندار یان بێ زامن، درێژ یان کورت، پان یان باریک، زەنجان، یان هی کەس نەزان!
کەس دڵنیا نییە لە گیرفانی، چون نازانی چیت بەسەر دێت. چەقۆ خۆی دەکێشێتەوە، درێژ دەبێ، ئەستوور دەبێت، ئیدی لە دەستی تۆ دا نامێنێ، تۆ دایدێنیەوە تا خەتێک لە نێوچاوانی کابرا خەی، ئەویش خۆی دەدزێتەوە، بەڵام چەقۆ لەو زیرەکترە، خۆێ دەکێشێتەوە تا بن ملی و بە چاو ترووکانێک بە قەرای قامکێک خۆی دەکاتە ژوورێ و هەرچی هەیە دەیدڕێ تا بگاتە ئێسک. چەقۆ لە شەڕ دا خۆی بڕیار دەدات. تۆ تەنیا گرتووتە، بەڵام ئەوخۆی دەبینێ و هەڵدەبژێرێ، بچیتە سەر سینگ، مل، دەست یان خۆ زگ!

چەقۆکەی منیش خۆی بڕیاری دابوو، بە ناو تووک و لایلۆنی باڵتە سوورەکە دا چووبوە ژورێ و لە زگیدا جێی کردبوەوە، چاوم کە کردەوە باڵتە سوورەکە خۆی خستبوو بە سەر دەستم دا، بە زاری دا خوێن دەهاتە دەرێ، چاوی سوور سوور بوون، دەتوت چەقۆکەم یەکەم چۆتە چاویەوە پاشان هاتۆتە خوارێ و زگی دڕیوە. لەو پاییزە ساردە دا، دەستم لە خوێن دا گەرم گەرم ببوەوە. بەو دەرگا بچووکەدا چۆن هەرسێکمان هەڵاتینە دەرێ نازانم، تەنیا ئەوە دەزانم بە دەم هەڵاتنەوە ڕەشاد گووتی دایکحیز من هیچ وەئەستۆ ناگرم. خۆ دەمزانی فەرزادیش ئەوەندە بە غیرەت نییە گیانی پیاوێک بێنێتە ئەستۆی خۆی.
بە هەڵاتن خۆم گەیاندە ماڵی پوورم، ئومیدی کوڕە پوورم دەرگای لێ کردمەوە، خۆم کرد بە ژوورێدا، خێرا چوومە بەر شێرەی حەسارێ و دەستم لە گیرفانم هێنا دەرێ و دەستم کرد بە دەست شوتن. هۆشم لە دونیا نەبوو، لە گەڵ خۆم قسەم دەکرد. نەمدەزانی چی قەوماوە. منی ١٥ ساڵە بۆ ٥٠٠ تمەن چەقۆم کردبوو بە ورگی پیاوێک دا. خۆ ئەگەر بێت و کوشتبێتم باوکم سەرم دەبڕێ.

ئومید هەر دەیپرسی چی بوە، ئەو خوێنە چیە، بتبەمە بیمارستان؟ پوورە سوغرام سەری لە پەنجەرە دەرهێنابوو کە ئەوە کێ بوو هاتە ژوورێ؟
_ئومید، بە چەقۆ دام لە دانەیەک و جێم هێشت.
وەک بڵێی لە پڕدا زستان هات، بەستەڵەک هات و ئومیدی لە خۆی پێچا و کردی بە پارچەیەک سەهۆڵ و هەر لە حەسارێ جێی هێشت! زمانی شکابوو، نەیدەتوانی قسە بکات.

ماڵی پوورە سوغرام جێ هێشت، نەمدەزانی دەبێ چی بکەم، لە کۆڵانەکان کە دەڕۆیشتم وام دەزانی هەموو ئەو خەڵکە جاسووس و پۆلیسن و هەر ئێستاکەیە کە بەسەرم دا بڕوخێن و دەستم ببەستن و بمبەن. هەرچۆنێک بوو خۆم گەیاندەوە ماڵێ، لە دەرگام دا. باوکم دەرگای کردەوە، هەر کە دیتمی هەزار شەق و مست و زلە و جوێن بەسەرم دا باری. حەسارێ پڕ لە پۆلیس بوو، هاتبوون، لە بەردەستی باوکم هێنامیانە دەرێ و سواری تویتایەکیان کردم و ڕێ کەوتن. لە ماشێنەکە دا وەبەر مستیان دابووم، هەموو دەم و چاوم لە خوێن هاتبوو.

ماشێنەکە زۆر نەڕۆیی، دەرگایەکمان بۆ کراوە و لە حەساری ئاگاهی فڕێیان دامە خوارێ. لە سەر عەرزی کەوتبووم و چوار پیاوی زەلام، هەموو دوو هێندەی من دەبوون، بە شەپ و پێلاقە کەوتبوونە گیانم، هەر بە دەست سەرم دەپاراست لە شەق. ترس نەمابوو، کێ هەیە لە نێوەڕاستی دوزەخ ئیدی ترسی هەبێت. تەنیا بیرم لە زیندوو مان دەکردەوە. بڵێی زیندوو بمێنم؟ داخۆ کابرام کوشتوە؟ پێلاقەیەکی بە سەر سینگم دادا، گوێم لە دەنگی بوو، شکا، هەناسەم نەدەهات، وە نیخە نیخ کەوتبووم، هەناسەم کە هەڵدەمژی دەتگووت چەقۆیەک لە سینگم دا دەگێڕن. پەراسووم شکابوو. ئەو بێ ئیمانانە بەزەییان نەبوو، بن باڵیان گرتم و ڕایانکێشام بە دوای خۆیان دا بۆ وەتاغێکی تەنگ و تەڕەشوح و بە چرایەکی ١٠٠٠ داگیرساو.
نازانم چەندە لەوێ ڕاکشابووم و تەکانم نەبوو، دیسان هاتن، دەپاڕامەوە کە هەناسەم نایە بمبەنە دوکتوور، پەراسووم شکاوە، دەتگووت کەڕن. هەر لێیان دەدام، دیسان ڕایانکێشام بە دوای خۆیان دا، بۆ وەتاغێکی گەورەتر. هەر دەیانگووت بیڵێ، بەڵام کەس ڕانەدەوەستا من قسە بکەم. دەتگووت ئەوە من خۆم دەپارێزم، نا نا خۆ پارازتن لە وتن نەبوو، لە بەر شەق و مست و باتۆم، مەجالی قسە نەبوو. فڕێیان دابوومە سووچێکی وەتاغەکە. خۆشیان بە دەوری میزێکەوە ڕاوەستابوون و خەریکی ئەوبار ئەوبار کردنی هەندێک کاغەز بوون.
یەکیان ئاوڕی لێ دامەوە و وتی کۆڕەخەر ئیعتراف نەکەی هەڵتداوەسین. قسەم بۆ نەدەهات، وام هەست دەکرد کە وشەکانم لە تەڵاشەکانی پەراسووە شکاوەکەم و سیپەلاکم دا گیر دەکات و نایەتە دەرێ، قەوەم لە خۆم دەدا کە دەنگ هەڵبڕم و خۆم نەجات دەم. هەرچۆنێک بوو گوتم هیچم بۆ شاردنەوە نییە. بردیانم لە سەر سەندەڵیەک دایاننیشاندم و هەزار پرسیار.

بۆ کوشتت؟ پێشتر بەرنامەت بۆ داڕشتبوو؟ کێ هانی دای؟ هۆی دەست بردن بۆ کوشتن چی بوو؟ تازە زانیبووم کە کابرا کوژراوە، ژانم لە بیر چوبووەوە، خۆم بۆ ڕانەدەگیرا، پڕ بەو وەتاغە دەگریام و فرمێسکم دەباراند. من بە ٣ سەعات لە منداڵێکی ١٥ ساڵەی مەدرەسەوە بووم بە قاتڵ. پۆلیسەکان نەیاندەتوانی بڕوا بکەن بۆ ٥٠٠ تمەن من دەستم بردۆە بۆ چەقۆ و ورگی یەکێکم دڕیوە. ئەوجارەیان هەڵیان واسیم، دەستم لە پشتەوە بە دوو کەندر لە لوولەیەکی ئاسن قایم کرابوو و نزیک نیو میتر لە عەرز بڵیند کرابووم. سەتڵ سەتڵ ئاوی ساردیان پێدا دەکردم و بە کابل و باتۆم و پێلاقە بەرببوونە گیانم. من دەبوو چی بڵێم تا باوەڕم پێ بکەن؟ هەر ئەوە بوو کە وتبووم. من بۆ ٥٠٠ تمەن پیاوێکم کوشتبوو. ٥٠٠ تمەن دەیکردە کەبابێک و چاییەک! دەیکردە دوو پاکەت جگەرەی بەهمەن. ٥٠٠ تمەن دەیکردە لە سەقزەوە تا مهاباد بە مینوبوس چوون. دەیکردە دەربەستێکی تاکسی لە ترمیناڵی بۆکانەوە تا ئەوسەری شار.

٥٠٠ تمەن دەیکردە قلیانێک و دوو ئیستکان چایی و دوو دانە خورما. دیار بوو ئەوڕۆ ٥٠٠ تمەن زۆر هەڵکشابوو، ببو بە نرخی گیانێک و پەراسوویەک. ٥٠٠ تمەن زۆر بوو، ئەوەندە زۆر بوو کە ئێمە هەموو ڕۆژێ دەست بدەینە چەقۆ و لە پشت مەدرەسە کەسێک ڕووت کەین. ٥٠٠ تمەن ئەوەندە بوو کە بۆ نیوەی لە گەڵ دایکمان دوو سەعات شەڕەجنێو بکەین. ٥٠٠ تمەن ئەوەندە بوو لە دووکانان دزی بۆ بکەین. زۆر بوو، ئەوڕۆ زیاتر ببوو. ئەوەندەی کە کەسێک بۆی مردبوو، کەسێکیش بە پەراسوویەکی شکاوەوە هەڵواسرابوو. ٥٠٠ تمەن ئەوەندە زۆر بوو کە دەوڵەت چەند ماشێن و نەفەری خستبوە شارەوە تا سێ کەسی بۆ بگرن.

فەرزاد و ڕەشادیش گیرابوون، ئەوانیش هەموو سەر و چاو ئەستوور، کوتراو، ڕووبەڕوویان دەکردینەوە. هەردووکیان هاوقسە بوون کە من کوشتوومە. ٥٠٠ تمەن ئەوەندە زۆر بوو کە ڕەفیقەکەشتی بۆ بفرۆشی. من ڕەدم نەدەکردەوە کە من کوشتوومە، ددانم پێدا دێنا، بەڵام کەس نەبوو باوەڕ بکات ئێمە سێ کەس، بۆ ٥٠٠ تمەن شەڕمان کردوە و من هەڵم کێشاوەتە چەقۆ و کەسێکم سارد کردۆتەوە. تا دەگەیشتەوە ئەو خاڵە کە بۆ ٥٠٠ تمەن بوە، دەدراینەوە بەر شەق و جوێن.

ماندوو ببوون، هەزار کاغەزیان پێ مۆر کردین، دیسان ڕایان کێشاین بە دوای خۆیان دا و یەکی لە ژوورێکی تەنگی تەڕەشوحی میچ بەرزی ڕووناک فڕێیان داین.
نازانم چەند ڕۆژ لەوێ مامەوە، هەموو ڕۆژێ لە قاپێکی ئیستیلی خێچ و خوار دا دوو جار نانیان دەدامێ، شتێک وەک شۆرباو، یان ڕووباو، سوور و سوێر و چەور. لە گەڵ لەتێک نانی کۆن، ڕەنگە نانی دوێنێ یان پێرێ. لیوانێکیش چایی ساردی بێتام. هەموو جارێ قاپە ئیستیلەکەم بە پاروو چوان جوان دەسڕی، ئاخر ئەو سەگبابانە لێرە خۆ قاپ ناشۆن، هەر ئاوی کوڵاوی پێدا دەکەن و دیسان دەکاری دەکەنەوە.

نزیک ٤٠ سانتم هەڵکەندووە، نیو میتر پان و میترێک درێژ و ٤٠ سانت قوڵ، دەبێ گوشادی کەمەوە، وابێت بتوانم زیاتر هەڵکەنم، ئەوەندە گوشاد کە قوڵینگم هەڵێناوە ئانیشکم وە دیوارەکەی نەکەوێ، ئەوەندە گوشاد کە پێمەڕە بە دەستەوە هەڵسووڕێ، وا نەبێ نە گڵت بۆ وەسەر بێڵ بدرێ و نە گڵەکەت بۆ دەردرێ. خۆ میترم پێ نییە بزانم چەندەم هەڵکەندووە، بەڵام لە قولاپەی لاقم ڕەد بووە، نیو میتر نابێ و هەر ٤٠ سانتە!

کاتێک کە نازانم کەی بوو، تەنانەت نازانم شەو بوو یان ڕۆژ بوو، پاشان زانیم بەیانی بوە، هاتن دەرگایان کردەوە و گوتیان هەستە بڕۆ بۆ دەس بە ئاو. چووم، دەست و دەم و چاوم شۆرد و پاتۆڵەکەمیان دامێ و کراسێکی گەورەبەری سەوزی کۆن کە خوا ئەزانێ هی کێ بوەیان دا دەستم و منیش لە بەرم کرد. سەربازێک هاتە ژوورێ و هەردوو دەستی کەلەپچە کردم، دیسان گەڕاوە دەرێ و زنجیرێکیشی هێنا، لاقی پێ لە سەرپاییە سوورە لاتڵیشاوەکانم هێنامە دەرێ و  مەچەکی لاقمی بە دوو بازنەی ئاسن و زنجیر لێک گرێ دا. زنجیرەکە ئەوەندە قورس نەبوو کە لاقم پێ هەڵنەیەتەوە، بەڵام واش نەبوو بتوانم خێرا پێی بڕۆم، هەر نیو میتریش لاقم لە یەک دەکرایەوە.
چاویان بەستم و کەسێک کەلەپچەکەی گرت و وەپێشم کەوت. لە پڕ هەوایەکی تازە لە لووتمی دا، زریان بوو، گەرمیش بوو، خۆرەتاو بوو، سەرم هەڵێنابوو و هەنگاوم بە قەستی شل کردبۆوەوە تا چێژ وەرگرم لەو گەرمایە! هیچ کات خۆر و زریانم وا هەست نەکردبوو، منێک کە هەموو کات لە تیشکی تاو هەڵدەهاتمە بەر سێبەر ئێستا تەمەنام دەکرد بۆ تەنیا دوو چرکە زیاتر ڕاگیران لەو بەر تاوە.

سواری ماشێنیان کردم و ماشێنەکە هەر ڕۆیشت و هەر ڕۆیشت تا گەیشتە حەساری دادگا و دایانبەزاندم و لە نێوان چوار سەربازی تفەنگ لە شان بردیانمە ژوورێ و بە دەیان پلیکان و چەند داڵان دا بردیانم و هێنایانم تا گەیشتینە بەر دەرگای وەتاغێک کە بەر دەرگاکەی میزێکی داری زەلام داندرابوو و لە پشت میزەکەش سەربازێک دانیشتبوو و دەفتەرێکی گەورە و خودکارێک بە پەتێکی شین پێوە گرێدراوی لە بەر دەست بوو.
نزیک دەدەقەیەک لە بەر دەرگای وەتاغەکە وەستاین و پیاوێکی کەڵەگەتی پیری کۆت و شەرواڵ لەبەری ڕیش تاشراوی پاک و خاوێن، بە لووتێکی قەپۆزبەرانی و عەینەکی فتۆکڕۆمیک و کیفێکی چەرمی قاوەیی هەڵمساو لێم هاتە پێشێ و سڵاوی لێ کردم و گوتی من وەکیلەکەتم!

لێم پرسی جا نەدەبوو پێش دادگا یەک ببینین؟ بە پێکەنینەوە گوتی فیلمت زۆر چاو لێکردوە کوڕم!
چووینە ژوڕی، وەتاغێکی  گەورە، درێژ و پان، لە هەموو ماڵەکەی ئێمە گەورەتر بوو. لە پێش پێشەوە، سەکۆیەک ساز کرابوو، هەر بەو بەردە مەڕمەڕە سپیەی وا عەرزی پێ داپۆشرابوو سەکۆکەش داپۆشرابوو، ڕەنگە نیو میتر لە وەتاغەکە بەرزتر، لە سەر سەکۆکە سێ میزی گەورە داندرابوو، میزە نێوەنجیەکە دەبوو گوێز بێت، لە دوانەکەی قەراغی بەرزتر و گەورەتر بوو، نیشانەیەک بوو کە کێ قازیە و کێ نا!
بە بێ ئەو میز و دەفتەر و دەستەکەش هەموو کەس دەیتوانی بزانێ کامیان قازیە. مەلایەکی مەندیل سپی، ڕیش ماش و برینجی، جووتێک عەینەکی پان لە سەر نووکی لووتی، لە خۆوە توڕە، دێزە، چاوی پڕ لە شەڕاڕەت و بۆنێکی نەناس. قازیەکە بۆنێکی لێدەهات کە تەنیا من هەستم پێ دەکرد. سەربازێکی پیرانشاری لە پاڵم دانیشتبوو لێم پرسی تۆ بۆن دەکەی، گوتی نا. بەڵام من بۆنم دەکرد. بۆنێک کە هیچ کات نەمبیستبوو.

دادگا دەستی پێ کردبوو، کابرایەک لە تەنیشت قازیەکەوە دەستی بە قسە کردبوو و من هەر لێی حاڵی نەدەبووم دەڵێ چی، هەزار جار موتەهەم و مەقتول و قاتڵ و هاودەست و مەشاروئیلەیه و ئەوانەی لە وتەکانی دا و من هەر نەمزانی دەڵێ چی. پێکەنین گرتبوومی، بزەم لە سەر لێو بوو کە قازیەکە بە توڕەییەوە پرسی ها چیە بۆ پێدەکەنی؟
بە فارسیەکی کێویلە جوابم دایەوە قوربان ئەوە چ زمانێک بوو؟ قازی دەستی کرد بە هەراهەرا کە موتەهەم ڕێزی دادگاش ڕاناگرێ و گەمەی پێ دەکات. منیش بە ترسەوە وەجواب هاتم. ساکت!
بێ دەنگ بووم.

ئەوجار وەکیلەکەم دەستی کرد بە قسە، بە هەمان زمان کە بڕێکی فارسی بوو و ئەوەی تری نازانم چی بوو. ئێمە قەت لە مەدرەسە ئەو زمانەمان نەخوێندبوو. پاش بێدەنگ بوونی وەکیلەکەم کە هەر نیو سەعات پێش ئێستا یەکمان دیتبوو، دادگا ویستی قسەکانی من کە داخۆ دوایین دیفاعم بووە ببیستێ.
وەک شەقشەقە هەڵدەلەرزیم، قازیەکە هەر بە چاو تووتک ترسێنی کردبووم، منیش خۆ نە دەمزانی دیفاع چیە و نە دەمزانی دادگا چیە دەستم بە گێڕانەوەی ئەو ڕۆژە کرد، چەند جار داوام لێ کرا قسەکانم کورت کەمەوە. گەیشتمە ئەوەی کە کەسی کوژراو دەبوو ٥٠٠ تمەن بدات بە ئێمە و نەیداوە و لێمان بۆتە شەڕ و لە شەڕ دا چەقۆمان کێشاوە و نەخوازراو کوژراوە.
پرسیارم لێ کرا ئەو ٥٠٠ تمەنە بۆ چی بوە؟ لە فتباڵ دەستی دۆڕاندوویەتی!
بۆچی چەقۆت پێبووە؟ لە گەڕەکی ئێمە هەموو کەس چەقۆیەکی لە گیرفان دایە!
پەشیمانی؟ بەڵێ پەشیمانم بەڵام پەشیمانی چی لێ شین دەبێتەوە؟ ئەو ٥٠٠ تمەنە دەبوو بدات!

پاش من سەر لە نوێ ئەو پیاوەی قەراغ قازی دەستی کردەوە بە قسە، دیسان هیچ حاڵی نەدەبووم جگە لە چەند وشە. فێعلی حەرامی قومار، هەڵگتنی ئەسلەحەی سارد، کەڵک وەرگرتن لە ئەسلەحەی سارد، قەتڵ و لە پاشانیش دا داوای لە دادگا کرد کە ئەشەدی موجازات بۆ قەتڵ و قومار و فەسادی سەر عەرز لە بەر چاو بگرێ!

هەرام کرد کاکە قوماری چی؟ من فتباڵ دەستیم کردوە. ساکت! دەریان کردم و خێرا بردیانمەوە خوارێ و سواری ماشێنیان کردم و رێ کەوتین و پاش ناوەیەک چووینە بەر زیندانی سەقز!

زیندان، هەر گەڕەکەکەی خۆمان بوو، بەڵام زۆر چکۆلەتر، پڕ لە موعتاد و چەقۆکێش و داشی و هەندێک پیاو ماقوڵیشی لێ بوو کە پاشان زانیم ئەوانە مەشڕووب فرۆش، قاچاخچی قەبە، ئەسلەحە فرۆش و ماڵی خەڵک خۆرن، هەر ئەوانە لە چاو ئێمە عەلامەی دەهر بوون.

مانگێک لە زیندان بووم کە ڕۆژێک بانگ کرام بۆ دیژبانی، وەکیلەکەم هاتبوو. کیفەکەی وەختەبوو بتەقێت وا هەڵتۆقی بوو، لەو بەر ئەوبەری میزێک دانیشتین و کیفەکەی کردەوە. پوشەیەکی شینی ئەستووری دەرهێنا. کاغەزێکی لە پێش دانام کە ئیمزای کەم. خوێندمەوە نووسرابوو من لە لایەن وەکیلەوە ئاگادار کرامەوە لە حوکمەکەم. گوتم جەناب خۆ هێشتا هیچت پێ نەگووتوم! گوتی پێت دەڵێم. گوتم دەی منیش ئەوکات ئیمزای دەکەم. ئەو مانگە لە زیندان ئەوەندە فێر ببوم کە هیچ ئیمزا نەکەم! وەکیلەکە دوو قامکی گەیاندە لووتە قەپۆزبەرانیەکەی و عەینەکەکەی هەڵکێشا و چاوێکی لێ کردم و دەستی کرد بە قسە کە نازانم بە پێی مادەی چەند و چەندی موجازاتی ئیسلامی، بە هۆی فێعلی حەرامی قومار و قەتڵ و هەڵگرتنی چەقۆ بە فەسادی سەر عەرز مەحکووم کراوی و دادگا حوکمی بە قەساس بۆ قەتڵی نەفس و ١٠٠ شەلاق بۆ فێعلی حەرامی قومار داوە و تا ١٥ ڕۆژی تر دەتوانی داوای پێداچوونەوە بکەی!
گوتم ئەوانەی گووت هیچی حاڵی نەبووم، من قومارم نەکردوە، فتباڵ دەستیم کردوە. پاشان قەساس یانی چی؟ یانی چەند ساڵ؟ کەی شەلاقم لێ دەدەن؟ کەی ئازاد دەبم؟
کابرای وەکیل هەر لووتی دەخوراند و گوتی کاکە گیان، قەساسی قەتڵی نەفس یانی ئێعدام!

دیسان بۆنەکەم بۆ هاتەوە، وەکیلەکەش بۆنی قازیەکەی دەدا، دیار بوو ئەو بۆنە بۆنی مەرگە.

دەستم کرد بوو بە گریان! هەر نەمزانی چیشم ئیمزا کرد و چۆن چوومەوە ناو بەند. هەموو مۆعتاد و لات و چەقۆ کێشی ئەو زیندانەم لێ خڕ ببوونەوە، دڵداریان دەدامەوە، یەک دەیگووت کوڕی باش من ١٠ ساڵ لەوەپێش سێ کەسم کوشتوە، ئەوە دەساڵە ژێر حوکمم، نەشیان کوشتووم. خەمت نەبێ جارێ خەبەرێک نییە!

قوڵینگەکەم بە هەموو هێزەوە دەکوتا بە عەرزدا، هەموو ئەو شەوانەم دەهاتەوە بیر کە نیوەشەو، بە پەتێک لە مل دا وەخەبەر دەهاتم و تا بەیانی لە سەر تەختەکەم جینگڵم دەدا، نەمدەوێرا بنووم، تا چاوم لە سەر یەک دەنا سەربازە سەر و چاو پێچراوەکە پەتەکەی لە ملم دەکرد و بە ئیزنی خودا کورسیەکی بن پێمیان دەدایە بەر شەق، کورسی دەکەوت و من جۆلانەم دەکرد و نەدەخنکام.
پێمەڕەکەم پڕ لە گڵ دەکرد و دایکمم بیر دەهاتەوە کە هەموو چوارشەنبەیەک دەهاتە ملاقاتم و هەزار فرمێسکی دەباراند و یەک قسەشی بۆ نەدەکرا، باوکم هەرگیز نەهات!

١٥ ساڵ! بۆ ٥٠٠ تمەن. ٥٠٠ تمەن یەکجار زۆر بوو! بۆ من زۆر بوو.

دووشەنبە بوو، نان و چای بەیانیمان خواردبوو، هەندێک لە حەسارێ بوون و هەندێک لە ژوورێ خەریکی دامە و تەختە. پارچەی سپیمان بە ماژیک چوارخانە کردبوو و لە سەری نوشابەی لایلۆن داشمان ساز کردبوو و دامە یان تەختەمان پێ دەکرد. کابرایەکی گووپنی خڕیلانە هاتە ژوورێ. خۆی و دوو لایلۆنی گەورە!
سڵاوێکی بڵیند کە هەموو بیبیستنی گەیاندە گوێمان و لای سەرووی وەتاغەکەی گرت و لە تەنیشت چەند کەس دانیشت. پرسیاری تەختی خاڵی کرد و کە بیستی نییە گوتی لە سەر عەرز دەخەوم. پیاو ماقوڵانی نێو ژوورەکە گوتیان جەماعەت وەرن دانیشن، هەموومان کۆ بووینەوە، یەکیان قرخەیەکی لە سینگی هێنا و دەستێ پێ کرد ئەو پیاوە کاک مستەفایە! وەک ئێمە مانان نییە، زیندانی سیاسیە، پێشمەرگە بوە، ئێستا میوانی ئێمەیە و دەبێ قەدری بگرین، یەکێک دەبێ تەختەکەی خۆی بداتێ. چی هێرۆیینی ناو بەندەکە بوو بە دەنگی کزەوە دەیگووت ئێمە خاک پای زیندانی سیاسین! تەختی خۆمی دەدمێ، خەریک بوو لە سەر ئەوەی کێ تەخت دەدا بە کاک مستەفا هەنگامەیەک ساز بێت کە پیاوماقوڵان کە تەنیا ماقوڵایەتیان ئەوە بوو کە هێرۆیینیان نەدەکێشا ئارامیان کردینەوە و تەختێکیان دا بە کاک مستەفا!

هەموو بەیانیان لە پێش هەموان دا هەڵدەستا، دەچوو دەست و دەم و چاوی دەشۆرد، میسواکی بەیانیانی لێ دەدا و دەهاتەوە سەر تەختەکەی کتێبێکی بە دەستەوە دەگرت و هەر خۆشی دیسان لە پێش هەموومان دا دەچوو کەتری ئاوی کۆڵاوی وەردەگرت و چایی دێم دەکرد و خۆی لە پێش هەموان دا لیوانێکی چای کاڵی دەخوارد و هەر کەس هەڵدەستا پێکەنینێکی ئەو دەم و چاوە خڕەی وەردەگرت و دەیدی کە چۆن چاڵێک لە سەر گووپی کاک مستەفا قوڵ دەبوو.
ڕەفیقی هەموو هێرۆئینی و چەقۆکێشێک بوو، پیاوماقوڵانی ژوورەکە جار جارە لۆمەیان دەکرد کە ئەو لات و لووت و مۆعتادانە چین تۆ دەبیە هاوکەلامیان؟ ئەویش هەر بە پێکەنینەوە دەیگووت ئەوانە خۆ ماڵی خەڵکیان نەخواردوە، منداڵی بەدبەختین و ئە دەرمانە نەبایە لە ئێوە باشتر دەبوون و هەر خۆشی قاقایەکی دەکێشا!

چەند ساڵ من لە تەختی سەرو کاک مستەفا دەخەوتم، زۆر لێک نزیک ببوینەوە! تەواو هەستم دەکرد بۆتە کەس و کارم، هەموو شتێکی لە من باشتر دەزانێ، پرسی هەموو شتێکم پێ دەکرد، بۆ دادگا، بۆ داهاتوو، بۆ شەڕ و مەعرەکەی ناو زیندان بۆ هەموو شتێک. کاک مستەفا ببو بە باوک و مەعەلیم و وەکیل و هەموو شتێکم!

پێمەڕە پڕ لە گڵ دەکەم و دەیڕێژم و جنێو بە خۆم دەدەم کە خەیانەتم بە کاک مستەفا کرد، دەبوو لەسەر قسەی خۆم بمێنم، دەبوو ئەوەی گووتبووی بیکەم، نەدەبوو خۆم ببمە کوێخا و مل پێوە نێم. هەتا ئەو چاوە چکوولە ڕەشانەی لە ژێر ئەو ناوچاوانە پانە ئەستوورەیم دێتەوە بەرچاو گریانم دێت، ئەو شایانی ڕەفیقی باشتر و سادقتر لە من بوو، نەک منی درۆزن و خۆپەرەست!

نزیک میترێکم هەڵکەندوە، ئەوجار دەبێ گوشادی کەمەوە، شەو درەنگە، ڕەنگە سەعات دوازدە بێت، نازانم! بەڵام لەمێژە خەریکم. ڕەنگە واش نەبێ و چون ماندوو دەبم وابزانم لە مێژە هەڵدەکەنم. گڵەکە تا دێت وشکتر و ڕەقتر دەبێت. جارجارە خڕکە بەردیش دێتە بەر پێمەڕەکەم یان بەر نووکە قوڵینگ دەکەوێ! دەبێ زوو خڵاسی کەم، ماندووم لەو هەموو بیرەی کە بە دەم قوڵینگ و پێمەڕەلێدانەوە دێتە ناو سەرم!

ئەو حەوتووی ئاخرە هەموومان شڵەژابووین، پەتا هاتوە، هەموو دنیای گرتۆتەوە و خەڵک وەک گەڵای دار دەکووژێ. دەرمانی نییە و ئەوەی بیگرێ دەرناچێ. کەسی تازە گیراون و ئەوانە دەگێڕنەوە کە ئەو هەڵامەتە تازەیە هەر لە سەقز تا ئێستا نزیک ١٠٠ کەسی کوشتوە، دەوڵەت هیچ ناکات، بیمارستان پڕە لە نەخۆش، تەخت نییە، دووکتور و پەرەستار نییە، ئەوانیش تاق و لۆق نەخۆشیان تێ کەوتوە و یەک دوویەکیش مردوون، هەموو تەیارەخانەیەک داخراوە، مەدرەسە دەبێ داخرێ، دووکتوور دەڵێ لێک نزیک مەبنەوە، دەست لە شت مەدەن، دەستان زوو زوو بشۆن و ئەڵکۆڵ لە دەستان دەن. بە هەوادا بڵاو دەبێتەوە، دەسبەجێ دەیگری و چەند ڕۆژی پێ دەچێ لێت دەرخا، زۆر زوو بڵاو دەبێتەوە، نەخۆشی نییە، تاعوونێکە کە باڵ دەگرێ و بە ڕۆژێک دەتوانێ شارێک نەخۆش خات.
دەی ئێمە چۆن خۆمان بپارێزین لە نەخۆشی؟ مەگەر ئەوەی کەسی تازە نەگرن و سەرباز و کارمەندیش وەک ئێمە زیندانی بن و نەتوانن هات و چۆ بکەن.
دەوڵەت هەر هەیە بۆ پیاو گرتن، بۆ زیندان ئاخنین! لەو ژوورە بچکۆلانەش دا کوا ئێمە دەتوانین ٢ میتر لێک دوور کەوینەوە؟ ئەڵکۆڵ کوا دەدەن بە ئێمە؟ ئەو سەگبابانە سابوون نادەن! ئەگەر بشمان دەنێ، کێ ئەڵکۆڵ لە دەستی دەدا؟ دەیخۆینەوە!

کاک مستەفا بێ قەرار بوو، هەموو ڕۆژێ باسی ئەوەی دەکرد کە هەموومان دەمرین! دەیگرین. جارێک لێم پرسی ئەی چی بکەین؟ زیندانین و خۆ من و تۆش هەردووکمان ئێعدامین. ئەو مۆعتادانەش لەمێژە بە بەلاش دەژین. بشمرن کەس دڵتەنگ نابێت. ئێمەش بە نەخۆشی بمرین باشترە تا بە پەتەوە بکرێین! کاک مستەفا لەو قسانە تووڕە دەبوو، سوور سوور هەڵدەگەڕا و وەک خۆی دەیگووت خوای نەدەما!
“کاکە کێ دەڵێ بە پەتەوە دەکرێین؟ گیرەم کراین، هەمووی دوو دەقەیە، خۆ ئەو باشترە لە نەخۆشی و نیخە نیخ. ئەو مۆعتادە داماوانەش هاتوو تەرکیان کرد، ئەو سەربازە ماڵوێرانانە بڵێن چی؟ دەبێ کارێک بکەین. نابێ بێڵین بمرین!”

 دەوڵەت هەر لە سەرپێیە و بەخەبەرە و ساغی و نەخۆشی نازانێ بۆ گرتن. هەموو ڕۆژێ خەڵکی تازە دێنن و کەسیش ئازاد نابێت. کەسی تازە بۆ زیندان وەک دزە کردنی تیشکی خۆرەتاو، وەک هاتنی چۆڕێک ئاوی تازە، وەک کزەیەکی فێنک وایە، کەسی تازە دێت و دەس دەکا بە گێڕانەوەی دەرێ، دوور لە تەلێفون و هەزار چاوی جاسووسانی ڕۆژی ملاقات، لەتێک لە شار دێنێت لە گەڵ خۆی و بۆمان دەگێڕێتەوە. باسی شەقام و کۆڵانەکانمان بۆ دەکات کە ئێستا چۆنن، چەندە گۆڕاون، ماشێنی چۆن هاتوە، خەڵک چی لە بەر دەکات، چۆن قسە دەکەن، باسی ڕۆژ چییە. لەتێک لە شار، لە گەڵ خۆیان ئاودیوی زیندان دەکەن و دەیگەێیننە دەستمان!

کاک مستەفا، کورێکی تازە گیراوی دیتبوو و گەشابوەوە، دوو سێ رۆژ هەر قسەی لە گەڵ کەس نەکرد، هەر هات و چوو و شەوان نەخەوت و جگەرەی کێشا و بە ڕۆژ خەوت کە خۆی دوور بگرێ لە خەڵک! ڕۆژێک هەستا لە خەو و گوتی وەرە با بچینە حەسارێ! ڕوخساری پشکووتبوو، چاوەکانی دەدرەوشانەوە، ترس و دڵەڕاوکێی ئەو چەند ڕۆژەی پێوە دیار نەبوو، کاک مستەفا تەنیا نەبوو، خۆی بوو و هومێدیشی لە گەڵا بوو. دەیگووت نەورۆزە، کارمەند و سەرباز ڕویشتوون، کەسیان کەمە! دەتوانین بە دوو سەعات زیندان بگرین و ڕاکەین. کە ڕامانکرد دەڕۆین بەرەو سنوور، دەپەڕینەوە، لەوێ برا کوردەکانمان، دەوڵەتی خۆمان هەیە. ئەو دیوی سنوور خۆمانین، ئاشناین، پێشمەرگە و دەوڵەت خۆمانین! ڕزگار دەبین. دەبێ دەس ببزوین! هومێد وا لە چاوی کاک مستەفا دا بڵێسەی دەسەند کە هەر چڵە شکێکی دەسووتاند. بیری لە هەموو شتەکان کردبوەوە، لە سیفرەوە تا سەد، هەمووی لێک دابوەوە. شکم نەبوو کە دەرباز دەبین.
وای دانابوو کە ئەوشۆ لە گەڵ هەمووان قسە بکات، هەموان ڕازی بکات، کە نابێ تەسلیمی مەرگ بن، دەوڵەت دەیهەوێ ئێرە بکاتە گۆڕستان، هەموومان بکووژێ و بڵێ نەخۆش کەوتن، بڵێ ئاگایان لە خۆیان نەبوو، بڵێ من بێ خەتا بووم، هەڵامەتە و هەموو دەیگرن!

کێ هەبوو قسەی کاک مستەفا لە عەرزی دات، هەموو دەیانزانی دەبێ چی بکەن. جگە لە پیاو ماقوڵانی نێو بەند کەس نەبوو شکی لە هۆمێدەکەی کاک مستەفا بێت. دوو مۆعتاد گرتیانە ئەستۆ کە شەڕێک ساز کەن و وەک بۆخۆیان دەیانگووت، بەزمێک بێ سەگ سێحەب نەناسێتەوە، هەر واش بوو. سەگ سێحەبی نەدەناسیەوە، بە چاو ترووکانێک ئەوەی سەرباز بوو هاتبوە ژورێ بۆ ئەهوەن کردنەوەی شەڕەکەمان چەک کردبوو و لە بەندێکمان کردن و چووینە حەسارێ، دەرگای زیندانمان لە ژێر هەڕەشەی تەقەدا کردەوە، نازانم چۆن بوو، وەبیرم نایەتەوە، دەڵێی فیلمێکیان بە پەلە پێ پیشان داوم و نازانم چی ڕووی داوە، هەر ئەوە دەزانم کە دەرگای زیندان کرابوەوە و ئەوەی دەیویست دەڕۆیشتە دەرێ، دەیان کەس بە سەرپاییەوە، منیش یەک لەوان.

خەڵکێکی زۆریش لە بەر زیندان کۆ ببوونەوە، هەموو دوربینێک بە دەستەوە و خەریکی فیلم گرتن. سەقز وا گۆڕاوە نایناسمەوە، پیاوێک ڕووبەڕووم دەهات، کەوچکێکی قوون تیژ کراوم لە گەڵ خۆم هێنابوە دەرێ، من چەقۆ کێشم و بێ چەقۆ وادەزانم ڕووتم! کابرام ڕاگرت و چەقۆم لە سەر ملی دانا، کەوشەکانم پێ داکەند، هەرچی پووڵی پێی بوو لێم ئەستاند و تەنانەت دەمامکەکەشیم لێ ئەستاند. کابرا حەبەسابوو. من بەو کەوشانەوە کە شوومارەیەک لە لاقم گەورەتر بوون هەڵدەهاتم و کابراش هەروا سەرسووڕماو لە جێی خۆی تەکانی لێ بڕابوو. کۆڵانەو کۆڵان هەڵدەهاتم، لە کۆڵانێک جەوانێک بە ماتۆڕەوە دەهات و لە بەر دەرگای ماڵێک ڕایگرت، فریا نەکەوت بیکووژێنێتەوە کە سوار بووم لە پشتی، نووکی چەقۆم لە پشتی توند کرد و گوتم لێخوڕە. کوڕە وەک شەقشەقە هەڵدەلەرزی و گازی دایە، گوتم کۆڵان و کوڵان بمبە تا پشت کانی نیاز! وەک فیشەک دەڕۆیی، دە دەقەی نەگرت گەیاندمی، شایەد زۆرتر، بەڵام ئێستا بۆ من کات بە خێرایی تێپەڕ دەبێت.

تەواو ماندوو بووم، زۆرم هەڵقەندوە، ئێستا تا نێوقەدم لە قوڵکەکە دایە و بە ئیشتیا گەورەشم کردۆتەوە، ئەوەندە گەورە کە پێمەڕە بە هیچ بارێک دا وە دیوار ناکەوێ، گڵەکە هەر دێ و بەردی زیاتر دەبێ، زۆرم نەماوە. هەر نیو میتری کە هەڵکەنم خڵاس دەبم لەو بەزمەش.

دەمزانی بۆکان لە کام لایە، بەڵام قەت بە پێیان نەچووبوم، ڕووم کردە مەزرا و تەپک و کێوی قەراغ دێ و بە وردی ڕێ کەوتم، دەمزانی تازە دەرباز بووم، دڵنیا بووم ئەلان هەموو جاش و پاسداری ئەو شارانەیان ڕاداوە بۆ سەر سنوورەکان و کەس دەرناچێ، چاکتر هەر ئەوەیە من دەیکەم، دەچمە بۆکان و پاشان لە بۆکانەوە دەچمە تاران و لەوێ خەریکی کار و ژیانی تازە دەبم. کێ دەمبینێتەوە لە تاران؟ تاران بەحرە بەحر، هەموان دەخنکێنێ و ونیان دەکات.

ناوەناوە شوانم دەدی و لێم دەپرسین ئەرێ قارەوا لە کام لایە، ڕێگایان نیشان دەدام و هەزار پرسیاریشیان دەکرد، جوابم نەدەدانەوە، شوان بۆ هێندە بە قسەن نازانم، بۆ دەیانهەوێ پیشە و نیازی هەموو ڕێبوار و نەناسێک بزانن؟ ئەو ١٥ ساڵە هەر نەبێ سێ شوانم دی لە زیندان کە هەر لە سەر ئەو دم کەریە گیرابوون، یەکیان سوێندی دەخوارد تازە قسە لە گەڵ کەس ناکات. دوو مانگ گەمەی ئەو زیندانە لە سەر ئەو دەگەڕا. پێشمەرگە چووبون لە لای لایان دابوو و ئەویش شیری بۆ کوڵاندبوون و ئەوان کە ڕۆیشتبوون پاش چەند سەعات چەند چەکداری تر و ئەوانیش هەر کوردی پۆش هاتبوون و مەرحەباییان کردبوو و پرسیاری ئەو پێشمەرگانەیان کردبوو و ئەو دم کەرەش دەستی کردبوو بە خۆ بادان کە بەڵێ لێرە بوون و شیرم داونەتێ و خەمتان نەبێ زۆرم خزمەت کردوون و ئەوانیش چینێکی باشیان کوتابوو و هێنابوویان لێرەیان کردبوو.

ئەو ڕێگایە نەدەبڕاوە، نیوەشەو گەیشتمە نزیک شەهرەکی بۆکان. لە سەر خیابان ڕاوەستام و سواری تاکسی بووم، لێرەوە ئیدی من قاتڵ و چەقۆکێش نەبووم، کەسێکی ئاسایی بووم. کەسێکی ئاسایی وەک هەموان، کێ دەیزانی من ١٥ ساڵ لەوە پێش کەسێکم کوشتوە و ئێستا لە زیندان هەڵاتووم؟ هەروا کە کەس نازانێ ئەو خەڵکەی بە شەقام و کووچە دا تێدەپەڕن کێن؟ کامیان ئەوڕۆ بەیانی ژنەکەی وەبەر پێلاقە داوە؟ کامیان منداڵەکەی سەرەوبن هەڵواسیوە؟ کامیان دزی کردوە؟ کامیان درۆزن و جەلاد و پیاوکوژە؟ کێ دەزانێ خەڵک چکارەن؟ کێ دەزانێ داخۆ ئەو پیاوانەی ئاوا بەڕێزەوە بە سەر شەقام دا دەڕۆن یان لە بەر دەرگای دووکان ڕاوەستاون بەچەبازن یان خۆ دەسدرێژیان کردۆتە سەر ژنێک یان هەر جەنایەتێکی تر. کەس نازانێ و کەسیش ناپرسێ. منیش وا بووم، ئیدی کەسێکی ئاسایی بووم، تەنیا ناسیاوانم دەیانزانی کێم و چیم کردوە، نیازی تاران چوونیشم هەر بۆوە بوو، دەچم و دەبمە کەسێکی تازە، کەسێک کە ژیانی پێشووی جێ هێشتوە و ئێستا خەریکی کارە. دەچم کرێکاری دەکەم، دەچمە تەڕەبار، دەچمە بازار حەمباڵی دەکەم، یان نا ماتۆڕێک دەکڕم و لە تاران پێی دەسووڕێمەوە و خەڵک دەگوازمەوە، هەزار کار هەیە! هەموو شتێک لە زیندان باشترە.

لە فەلەکەی فەرمانداری دابەزیم و بە پێیان بەرەو ئەسکەندەری ڕێ کەوتم، بۆکانم باش دەناسی، بەڵام ١٥ ساڵ تێپەڕیوە، کوا ئەو بۆکانەی من دەمناسی ئەوە بوو، دەڵێی بۆکانیان لە ڕەگەوە دەرهێناوە و یەکی کەیان لە شوێنی داناوە. حەوزەگەورە ئێستا ئیدی ئەو دیوارە بۆر و ناحەزانە نییە، ئەو دیوارانەی کە تا لە گەڵ باوکم دەهاتینە بۆکان و بە بەر حەوزەگەورەدا دەڕۆیشتین باوکم دەیگووت ئەوە دیاری مەلا بۆ ئەو شارە بوو، ئەو حەوزە جوانەیان داپۆشی بەو دیوارە ناحەزانە! لەچکەیان لە سەر حەوزەگەورەش کرد ئەو سەگبابانە. لەچکەکەی حەوزەگەورە ئێستا شین و گوڵ گوڵیە، هەر ئێوارێی ئەو ڕۆژە لە بۆکان زانیم ژنانیش وەک حەوزەگەورە لەچکەی گوڵ گوڵ و جوان بە سەر دا دەدەن! ١٥ ساڵ زۆرە! ئەوەندەیە کە منداڵێکی ١٥ ساڵ چووە زیندان لەو ساڵانە دا کە خەڵک هەر جلی ڕەش و بۆری لە بەر بوو و کە هاتە دەرێ کەم مابوون کە ڕەش پۆش بن. ١٥ ساڵ ئەوەندە بوو کە ئەو شەقامە ناخۆش نالەبارانە دەستێکی پێدا بهێندرێ و ڕەنگی شار بە خۆیەوە بگرێ. ١٥ ساڵ بۆ گۆڕان هێندە زۆرە کە منداڵی شارەکەش ماڵی خزم و دۆست پێ نەزانێتەوە!

تا بەیانی هەر لە کووچە و کۆڵانی بۆکان خولامەوە و خۆم پاراست لە گەڕان بە خیابان دا، دەترسام نەکات پۆلیس لە شوێنێک تووشم بێت و بڵێن دا پێناسەیەک دەرێنە و منیش کە هیچم پێ نییە و بمگرن و بە دوو سەعات ئاشکرا بێت کە من کێم و دووبارە بچمەوە هەر ئەو شوێنەی لێی هاتووم.
ڕۆژان هەر لە قەراغ کووچەی حەوز و مستەڕاحەکە، لای سیگار فرۆشەکان دەوەستام و سواڵم دەکرد، نەمدەویست پوڵم لێ تەواو بێت. دەبوو خۆم ڕاگرم تا بڕێک وڵات ئارام بێتەوە و ڕێگا و بان بکرێتەوە و بتوانم جۆرێک خۆم بگەێینمە تاران. ئێستا دەڵێن ڕێگا خراپە، خەڵک ڕادەگرن و لێپرسینەوە دەکەن. نەخۆشی هەموو وڵاتی گرتۆتەوە. خەڵک خۆی دەبوێرێ لە یەکتر، کەس تەوقەی یەک ناکات و هەموو دەمامکیان بە دەم و چاوەوەیە، ئەوە منی تا ئێستا پاراستوە، خۆم لە بن دەمامک دەشاردەوە و کەس نەبوو بمناسێتەوە. هەل و مەرجەکە خەڵکیشی بە ڕوحم و بەزەیی تر کردبوو، هەرچەند گرانی و قاتی و قوڕیە، بەڵام هەموو ڕۆژێ تا ئەو چوار ڕۆژەی دوایی کە تاقەتم نەبوو، بەشی بابۆڵە یاڕەماسییەک یان خۆ هێلکەوڕۆنێکم هەر پەیدا دەکرد یان قاوەچی دەیدامێ. دوو حەوتوو هەر لە پارک و لای موعتاد و دەرکراو خەوتم، نە حەمامێک، نە جێییەکی گەرم، نە لێفەیەک. هیچ!

زۆرم هەڵقەندوە، ئێستا بەحاڵ چاوم دەرێ دەبینێ، قیت قیت ڕاوەستم دیار نیم، دیوارەکان گەرمن، هەڵم هەڵدەستێ لە بن و دیوارەکانی قوڵکەکە. دانیشتووم و جگەرەیەک دادەگیرسێنم. هیچ کات ئەوەندە ناهومێد نەبووم، تەنانەت ئەو ڕۆژەی کە وەکیلەکە پێی وتم ئێعدام دەکرێی، تەنانەت ئەو ڕۆژەی کە وڵامی دادگای باڵای پێداچوونەوەشم بۆ هات و ئەویش هەر ئێعدامی بۆ بڕیبوومەوە. هیچ کات هێندە خۆم بێ پەنا نەدیبوو، بێ کەس، دنیا ڕووخاو. هەر نازانم چۆن شتی وا ڕووی داوە؟ خۆ من هەر لۆمەی خۆمم دەکرد کە خەیانەتم بە هاوڕێکانم کردوە و جێم هێشتوون و حەولم نەداوە بچمە شوێنیان و پێکەوە لە سنوور تێ پەڕین!
ناهومێد و داخدارم، تەنانەت لە ناو خەڵک دا، ئەو کاتەی لە قاوەخانە دانیشتبووم و کابرایەک دەستی کرد بە جوێن دان بە دەوڵەتی کوردی و تەقەی لە بارزان و زەرگەتە و گردەکە و مەڵبەند و کۆیە و هەیبەت سوڵتان هێنا من نەمتوانی بشگریم. تەنیا پرسیم چی بوە؟ کابراش بە ڕقەوە، بە جنێو و کەفی نێو زارەوە دەیگوڕاند کە ئەو بەدبەختە خۆی گەیاندۆتە ئەودیوی سنوور، کەچی ئەو باوەحیزانە گرتوویانە و سنوورداشیان کردۆتەوە. کاک مستەفای دەگووت، کاک مستەفا و پێکەنینەکەی و چاوە چکۆلەکانی خۆیان گەیاندبوە لای برا کوردەکانی لە دەوڵەتی کوردی، بەڵام گرتبوویان، باوەڕیان نەکردبوو ئەویش برایانە! دابوویانەوە دەست ئێران! ئەی هاوار کاک مستەفا!

لە قوڵکەکە بە زەحمەت هاتمە دەرێ، پرێسکەکەم هەڵگرت وبازم داوە ژوورێ، ئێرە ئیتر ماڵی منە، نە زیندانە، نە لای برا کوردەکان. ماڵی خۆمە، خۆم هەڵمکەندوە. شیشە نوشابەکەم دەرهێنا، هەڵم پچری، بۆنی چەند خۆشە، هەڵمێکی تیژ دێتە نێو لووتتەوە، ئێوارێ کە چوومە دووکانەکە و نەوتم کڕی دەمویست هەر لەوێ بۆنی کەم، بۆنی گەرما و ئاوەدانی و نان و ماڵ لە نەوت دێت. خووساوم، پێمەڕە و قوڵینگەکەم حەوا دا دەرێ، فەلایەک پەیدا دەبێ هەڵیگرێ.
هەر بیر دەکەمەوە، بۆنی نەوتیش هەر دێ و زیاتر دەبێت.
جگەرەیەک، دوایین جگەرەم بە لێومەوە دەنێم و شەمچە دەکێشم.