ئەردەڵان باستانی
کە چوومە ژوورێ و سڵاوم کرد، پیاوێکی بەتەمەن لە سەر مۆبڵێکی تەکی لە گۆشەیەکی وەتاغەکە کە هەموو سەندەڵی و مۆبڵەکانیتری لێوە دیار بوو، دانیشتبوو. پیاوێکی کورتەباڵای پڕ. قەڵەو نەبوو بڵێی ئەوە زگی شۆڕ بۆتەوە یان خۆ غەبغەبی دەلەرێتەوە و هەموو گیانی بەزە. پیرێکی ساغ و چوارشانە.
هەستابوە پێ و بەخێرهاتنی کردم. دەم و چاوێکی سارد. نە بڵێی خۆشحاڵە لە دیتنی ئەو چەند میوانە. نە بڵێی ئەوە ژانەسەری گرتوە و دەیهەوێ بڕواتەوە تەنیایی خۆی، هیچ!
لە باوەشی کردم. لەو باوەشانە لەمێژە نییە، باوەشێک کە باسکەکان توند خۆیان لە پشتت قایم دەکەن و دەتگوشن بە سینگەوە. وەها دەتگوشن کە وادەزانی پاش باوەشەکە دڵت چۆتە جەستەی ئەوەوە و ئەوە دڵی کەسی بەرامبەرە هاتۆتە لەشی تۆوە و هەر لە چرکەیەک دا تۆ ئیتر دڵت لە چەپی سینگت نییە و هاتۆتە ڕاستی سینگت!
سەر و کەلەیەکی چوارگۆشەی گەورە. قژێکی تەسکی سپی بەسەر هەموویەوە وەک بڵێی ئەوە سەرتاشێک هەمووی بژاردوە و بەدەنک لێی هەڵپاچیوە. دوو چاوی ڕەشی بچووک. بچووک بەڵام قووڵ. وەها قووڵ کە وابزانی هەموو بوون، بە هەموو کاکێشان و ئەستێرە و نائەستێرەکانیەوە دەتوانێ لە چاوێکی دا جێی بێتەوە و هێشتا جێ بۆ بوونێکیتریش هەر هەیە!
دوو گوێچکەی پان و بڕێک گەورە، دوو گوێی زیت و وریا. کە سەیری گوێچکەکانیم دەکرد هەستم دەکرد ئەو گوێچکانە هێندە زیتن، هێند لە سەر هەستن کە هیچ چرپەیەک، سرتەیەک، جریوەی باڵندەیەک لە دوور و سریوەی سیسرکێک لەو بەری شەقام لە شەوێکی قەرەباڵغ دا لێی ون نابێت.
پیرەپیاو پێش سەروکەلە و چاو و گوێی دەستی بوو کە بەرچاو دەکەوت. دەستی چەپی هەر لە شانەوە تا مەچەکی ناسروشتی دەنواند. دەتگووت ئەو باسکە ڕەق بووە و بۆتە بەرد یان خۆ دارە و لە شانی بزمارڕێز کراوە. یان نا دەتگووت ئەو باسکە لە شانەوە تا مەچەک خۆی بۆخۆی بڕیار دەدا و گوێ ڕایەڵی مێشک نییە و ئەوە ئێستا هەست بە ماندوویی دەکات و خۆی شل کردووە و هەموو کێشی خۆی داوەتە سەر شان.
دەستەکانی پیرەپیاو ئاشنا بوون بۆم، من لەو دەستانەم زۆر دیوە. پەنجە و قامک گەلێک کە ڕازێکیان هەیە و ئەو ڕازەش لە هەموان شاراوە نییە. ڕازێک کە ڕەنگە هەموان نەیزانن، بەڵام کە کەسێک زانی ئیتر خیبرە دەبێت و هەر بە چاو لێکردنێکی سەرسەری و لە نێوان هەزاران دەست دا دەتوانێ ئەو دەستانەی ڕۆژانێک چەکیان پێ بوە بناسێتەوە.
چەک کەرەستەیە، بەڵام جیایە لە هەموو کەرەستەکانی تر کە بەشەر چێی کردوە. ئەو کەرەستەیە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە ویژدانەوە. چەک هەم هەڕەشەی کوشتن دەکات و هەمیش سێبەری پارێزراوی بڵاو دەکاتەوە. هەم دەتوانێ ڕووی لە برسی بێت و پشتی بە تێرەوە ببەستێ و هەمیش دەتوانێ سیلە لە تێر بگرێ و مزگێنی بداتە برسی. چەک لە ڕاستی دا تەنیا بۆ کوشتن نییە، ئەو پێوەرە. پێوەری ویژدانە و بێ نێوەنجی دەری دەخات کەسەکان لە کوێ دەوەستن. چەک کە جارێک پەنجەی ناسی، خۆی دەخاتە ژێر پێستەوە، لە بن پێست دەمێنێتەوە، دەچێتە ناو ئێسکەوە، دەست دەگۆڕێ و جیای دەکاتەوە لە هەموو شێوەکانی تری دەست.
ئەو دەستانەی کاریان کردوە هیچیان لەوی تر ناچن، تەنیا لە زبری و خاران وەک یەکن. پێمەڕە و کەمچە و شەنە و داس و چەکوچ دەست دەگۆڕن، بەڵام ئەو گۆڕانە تەنیا لە پێست دا دەمێنێتەوە، پێست دەخارێ و دەست ڕەق دەبێ و جێی هەزار بلۆقی پێوە دەمێنێ. بەڵام هەر بۆ ماوەی یەک ساڵ ئەگەر کار نەبێت ئەوە دەست توێخ داوێ و پاشان نەرم دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە سەردەمێک کە گەنج بوە!
بەڵام چەک وەها نییە، ئەو کەرەستەیەکە کە مۆرکی ئەبەدی خۆی لە دەست دەدات و دەستگەلێک کە چەکیان پێ بوە دەکاتە دوو دەستە. دوو دەست هەن! دەستێک کە چەکی بۆ ویژدان هەڵگرتوە و دەستێک کە بە چەک یەکەم جار ویژدانی خاوەنی خۆی کوشتوە!
ناسینەوەی ئەو دەستانەی چەکیان پێ بوە بۆ من هاسانە، هاسانتر لە ناسینەوەی ڕێی ماڵەکەم. بەڵام ناسینەوەی جیاوازی دەستە چەکدارەکان هاسان نییە. سەرەتا دەبێ کەسەکان بناسرێن جا پاشان حوکم بدرێ کامە دەست بە کام هۆ چەکی پێ بوە.
پیرەپیاو دەستەکانی لەو دەستانە بوون کە چەک مۆری کردبوون. ئەو دەستانەی کە ڕەنگە هەزار توانایی تریان هەبێت. پەیکەرتاش بن، نەقاش بن، خەیات بن، سەرتاش بن، بەننا و نەجاڕ و دروێنەوان بن بەڵام هەموو تواناکانیان چۆتە ژێر سایەی چەکەوە. ئەوە چەکە کە گرینگترین کەرەستەیان بوە. گرینگ نییە ئەو دەستانە چەند هونەریان هەیە، گرینگ ئەوەیە ئەو دەستانە رۆژانێک کاریان بە مەرگ و ژیان بوە. هەندێک ژیانیان پاراستوە و هەندێکیان سەقەت کردوە.
پیرەپیاو کە دەدوا، وشەکانی تەنیا دەنگ نەبوون، وشەگەلێکی بۆندار بوون. ئەو دەیزانی چۆن وشەکان دەربڕێ کە هاوکات بۆنیشیان بێتە بەر کەپۆ. کە باسی تارانی دەکرد، هاوکات بۆنی دووکەڵی ماشێن و ئارەقەی لەشی ئەوانەی لەوێندەرێ کار دەکەن و بۆگەنی ئەوانەی مزڵ و مەکانیان نییە و تەنانەت بۆنی عەتر و عەمبەری ژنان و پیاوانی دەوڵەمەندیش کە لە چرکەدا بە پاڵی دا تێپەریبوون دەهات.
پیرەپیاو دەیان شار چووبوو. تەنانەت دەیان گوندیشی بەسەرکردبوەوە. هەندێک بەشەر هەن کە گیرۆدەی نەخۆشیەکی زگماکن. نەخۆشی دیتن و لەبیرمانەوەی هەموو شتە بچووکەکان. نەخۆشیەکە وادەکات کە چاو چیتر نەتوانێ بە سەر گشت دا باز دات و شتەکان سەرسەری ببینێت و لەبیریان کات. کەسانی ئاسایی کە بە کۆڵانێک دا تێدەپەڕن ئەوە تەنیا کۆڵانێک و چەند دەرگا و هەندێک ڕێبوار دەبینن کە پاش دووخولەک هەموویان لە بیر دەچێتەوە. بەڵام تووش بوانی ئەو نەخۆشیە کۆڵانەکە ئاوا دەبینن کە ئێرە ١٢ ماڵی لێیە، سێیان دووقاتن، ئەوانیتر یەک قات، پێنجیان حەساریان هەیە و ١٩ پەنجەرە بەسەر ئەو کۆڵانەوەیە و سێ دەرگا ماشێنڕەوە و دوو ماڵ بە خشتی سوور هەڵچنراون و بە دیواری یەکیانەوە هەندێک وشە نووسراون و پاکەوە کراون و شتی تر نووسراوە و دەرگای ماڵێک ڕەشە و سێ منداڵ خەریکی تۆپێنن و ڕێبوارێک تێدەپەڕێ و ئەو کەسەی ڕەنگە لە شوێنێک دیبێت، سمێڵی پان و سوورە و کراسەکەی لۆچە و خەواڵوە و هەزار شتیتر تەنیا لە کۆڵانێکی ئاساییدا دەدۆزێتەوە و هەمووی دەقاودەق لە زاکیرەی دا خزن دەکات.
پیرەپیاو ئەو نەخۆشیەی لە ئاستێکی مەترسیدار گرتبوو. ئەو دەیزانی چۆن لە ڕۆژهەڵاتی تارانەوە تا دوایین ماڵی ڕۆژاوای تاران بە پێ بڕوا و یەک شەقامیش چیە تێنەپەڕێنێ. تەنیا بە کۆڵان دا. کە دەدوا من بیرم لەوە دەکردەوە بڵێی ئەو پیاوە هەموو ئەو ڕێیە، هەر لە تارانەوە تا ئوروپا، بە پێ و کۆڵانەوکۆڵان نەهاتبێت؟ کێ دەڵێ نەیتوانیوە سنوورەکانیش هەر لەو کۆڵانانەوە ببەزێنێ.
هەم دووچاری ئەو نەخۆشیە بیت و هەمیش گەڕیدە بیت و هەمیش وشەکانت بۆنیان هەبێ، هەمووی پێکەوە دەتکاتە کانگایەک لە داستان. کانگایەک لە گێڕانەوە و حەقایەت. پیرەپیاو سینگی هەڵمسابوو لە هەزار داستان، داستانی ئەو ڕۆژانەی لە تاران بوە و هەموو تاران لێی وەدەر کەوتوە تا ڕاوی کات. ئەو ڕۆژانەی لە تاران ڕاو نراوە و هەر بە کۆڵانەکان دا تا کوردستان هاتوە و لە باخچە گیرساوەتەوە. باخچە گوندێکی چەپەکی بۆکان. تەرەغەی لێ دیارە، من نەچووم، بەڵام کام گوندی موکریان هەیە تەرەغەی لێوە دیارە. تەرەغە هیچکات لە موکریان ون نابێت، تەنانەت من لە ئوروپاشەوە تەرەغەم هەر لێ دیارە.
پیرەپیاو کە باسی باخچەی دەکرد ئەوە تەنیا وشە نەبوو، بۆنی ڕیحانەی کێوی، شیاکە، دووکەڵی گازۆڵی تراکتۆر دەهات و گابەردەکانی شانی تەرەغەش خۆیان ڕادەکێشایە دەرێ تا لە بەندی وشە ڕزگاریان بێت. هەزار ناو و هەزار دەم و چاو و هەزار ڕووداوی گێڕایەوە. کە نازانم چریکەکان کە هاتن چیان کرد، چۆن بوون، بۆ هاتن، پێوەندیان بە دێموکڕات و کۆمەڵەوە چی بوو.
پیرەپیاو زۆر گوماناوی دەستی کردبوو بە گێڕانەوەی سەدان ڕووداو کە من زۆرینەیانم هەر لە پیرەپیاوەکانیتر بیستبوو. داستانگەلێک کە نەشاردراونەتەوە، ئەو داستانانە وەک ڕەوەک لە هەموو مێژووی هاوچەرخی ئێمە هاڵاون و کەسیش ناتوانێ هەموویان لێککاتەوە و بیکاتە چەشنێک لە گێڕانەوە کە سەر و بنی دیار بێت.
گومان لەوەدا نەبوو کە پیرەپیاو خەریکی درۆ یان خۆهەڵکێشان بەرامبەر بە گەنجێک نییە و مێژوو بۆ خۆی ناتاشێ. نا نا هەموو ئەوەی دەیگووت ڕاست بوو و شتەکانی لە گۆشە نیگای خۆیەوە دەگێڕایەوە. گومان لەوەوە بۆم ساز بوو کە پیرەپیاو بۆچی خۆی بە بەرپرس دەزانێ کە هەموو ئەو مێژوە و تەنانەت داستانگەلێک کە هیچ گرینگیەکی مێژوویی نییە بگێڕێتەوە. مەگەر ئەوە نییە تۆ هەزار حەقایەت دەگێڕیەوە تا سەرەکیترین حەقایەت بشاریتەوە؟ مەگەر وا نییە تۆ ناوی دەیان و بگرە سەدان کەس دێنی و بە وردی لە شکڵ و شەمایلیانەوە بگرە تا هەست و کرداریان باس دەکەی تا سەرەکیترین کەس نەدرکێنی؟
پیرەپیاو هەموو ئەو داستانانەی باس دەکرد تا داستانی خۆی نەڵێ و هەموو ئەو ناوانەی دەگووتەوە تا ناوێک کە تا ئەوڕۆ لە گوێی دا دەزرینگێتەوە نەدرکێنێ.
گیرەم تۆ باشترین داستانبێژ، گیرەم هەموو دەور و پشتت وەک مێو و ڕۆن لە دەس دایە و حیسابی هەموو شتێکت کردوە بەڵام هەموو کات شتێک بەدەر لە سوڵتەی تۆ، لە دەرەوەی سێبەری سوڵتانی تۆ ڕوودەدا و ناچارت دەکات هەموو شتەکان بگۆڕی، ناچارت دەکات بیدرکێنی. ئەشکەنجە نییە، ئیجبار نییە، بەڵام هەموو شتەکان وا دەڕۆنە پێش کە ناچار دەبی چاو لە چاوی ئەوانی تر بکەیت و ڕازەکەت بڵێی. مۆرەکەی بکەیتەوە و نیشانی هەموانی دەی.
ئەو شەوەش وا بوو. پیرەپیاو سێبەری بە سەرمان کشابوو و وادیار بوو کە ئەوە هەموو شتێک لە ژێر فەرمانی ئەوە. ئەو بێژەر و ئێمە بیسەر. ئەو تەنیا دەم و وشە و ئێمەش تەنیا گوێچکە و بیستن. بەڵام کوا وادەمێنێ؟ لە شوێنێک تۆ دەتوانی هەر بێژەر بیت کە کەس ڕابردووت نەزانێ، نەزانێ لە کوێ بووی، لە گەڵ کێ پەیوەندی دڵداریت بوە و لە کام شار کامە ماڵت بوە. ئەگەر تەنیا کەسێک و ئەویش لە زاری خەڵکیترەوە داستانێکی تۆی بیستبێت ئەوە دەبێت لە سەر هەست بیت نەکات داستانێک بگێریتەوە کە یەکێک بخەڵەتێنی و وا بزانێ دەتوانێ لێرە باسی ڕازەکەشت بکات. ڕاز خۆی لە خۆی دا هیچ نییە، ترسێکی بێ هۆیە بەڵام لە ڕاستی دا ئەوە خۆمانین گەورەی دەکەینەوە و وادەزانین ئەگەر کەسانیتر پێی بزانن ئەوە لێمان دەقەومێ یان داخوا ئەوە ناحەزان زەفەرمان پێ دەبەن.
پیرەپیاو خەریکی گێڕانەوە بوو کە پاش شکستی شۆڕش ئەوە ئەو کراوەتە بەرپرسی چریکەکان لە کوردستانات و لە دێی باخچە بوە و کە شکست وەک ڕنوو هەرەسی هێناوە و کەسی نەپارازتوە ئەوە ئەو چۆتە دەڕەی ئەحزاب. هەمان دۆڵ کە هەرچی حیزبی جیهانە ڕۆژێک ڕێی دەکەوێتێ، دۆڵێک کە تەنیا جێگای حیزبە، دەبێ حیزب بیت و جا بچییە ئەوێ.
لەوێش ناچار بە ڕۆیشتن بوە و کە ڕۆیوە چۆتە سولەیمانی و خۆی وەک داشەهارە تاق و تەنیا نوێنەری کەمینەی حیزبێک بوە. حیزبێک کە خۆی بوو بە کەمینە و زۆرینە و کەمینەکەی لە شەڕی شەقام و پاشان لە زیندانەکان هاڕدرا و تەنیا ئەو پیرەپیاوە مابوەوە کە ئەو ناوە هەڵگرێ.
میوانێک وشە لە زاری هەڵخلیسکا. هەرچی بە ددان گەستی تازە کار لە کار ترازابوو. زمان ئەوەندە لووسە کە شتی وای لەسەر هەڵخلیسکێ و نەگیرێتەوە. میوانەکە چی واشی نەوت، هەر ئەوەندە کە ئەی ڕەفیق مریەم چی؟
پیرەپیاو تەنگی پێ هەڵچندرابوو. نەیدەزانی چی بکات. بەو چاوە ڕەشە بچووکانە سەیری هەموومانی دەکرد و من وام دەزانی هومێدی هەیە دەخەومان کات یان خۆ لە قوڵایی چاوەکانی دا بمانخنکێنێ و ناچار نەبێت ڕازەکەی بدرکێنێ. بەڵام نە خنکاین و نە لە خەو کراین. هەموو چاوەڕوان بووین کە ئەو ناوە بناسرێت، ڕەفیق مریەم چی؟ ڕەفیق مریەم کێیە؟ مریەم کێ بوە کە پیرەپیاو خۆی بواردوە لە ناوەکەی؟ خۆ ئەو ناوی دەیان نەناس و ناسیاوی هێنا، ئەی ڕەفیق مریەم کێیە کە نەک لەبیرچوونەوە بەڵکوو نەویستن پێشی بە ناساندنی گرت.
گیرەم تۆ بیژەری چاک. گیرەم تۆ باشترین حەقایەتەکانت زانی و گێڕاتنەوە، کە ڕازت هەبوو هەموان خۆیان بە بەشێک لە ڕازەکەت دەزانن و پێیان وایە دەتوانن بڕێکی بگێڕنەوە. دەبێتە موسابەقە، موسابەقەی گێڕانەوە. کێ زیاتری لە بیرە؟ کێ باشتری لە بیرە؟ کێ ناهێڵێ شتێک ون بێت؟ دەبێتە هەنگامەیەک کە هەر کەسە و بەشێک لە گشتێک دەگێڕێتەوە.
پیرەپیاو لە سەرەخۆ نەمابوو. ئیتر ئەو دەم و چاوە بێ هەست و پڕ لە ئارامییە نەبوو. سەری بەنەکە لە دەستی بەرببوو و پیرەپیاو خۆی ناچار دەدی دەس بکات بە درکاندنی ڕازەکەی.
“کوشتار کە کرا، ئەو هاوینە گەرمتر لە هەموو هاوینێک بوو. بە تین، دەتگووت کوورەیە! هێلکە لە سەر شەقام دەکۆڵی. من و مریەم مابوینەوە. ئێمە و ناوێک. اقلیت! ئێمە و عەشقێک کە شۆڕش و شکست مەجالی نەدا بپشکوێی. مریەم، خۆی و دوو چاوی هەمیشە خەواڵوو، خۆی و قژێکی فڕ کە نەدەبەسترا، کورتی دەکردەوە. خۆی و لووتێکی ئێسکن و بێگۆشت. خۆی و دوو لێو و ڕیزێک ددانی درشت و ناڕێک کە ببوونە هۆی ئەوەی مریەم هیچ کات بە دڵ پێنەکەنێت. خۆی و جەستەیەکی نەرم و نیان و دوو باسکی گۆشتن کە ساڵانی پێشمەرگایەتی و هەڵگرتنی چەک هەر لە قەوارەی نەخستبوون. مرەیم و ناوچاوانێکی پانی کێشراوە بە سەرێدا.
من و مریەم و هەموو ئەو ڕۆژانەی دەمانتوانی چێژ لە یەک و لە ژیان وەرگرین و نەمانتوانیبوو مابووینەوە. دەزانن چۆنە؟ شکست سەرەتا بە چەکمە و چەک و تانکەوە دێت، خۆی بە سێدارە و شەلاق و تۆقانەوە قایم دەکات، بەڵام دواین جەلادی شکست، شکە! ئەوە دێت و دەچێتە ناو گوێچکەتەوە و وەک خورە دەکەوێتە گیانی باوەڕەکانت. ئەگەر وریا نەبیت، شک سەردەکەوێ. بێ بڕوا دەبی و پاشان هیچ نامێنێ بۆ پارازتن. شکست بە شەلاق دێت، بە شک تەواو دەبێت.
ئێمە شکستمان خواردبوو، هەموو شتێک تەواو ببو، تەنانەت شەڕیش تەواو بوو. زیندانەکانیش بە کوشتار چۆڵ کران. کەس نەمابوو. ئەوەی ئێمە پێمان دەوت چینی کرێکار، بێ خەبەر لە ئێمە هەموو بەیانییەک دەچوەوە کار و پاشان دەهاتەوە ماڵ. ئەوەی ئێمە پێمان دەوت سازمان، ببوە ئاردی ناو دڕو و کرابوو بە دووکانی کاسبی چەند کەسێکی پارەپەرەست و ناوزڕاو. من مابوومەوە و مریەم و چەند کەسێکی تر کە ئەوانیش پەیوەندیان بە ئێمەوە نەمابوو. هەستی ئەو ڕۆژانەمان ئەوە بوو کە ئیتر ئەوە جیهان تەواو بووە. ئێمە تەنیا مابووینەوە، تەنیاتر لەو کەسەی لە ژووری تاکەکەسی دا دەژی.
چار نەبوو، دەبوو بەراوردێک لە هەل و مەرج بکەین. ئێمە چین و چیمان لە دەست دێت. بەراورد ئەوە بوو کە ئێمە ژن و مێردێکی تەنیای شکست خواردووین. تەنانەت شکیش لێمان نزیک ببوەوە.
داری بریا بۆ کەس شین نەبوە و نابێت. بریا ئێمەش هیچکات ئەوەمان نەکردبایەت. بەڵام بە بریا هیچ ناکرێ. پاش دەیان ڕۆژ هەر قسەکردن و بیرکردنەوە و پەشیمان بوونەوە و ساخ بوونەوە و هەزار ڕاڕایی، سەرەنجام بەوە گەیشتین کە شکست نابێ بگاتە کۆتایی، نابێ شک بە سەرمان دا زاڵ بێت. ئێمە لە جەلاد ڕزگارمان بوو، بەڵام لە شک ڕزگارمان نابێت. دژوار بوو ئەو بڕیارە، ئێمە ئاشقی یەک بووین، تاقەتی بیستنی ئاخێکمان لە یەکدی نەبوو. ئاشق بووین، ئاشقی یەکدی و لە پێش دا ئاشقی شتێک لە دەرەوەی خۆمان! ئێمە ئاشقی ئەو شتە بووین کە بە یەکی ناساندین! ئەوەی کە دەمانهەویست بە یەکەوە خەڵکانێک ڕزگار بکەین و خۆشمان لە سایەی سەعادەتی هەموانەوە بە ئاسوودەیی بژین.
نەکرا!”
پیرەپیاو وەستای نەقاڵی بوو. ئەو دەیزانی چۆن حەقایەتێکی دوو ڕستەیی بکاتە دەیان ڕستە و وشە بکاتە داس و دروێنەی کاتی پێ بکات. کەسانێک هەن درێژە دادڕن، وەڕەزت دەکەن بە زۆربڵەیی و دادەهێزرێی ئەوەندەت نەقڵی بێ مانا بۆ دەگێڕنەوە و تەواوی ناکەن. پیرەپیاو وانەبوو، ئەو ساحێر بوو. حەقایەتەکانی وا دەست پێ دەکرد کە لە بیرت دەچوەوە تۆ لە سەرەتا دەتهەویست چی ببیستی. سێحری دەکردی و کاتی لە چنگ دەردەهێنایی و سوڕی سەعاتت لە بیر دەچوەوە. ئەوە دوایین تەقەلای پیرەپیاو بوو بۆ ڕزگار بوون. ئەوەی کە ئێمە ماندوو کات.
ناوێک وترابوو و ئەو ناوە شەوی شکاندبوو. ناوێک کە ڕێگای لە خەو گرتبوو. بەڵام کوا ناو ڕێگای زەمانی بۆ دەگیرێ. پیرە پیاو ئەوەی باش دەزانی. هێندەی حەقایەت گێرایەوە تا شەو کەوت بە شانی بەیانی دا. خۆی نەجات دابوو.
باوێشکێکی دا و پیری کردە بەهانە و خەوخۆشی بۆ بە ئاوات خواستین و ڕۆیی بخەوێت.
ڕەنگە ئاواتی خواستبێت یەکێکمان پرسیارێک بکات یان خۆ شتێک بڵێت و هەموو ئەو نەقڵانە فەرامۆش کرێن و باسێکی تازە و پاشان هەرکەسە و بڕواتەوە ماڵی خۆی. بەڵام وا نەبوو، ئێمە مابووینەوە لە بێدەنگی و پرسیارەکانمان دا. کەس نەبوو وشە بکاتە خڕکە بەردێک و شوشەی بێدەنگی بشکێنێ جگە لەوانەی ڕازەکەیان دەزانی!
پیرەپیاو ڕویبوو ڕاکشێ. هەموو دڵنیا بووین نەخەوتوە. کێ هەیە لەو کاتەدا خەو بە سەری دا زاڵ بێت؟ کێ هەیە خەوی بێت ئەو دەمەی نەوتراوەکەی درزی داوە و ئاشکرا بوە؟
ئێمە بە سرتە دەدواین. هەموو ببوونە گوێ، زارێکیش سرتەی دەکرد. لەو سرتانەی وا ژن و پیاو لە سەر جێگا دەیکەن. لەو سرتانەی کە بێژەرەکە لە بیستران ناترسێ، لەوە ناترسێ کەسێک بڵێ ئەوە چیت وت. نا نا لەو سرتانەی بێژەرەکە لە گوتنیان دەترسێ. هەندێک شت هەن کە لە تەنیاییش دا هەر بە سرتە دەوترێن. ترسێک هەیە لەوەی دەنگی خۆت لە کاتی وتنی ئەو وشانە دا ببیستی. سرتەیەکی ئاوا بوو.
“ئەوانە چەند ڕۆژێک باسیان کردوە، لە سولەیمانی. هەل و مەرجیان هەڵسەنگاندوە. زانیویانە کەس نەماوە. زانیویانە هیچ نەماوە. شکستیان دیوە کە چۆن لە سەر تەختی سوڵتانی نیشتوە و بزەی دێت. دیویانە چۆن شەیتان دەستی هێناوە و گەرووی اناالحقی گوشیوە. بڕیاریان داوە خۆیان بکووژن. گوللە عەشق ناناسێ، گوللە بۆوەیە عەشق بڕەوێنێتەوە. عەشق نەخۆشییە و دەرمانەکەشی گوللە!
گوللە لە جەستەی پیرەپیاو خۆی ترازاندوە، دڵی نەپێکاوە، بڕێک خزیوە، چەند ڕەگێکی دڕیوە، بەڵام دڵ نا! دەر و جیران بە دەنگی تەقە شڵەژاون، دەرکایان شکاندوە، هاتوونە ژوورێ، هەڵیان گرتوونەتەوە. پیرەپیاو زیندوو ماوە”
حەقایەت کە تەواو دەبێت ئەوە خەوە کە دێتە مەیدان. هەموو ڕۆیشتن. من مامەوە. کێ تاقەتی هەیە بەو سەرمای زستانە وەدەر کەوێ و ئەو سەر و ئەو سەری شار بکات؟
خەو لە سەرما دا خۆشە، بەڵام وا نا کە ڕاستەوخۆ با لە سەرت دا. سڕت کات و تۆش هەر خۆت وێک بێنی و خۆت لە پەتوو توند کەیی و چاری نەیە! دەتگووت پەنجەرە کراوەتەوە و با بە ڕەهایی خۆی دەکا بە ژوورێ دا.
بەیانی چوار بە چوار لە پشت میزی نان و چا، پیرە پیاو چاو وەک گۆمی خوێن گووتی هەموو ڕۆژێکی ئەو سی ساڵە هەر لە حەسەرەتی نەمردنی ئەو ڕۆژە دام!
_کاکە چاییەکت بۆ تێکەم؟