تەگبیرمان کردبوو قۆڵ هەڵماڵین و حەول بدەین سەرپەنایەک بۆ خۆمان ساز کەین. زمان شوێنی ژیانە! ئێمە لە زماندا دەژین و نووسینیش ئاوەدان کردنەوەی ئەو ماڵەیە.
کەس هێندە لەخۆبایی نەبوو پێی وابێت ئەوە خەریکین بەردی دیواری قەڵایەک دادەنێین، نا نا ئێمە دەمانهەویست ئەو چیلکە و چاڵەی پێش هاتنمان کۆوەوەمان کردبوو بکەینە کەپرێک. کەپرێکی بچووک تا لە غوربەت ڕاکەین و لە ژێریدا وەحەسێین!
نەکرا. نەکرانەکەشی نەک لە نەویستن، لە نەتوانینەوە بوو. غوربەت جوابی هەموو نەتوانینەکانی لایە! لە غوربەت هەناسەدان ئەستەمە، دیتن و دیتران ئەستەمە. لە غوربەت خۆشویستن و تەنانەت ڕق لێبوونیش هەر ئەستەمە. غوربەت گرانبەهاترین داراییت لێ زەوت دەکات! زمان.
کە زمان نەما، ڕابردوو تەم دەیگرێ و حەقایەتەکان وردە وردە بیر دەچنەوە و بەرە بەرە ئەوەی ژیان لە مێشک و بیرەوەری دا ئاخنیویە لە کیس دەچێ و کە لە کیس چوو ڕووتی دێت. ئینسانی ڕووت! ئینسانی بێ حەقایەت.
کاری هاوبەش بۆ ئۆنۆماتۆ سەری نەگرت، کەوایە تا کاتێک کە ئۆنۆماتۆ ببێتە کاری هاوبەش، من لێرە بە تەنیا دەنووسم.
هەموان سێحەبی حەقایەت و گێڕانەوەی خۆیانن، کەوابوو هەرکەسێک دەیهەوێ شتێک بگێڕێتەوە دەتوانێ لێرە کەڵک وەربگرێت.