ون بوو

مارس 7, 2021

ئەوە دوو مانگە ئەو وێنە دەم بەزەیەم بە دەستەوە هەموو شەقامی ئەو شارەم پێواوە و پرسیارم کردووی، لە زۆر ڕێبوار و دووکاندارم سوراغت گرتوە، وێنەکەتم نیشان داون، پرسیار پرسیار بە زمانێکی شکاو و وشەی ناڕەسەن بە دەست و لاق تێم گەیاندوون تۆیان دیوە؟ ئەگەر وێنەکەتیان نەناسیبێت، دەستم کردوە بە جانتاکەم دا و تەلێفونەکەم دەرهێناوە گورانییەکتم بۆ گرتوون، داخۆ دەنگت دەناسن؟

ئەوە دوو مانگە لە دەرگای ماڵان دەدەم، وێنەکەتیان نیشان دەدەم، لێیان دەپرسم تۆ نەچویتە بەر دەرگەیان سەردانی نەخۆشەکانیان بکەی؟ نەچووی پرسیاری سفرە و دژواری ڕۆژانی کاریان لێ بکەی؟

کەس ناتناسێ و هەموو دەڵێن نەماندیوە، بەڵام کەس نەبوو بڵێ شێوەی ناکەم. چەند کەسێک بوون تەنانەت شکیان هەبوو کە دیویانی، دەیانگووت لێرە هەر لەو شەقامە دیومانە کوڕێکی کورتەباڵای سمێڵ زل، پێشە سەری تەسک بوو، دەم بە بزە تێپەڕیوە. هەندێکیش بوون نەیاندەویست تەنانەت وێنەکەشت ببینن، دڵنیام دیتوویانی، مۆڕەیەکت لێ کردوون و ترساندووتن و ئەوانیش سەریان شۆڕ کردوە و هەڵاتوون.

این یک متن است
این یک متن است

ئەوە دوو مانگە وێنەکەتم بە دەستەوە، بە زمانی بێ زمانی سوراغت دەگرم، نا نا درۆ دەکەن، تۆ نەمردووی، چاو بەگریان وێنەکەت نیشانی ئەم و ئەو دەدەم، ناوت دەڵێم. کەس نەیبیستوە، ڕەنگە دیسانەکەش ناوت گۆڕیبێت. دڵنیام هاتووی، تۆ لێرە، شاخت جێ هێشتوە و لە گەڵ شانەیەکی نەهێنێ ڕێگات بڕیوە و هاتوویە ئێرە. دوو مانگە لێم ونی، بەڵام هێندە دوور نی کە هەست بە بوونت نەکەم. جار جارە دەنگت دەبیستم، ئاوڕ دەدەمەوە، لەوێ نیت، سوور لێم ڕوونە لە پەستۆی دەرگایەک دا خۆت لێ شاردوومەتەوە تا نەتبینم و برایەتی دەمی پێ کردوویەتەوە و ناچار بووی ناوم بێنێ و دەنگت ببیستم.

نا نا درۆ دەکەن، من ماندوو نابم لە گەڕان، دڵنیام هاتووی، وێنەکەتم هەر پێیە و ئەو جار شەوان دەچمە خیابانەکانی غوربەت و ئەو داماوانە دەدوێنم کە شەوان لە قەراغ شەقام دەنوون و بۆنی میز و تووتن و تریاک نەبێ لێیان نایە، دەزانم هاتووی و ئەوانەشت دواندوە. دەپرسم، کاکە، دادە، ئەو کەسەتان نەدیوە؟ لێم ون بوە، دەمی هەمیشە بە پێکەنینە، چاوەکانی وەک چرای کاروانچی درەوشاوەیە، ئەو کەسە جگەرە دەکێشێ، نەهاتۆتە لاتان هەواڵی زستان و هاوینتان بپرسێ؟ نووسراوەی نەداونەتێ کە باسی جیهانێکی تر بکات؟ لە گەڵتان قاقای نەکێشاوە؟ بە هومێدەوە نەیگوتوە کە ڕۆژێک دەتانکاتە خاوەنی ماڵ و چێشتی گەرم؟ چاو بە گریان لێیان دەپرسم کە داخۆ تۆیان دیوە هاتبی و لە گەڵیان شەوێک گۆرانیت بۆ وتبێتن؟ ناتناسن! درۆ دەکەن. دەزانم درۆ دەکەن، دەتناسن و دیویانی.

ئەوە دوو مانگە لێت دەگەڕێم، دەڵێن مردووی، دەزانم درۆ دەکەن، تۆیان ناردوە ئەرکێک ڕاپەڕێنێ، ناردوویانی شانەیەکی نووستو دیسانەوە لە خەو هەستێنی، دەزانم هاتووی، نەمردووی، درۆ دەکەن. نە ئەو رۆژە تاو هەڵاتوە و نە تۆ سواری ئەو ماشێنە بووی و نە ئەو فڕۆکەوانە ئەو ڕۆژە لە خەو هەستاوە تا سواری تەیارەکەی بێت و هەڵفڕێ تا تۆ بپێکێ. دەزانم درۆ دەکەن، دۆست و دوژمن، هەم هەواڵانت درۆ دەکەن و هەم دوژمنانت. هەڤاڵانت دەتشارنەوە، نایانهەوێ ئاشکرا بیت، ناردوویانی بۆ ئێرە، بۆ کارێک، بۆ سارد کردنەوەی جەستەی چەوسێنەرێک، یان خۆ دیتنی کەسێک. دوژمنیش درۆ دەکات، دەڵێ کوشتوومە، بەڵام درۆ دەکەن، خۆشیان بە دوات دا دەگەڕێن، پڕۆپەگاند دەکەن، دەیانهەوێ ترس بخەنە دڵی ئەو کەسانەی چاوەڕێتن. تۆ نەمردووی، سوور دەزانم ئێستا لە قاوەخانەیەکی ئەو شارە خەریکی قسە کردن بۆ چەند گەنجی، ڕەنگە تا ئێوارە بناغەی شانەیەک دانێی. ڕەنگە ئێستا بە دووی پۆلیسێکەوەی، تا ئێوارە لە هەواڵەکان بنووسرێ کوشتوویانە.

دوو مانگە لێت دەگەڕێم، شەقامی ئەو غوربەتە نەماوە نەیپێوم، نانەوەخانە نەماوە نەچم و وێنەکەت نیشان نەدەم و نەپرسم ئایا بەیانییەک نانیان پێ فرۆشتووی؟

هەر دەگەڕێم، ماندوو نابم، گوێ هەڵدەخەم داخۆ سیخوڕەکانی شار دیتوویانی؟ دوایان دەکەوم، تێکەڵیان دەبم، تا بزانم کەس دەتناسێ؟ نەکا گیرابێتی؟ دەچمە پۆلیس، بە ترسەوە وێنەکەت نیشان دەدەم. لێرە نییە؟ کەس نەیدیوی. درۆ دەکەن، کێ چووزانێ ئێستا لە تاکەکەسی نیت و لێیان نەداوی؟ کێ چوزانێ لە دادگا حوکمیان نەداوی؟

درۆ دەکەن، من ئەوە دوو مانگە بۆت دەگەڕێم، دۆزیمەوە، فرۆکەوانەکەم دۆزیوەتەوە، نیشانم دا، ئەو ڕۆژەی سارۆخەکەی بەردا خوارێ تۆی دیوە؟ دەڵێ نا نەمدی، بەڵام ئەو بەردە دەناسم کە لە وێنەکەت دا لە سەری هەڵترووشکاوی. دەڵێ ئەو بەردەمان دوومانگ پێش ئێستا کوشتوە، دارەکەی پشت سەرت دەناسێ، دەڵێ ئەو دارەمان پێرێ گڕ داوە. بەڵام تۆی نەدیوە. تەنانەت وێنەی ڕووبارێکیشی پێیە کە لە قسان دوێکە ژاندارم چوونە سەری و گەروویان بڕیوە و وشکیان کردوە. هەمان ڕووبار کە تۆ و کەڵەشینکۆفەکەت لە نێوی دا ڕاوەستاون.

کەس نازانێ تۆ لە کوێی، نە تۆ و نە تفەنگەکەت دیار نەماون. نا نا شێت نەبووم، تۆ نەمردووی. هەر دەگەڕێم و دەتدۆزمەوە، چووبیەتە ئەو پەڕی دنیاش دێم بە شوێنتا، ڕەنگە ئێستا لە چیاپاس بیت، لای مارکوس، یان نا لە بۆلیوی، لای فارک. نەچوویەتە فەلەستین؟ لەوێ نەگیراوی؟ لە کوێی. من هەر دەگەڕێم، ئەو غوربەتە سەنگ و شووژن دەدەم و دەتدۆزمەوە. قەول بێت کە دۆزیمیەوە یەکەم کەس تەلێفون بۆ ئەوین بکەم، بڵیم بەسە مەگری، دۆزیمەوە، نەمردووە، لێرە لە غوربەتە! لە زیندانە، لە شاخە، لە ماڵە شاراوەکانی گەریلای شارە.

ئەوە دوو مانگە هەر وا سەرشێت و جڵ دڕاو و دژوێن بەدووتا وێڵم، هەر دەتدۆزمەوە. دەزانم نەمردووی. لێرەی!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *